2017-05-07

  سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مووسڵ دەڵێت، لە لای ڕاستی مووسڵ قیامەت هەڵساوە، چونکە خەڵک بەهۆی برسێتییەوە دەمرن.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، (سەعید مەمووزینی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''داعش لە لای ڕاستی مووسڵ هەڵدێن و ئەمڕۆش بە هۆی هەڵاتنەوە ٨ چەکدار و ئەمیرێکی خۆیان گوللەباران کرد، کە ئەمیرەکەیان خەڵکی سعوودییە بوو.''
(مەموزینی) دەڵێت: ''ئێستا لە لای ڕاستی مووسڵ شەڕ زۆر گەرمە و بەئاسانی ئەو لایەی شارەکە ڕزگار ناکرێت.''
(مەموزینی) باسی گوزەرانی خەڵکی لای ڕاستی مووسڵی کرد و گوتی: ''ژیانی خەڵکی لای ڕاستی مووسڵ لەمەترسییەکی زۆردایە و هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە؛ نە ئاو، نە خۆراک؛ ئەمرۆ سێ منداڵ بە هۆی برسییەتییەوە گیانیان لەدەست دا و، خەڵک لەبرسان دەمرن و بەهۆی برسییەتییەوە لە لای ڕاستی مووسڵ قیامەت هەڵساوە.''
(مەموزینی) ئەوەیشی خستەڕوو: ''ئەو هێزانەی کە لە مووسڵن، ئاڵای مەزهەبی هەڵدەدەن و ئەمەش دەبێتە هۆکاری دواکەوتنی ڕزگارکردنی مووسڵ، تا ئێستا ٢٥%ی مووسڵ ماوە، کە بەتەواوی ڕزگار بکرێت و زیاتر لە ٦٠%ی  لای ڕاستی شارەکە هێشتا ڕزگار نەکراوە و پێشبینیش دەکرێت، کە ڕزگارکردنی مووسڵ لانی کەم مانگێکی دیکەی پێ بچێت.''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌