هاووڵاتیانی شارەدێی هەریر لەبارەی گرانی نرخەوە بۆ خەبات دەدوێن |
2017-04-26 |
 |
|
|
راپۆرت/حەمید سورچی قەیرانی دارایی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا كاریگەری سەخت و دژواری كردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، وێڕای بوونی ئەم قەیرانەش، بەڵام هێشتا لە بازاڕەكاندا هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ بەسەر نرخی كاڵاو شتومەكدا نەهاتووە، ئەم رەوشەش سەرجەم هاونیشتمانیانی گیرۆدەو هەراسان كردووە، لەم سۆنگەیەوە لە بەدواداچوونێكدا لە نێو بازاڕی شارەدێی هەریر بۆ وەرگرتنی راوسەرنجی هاوڵاتیان سەبارەت بەگرانی نرخی كاڵاو شتومەك، لەمیانەی ئەم راپۆرتەماندا هاووڵاتیانی شارۆچكەكە بە مشێوەیە لەبارەی ئەم پرسەوە بۆ(خەبات) هاتنە ئاخافتن: لە دەسپێكدا لەنێوبازاڕی هەریردا مامۆستا كاروان عەبدوڵڵا لەم بارەیەوە بۆرۆژنامەی (خەبات )گووتی: سەبارەت بەگرانی نرخی كاڵاو شتومەك لەبازاڕدا، ئەگەر تێبینی بكەین دەبینین نرخی كاڵاو شتومەك زۆر بەرزەو هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە نرخەكان رووی نەداوە، لە كاتێكدا بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە داهاتی هاووڵاتیانی كەم و سنووردار كردووە، بەبێ ئەوەی نرخی كاڵاو شتوومەكیش لەگەڵیدا هەرزان بێت، ئەمەش تەواو نیگەرانی كردووین و ئەركی سەرشانمانی قورستر كردووە، بۆیە وەك هاووڵاتیەك لەرێگەی رۆژنامەكەتانەوە داوا لەلایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەت دەكەین، چاوێك بە گرانی نرخی كاڵاكان دابخشێنن و هەوڵ بدەن نرخەكان دابەزێنن، كە لەگەڵ داهاتی هاووڵاتیان بگونجێت، چونكە ئێمەی هاووڵاتی زەرەرمەندی یەكەمی ئەم بارودۆخەین، ناتوانین وەكو پێویست پێداویستیەكانی ڕۆژانەمان دابین بكەین. سامان سمایل كە هاونیشتیمانیەكی شارەدیێەكەیە بە نیگەرانییەوە گووتی: لە ئێستادا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە ژیانێكی سەخت و دژواردا دەژین، بەدەیان قەیران بەرۆكی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمەی گرتووە ئەوەی بۆتە جێگەی گرفتیش بۆ هاووڵاتیان قەیرانی دارایی و كەمبوونەوەو دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە لەكاتی خۆیدا، سەرەڕایی ئەمەش گرانی نرخی كەلوپەلەكان لەبازاڕەكانی كوردستان گرفتێكی دیكەیە، كە تەنگی بەهاووڵاتیان هەڵچنیووەو نرخی كەلوپەلەكان ئەوەندە گرانن، كە هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئەوكاتەی قەیرانی دارایی نەبوو، وەك پیشەی هەمیشەی خۆیان بازرگان و دوكانداران نرخی كاڵاكانیان ئەوەندەی تر گرانكرووە، بێ ئەوەی ڕەچاوی بارو گوزەرانی هاووڵاتیان بكەن لە ئێستادا. من لێرەدا حكومەت بە كەمتەرخەم دەزانم لەم بوارەد،ا كە ئاگای لەبازاڕنییەو هیچ چاودێرییەكی بەسەر بازاڕەوە نییە، بازرگان و دوكانداران بە ئارەزووی خۆیان شتومەك گران دەكەن، بێ ئەوەی كەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات، حكومەت لەكاتی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی كاتێك مووچەی فەرمانبەرانی كەمكردەوە وەك دڵنەواییەك بەڵێنی بەخەڵكی كوردستاندا كە لەمەودوا كۆنترۆڵی بازاڕ دەكەن و نرخی كەلوپەلەكان هەرزان دەكەن و رێگەنادەن بازرگان و دوكانداران بەئارەزووی خۆیان یاری بە نرخی كەلوپەلەكان بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەم بەڵێنەی نەهێنایەدی و جێبەجێی نەكرد. هەڵگورد شێخ محەمەدیش لەمباریەوە بە (خەبات)ی گووت: بوونی قەیرانی دارایی و گرانی نرخی بازاڕ بۆتە كێشەیەكی هەنووكەیی، پێویستە خاوەن كارەكان بەویژدانەوە نرخ لەسەركاڵاكانیان دابنێن، چونكە باری ئابووری خەڵك لەوپەڕی خراپی دایەو كەسانێك كە مووچەكەیان بووەتە نیوە، ناتوانن وەك پێویست پێداویستیەكانیان دابین بكەن، لێرەدا ئەركی لایەنی پێوەندیدارە كە نرخ لەسەر كەلوپەلەكان دابنێت، لە كاتێكدا كە مووچە بە تەواوی نادرێت، دەبێت هاوسەنگی لە نێوان بڕی مووچە نرخی بازاڕدا هەبێت، ئەركی حكومەتە چاودێری بازاڕ بكات و نەهێلدرێت بە هیچ جۆرێك بازاڕ قۆرغ بكرێت و هاووڵاتی رووبەڕووی قەیرانێكی تربێتەوە، چونكە قۆرغكاری دەبێتە هۆی گرانی نرخ و بە فیڕۆدانی پارەیەكی زۆر بۆ بەرژەوەندی بازرگانانی چاوچنۆك، ئەمەش دەبیتە هۆی بێبەشبوونی خەڵكی هەژار لەم پێداویستیانەی كە گرنگن بۆ ژیانی رۆژانەیان. هەر پەیوەست بەم پرسەوە حامید ئیسماعیل محەمەد بەرێوەبەری شارەدێی هەریر بە (خەبات)ی راگەیاند: لیژنەیەك بۆ چاودێری بازاڕ هەبوو، بەڵام چالاك و كارانەبووە لە ئیشوكارەكانیان، ئەوانیش قسەیان هەبوو كە وەكو پێویست گوێمان لێنەگیراوە و پشتگیریمان نەكراوە، كۆبوونەوەمان لەگەڵ كردوون و دەسەڵاتی تەواومان پێداون و دەبێت لە هەموو دەزگاكانی حكومەتیش نوێنەریان لەو لیژنەیە هەبێت، داوام كردووە ئەم لیژنانە كارا بكرێنەوەو خەڵكی بەتواناو چالاك دابنرێن، داواكاری خەڵك وەربگیرێن و كەموكوڕییەكان ببینرێن، دەبێت نرخ لەسەر كاڵاكان دابنرێت، نابێت جیاوازی نرخ لە نێوان ئێرەو شەقڵاوە یان شارێكی تر هەبێت، رێگە نادرێت بە گرانی نرخ لەبازاڕ، خەڵك ئازادە لە كوێ شت هەرزان بێت لەوێ بیكڕێت، ئەگەر دوكانداریش لەم رووەوە سەرپێچی بكەن، ئێمە چاودێری داراییمان هەیەو لە كەس قبول ناكەین نرخەكان بەرز بكاتەوە، لیژنەكەمان چالاك كردۆتەوە لە حەوت ئەندام پێكدێت و دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بە پێی ڕێنمایی. |
|
|
|
|