2017-05-04

لە ئەنجامی سازدانی زنجیرە کۆنسێرێکی خێرخوازی لە چەند شارێکی کوردستان، عەدنان کەریم، گۆرانیبێژی کورد، لە مەراسیمێکدا داھاتی کۆنسێرتەکەی بەخشییە تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجە.
بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکان و میدیاکاران، عەدنان کەریم کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد، کە تێیدا بڕی ئەو داھاتەی ئاشکرا کرد، کە لە ئەنجامی زنجیرە کۆنسێرتێکی خۆبەخش بەدەستی ھێناوە، کە بڕەکەی 32 ملیۆن دینار بوو.
عەدنان کەریم ئەم برە پارەیەی بۆ کڕینی دەرمان بۆ تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجە تەرخان کردووە و بڕە پارەکەی بەخشییە بەشی شێرپەنجە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی.
د. باساک بەرزنجی، سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە تەندروستیی ھەولێریش لە گوتەیەکیدا لە بەردەم ئامادەبواندا سوپاسی عەدنان کەریمی کرد و "کە لە بارودۆخێکی ناھەمواری دارایی ئێستای ھەرێمی کوردستان کارێکی خێرخوازی لەم جۆرەی کرد".
ئەو دکتۆرە ڕۆلی چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی بەرز نرخاند کە ئەوانیش ھۆکارێک بوون تا ئەم زنجیرە کۆنسێرتە خێرخوازییانە بە سەرکەوتوویی بەرێوە بچن، لەوانەش کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و کۆمپانیا کار بوون.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌