2017-05-16

بەمەبەستی گەشەپێدان و بوژانەوەی زانکۆی ھەڵەبجە، لەسەر داوای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە (١١) ملیار دیناری بۆ زانکۆی ھەڵەبجە تەرخان کرد.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: دوا بەدوای نوسراوی وەزارەتەکەمان بە ژمارە (١٢١٣٤) لە ڕێکەوتی (١٤-٨-٢٠١٦)، کە بە ئیمزای د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەرز کرایەوە، نوسراوەکە تایبەت بو بە دابینکردنی بودجە بۆ چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە زانکۆی ھەڵەبجە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکرایکرد: لە ڕێکەوتی (٧/٥/٢٠١٧)سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە (١٩٦٧) ڕەزامەندی نیشاندا بە خەرجکردنی بڕی (١١,٣٠٠,٠٠٠,٠٠٠) یانزە ملیار و سێ سەد ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردن و تەواوکردنی دو پڕۆژەی ستراتیژی بۆ زانکۆی ھەڵەبجە.
عەباس ئەکرەم ڕونیکردەوە، پڕۆژەکان بریتین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بینای سەرۆکایەتی زانکۆی ھەڵەبجە، کە بڕی (٦,٣٠٠,٠٠٠,٠٠٠) شەش ملیار و سێ سەد ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، ھەروەھا پڕۆژەی بینای (بەشی ناوخۆیی ٢) قۆناغی سێییەم، بۆ ئەوەش بڕی (٥٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) پێنج ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. وتیشی نوسراوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران گەیشتۆتە وەزارەتەکەمان، دوای ئەنجامدانی ڕێککاری پێوست دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەمیانی سەردانێکی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ زانکۆی ھەڵەبجە بڕیاری چارەسەری بەشێک لە کێشە کارگێڕی و داراییە پێویستەکانی زانکۆکە درا، ھەروەک تەرخانکردنی بودجە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی زانکۆی ھەڵەبجە ھۆکارێکی باش دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە کێشەو گرفتەکانی ئەم زانکۆییە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌