2017-05-07

خەبات: رانیار دڵشاد

خەریكە شەڕی دژی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، هەموو لایەكیش چاوی بڕیوەتە قۆناغی دوای داعش، كوردیش كە توانی ئەفسانەی داعش تێكبشكێنێ، دەیەوێ قۆناغی دوای داعش قۆناغێكی دیكە بێت، لەگەڵ نزیك بوونەوە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، تا دێت ریفڕاندۆم زیاتر دەبێتە بابەتی رۆژ، بەڵام هێشتا مشتومڕێكی زۆر لەسەر ئەو مافەی خەڵك لەلایەن حزبەكانەوە دەكرێت، بەغدا و دەوڵەتانی ئیقلیمی و هەندێ لە حزبەكانی كوردستان، پێیانوایە كاتی ریفڕاندۆم نییە، بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێك لەبارەی ناوچەكە و ریفڕاندۆم، بە پێویستمانزانی نووسەر و كەسایەتی نیشتمانی بەڕێز (سەربەست بامەڕنی) بدوێنین، كە ئەزموونێكی زۆری سیاسی ونووسینی هەیە و لە ناو رووداوەكانی كوردستاندا ژیاوە.


* ناوچەكە شەڕو ئاڵۆزییەكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێ، كوردیش وەك هێزێكی سەرزەویی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعشە، دۆخەكە بە ئاراستەیەكە كە هێشتا رووداو و گۆڕانی دیكەی لێبكەوێتەوە، ئێوە دەڵێن چی؟ 

ـ بێگومان ئەم ئاڵوگۆر و گرژییەی ناوچەكەی گرتووتەوە بێ دەرئەنجام نابێت، بەلای منەوە گەلی كورد لە ئەنجامی قارەمانێتی و لەخۆبوردەیی رۆڵەكانی، لە جەنگی رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستی جیهانی، دەتوانێ دەسكەوتی چارەنووسساز وەدەست بێنێ.

* دۆخی دەوڵەتانی ئیقلیمی گۆڕانی بەسەرداهاتووە، بە چەندان كێشەی گەورەوە دەناڵێنن، بەو حاڵەشییانەوە هەوڵی دروستكردنی كۆسپ لە ڕێی پرۆژەی كورد دەدەن، دەركەوتنی رۆڵی كورد لە ناوچەكەدا لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو دەوڵەتانەیە، هێزە نێودەوڵەتییەكانیش لە جێبەجێكردنی ئەجندای خۆیاندا هێندە حیسابیان بۆ ناكەن، ئێوە ئەو دۆخە چۆن دەخوێننەوە؟

ـ پێموایە سوریا وعێراق هیچ رۆڵێكی گرینگیان نەماوە و سنوورەكانی سایكس ـ بیكو هەڵوەشاوەتەوە، وڵاتانی تریش دژ بە كورد و پرۆژەكەن، خۆیان بەدەست كۆمەڵێ قەیران و گیروگرفتی گەورە دەناڵێنن، لەرووی نەبوونی دیموكراسی و نوقم بوونیان لە كێشەی ئابووری  و كاروباری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرامبەر ئەمە كورد پایە و ناوبانگێكی زۆرباش و دیاری دروستكردووە، هێزە نێودەوڵەتیەكانیش ئەو راستیە دەبینن و درك بەوە دەكەن، كەوا كوردستانێكی ئازاد دەبێتە هۆكاری چەسپاندنی ئاشتی و دیموكراسیەت و رێزگرتن لە مافە رەواكانی مرۆڤ.

* قۆناغی دوای داعش چۆن دەخوێننەوە بەتایبەتیش بۆ عێراق و ئاییندەی هەرێمی كوردستان؟

ـ قۆناغی دوای داعش، قۆناغێكی زۆر هەستیارە و سەرەتای گۆڕانكارییە چارەنووسسازەكان دەبێت، سەركردایەتی گەلی كورد نابێ ئەو دەرفەتە مێژووییە بە هیچ جورێك لە دەست بدات، دەبێ بۆ هەر جۆرە رووداو گۆڕانكارییەك ئامادەبن.

 * ئێستا بابەتی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی بۆتە رۆژەڤ و كورد شەرمی لە باسكردنی بە ئاشكرا و راشكاوانەی ئەو مافە شكاوە، بەجۆرێك لەگەڵ بەغدا و ئەو شاندانەی دێنە هەولێر باس دەكرێت، لە ناویاندا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بە سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكانی راگەیاند، رای ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟ 

ـ  بابەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كارێكی پیرۆز و رەوایە، پێویستە لەگەڵ شاندەكانی عێراق باسبكرێت، ئەگەرچی خۆم بڕوام بەوە نییە سوودبەخشبێت، بیروبۆچوونی مەڵبەندەكانی بڕیار نەگۆڕاوە و لە ئاستی قوناغەكەدا نین، ئەگەر لە بنەڕەتدا بیركردنەوەیەكی دوژمنانەیان نەبێت.

دەستپێشخەریەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی و ئاگاداركردنەوەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەوەی لەم ساڵەدا ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت، كارێكی زۆر زۆر گرینگ و ژیرانەیە.

لە رووی یاسایی و پرۆتۆكۆلیشەوە بەڕاستی شایەنی سووپاس و رێزلێنانە، هەنگاوێكی گەورەیە بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی.

* مەسەلەی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا دوو تێڕوانینی لێكەوتۆتەوە، لەبەرامبەر ئەو هەوڵەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاری بۆ دەكات كە هەنگاونانە بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم، دیدێكی دیی لایەنەكان دژی وەستاوەتەوە و پێیوایە كاتی نییە، بەغداش هەر دەڵێ كاتی نییە، ئەی بەڕای بەڕێزتان كورد تا كەی چاوەڕوان بێت، پێتوایە بەغدا بە گفتوگۆش ئەو داوایەی كوردی قبوڵ بێت؟ 

 ـ لە چەند وتارێكمدا لە ماڵپەڕ و پەیجەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمیشە باسی ئەوەم كردووە كەوا دژایەتیكردنی ریفراندۆم  (لە باشترین حاڵەتدا) شاشییەكی گەورەیە و لەدەستدانی دەرفەتێكی مێژووییە، تەنانەت ئەوانەی بە (دڵێكی پاكەوەش) دژایەتی دەكەن و ترسییان لێنیشتووە، بیانەوێ و نەیانەوێ دەكەونە بەرەی دژ بەگەلی كوردستان و مافەرەواكانی، لەم مەسەلەیەدا هیچ هێڵی مامناوەند نییە.

دیارە دوژمنانی گەلی كورد درێخی ناكەن لەبەكارهێنانی هەموو شێوەیەكی دژایەتی كردنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی گەلی كوردستان، ئەوە كاری سەدساڵیانە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لەم بارودۆخەی ئێستا و گۆڕانكارییە گەورەكان دەتوانن سەركەوتووبن؟ پێموایە لەگەڵ ئەو ناوبانگ و رۆڵە گەورەیەی كورد، مەحاڵە لەتاقیكردنە نوێكەی دیموكراسی سەركەوتووبن، تازە رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی نوێ خەریكە دروست دەبێت وهیچ گومانێكم نیە لەوەی گەلی كورد دەسكەوتی گەورە وەدەست دێنێت.

مەسەلەی كاتیش، سەیرە!!! كەی ئازادی وەرگرتن و ئازادبوون كاتی هەیەو تاكەی گەلی كورد چاوەڕێی ئەو كاتە بێت كە هەرگیز دوژمنانی گەلەكەمان دەرفەتی هاتنی نادەن، ئازادی هەموو كاتێك رەوایە.

بە نیسبەت بەغداشەوە، هەر وەكو گووتم گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا شتێكی ئەرێنییەو بەڵگەی دڵپاكی و پیاوەتی كوردە، بەڵام بەش بە حاڵی خۆم هیچ ئومێدێكم پێی نییە، تاقیكردنەوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی سەلماندی كەوا بیروبۆچوونی رەگەزپەرستی وخۆسەپاندن و كۆنەپەرستی هێشتا زۆر زاڵە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌