2017-04-21

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەتونۆزدەهەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و نۆزدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو میدیاكار و ڕۆژنامەنووس و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

مایەی شانازییە كە لە وڵاتەكەماندا ڕۆژنامەگەری و كاری میدیایی لە سایەی ئازادی و فرەیی سیاسی قۆناغی باشی بڕیوە. ئەمەیش دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەریی ببێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ گەشەپێدانی كولتووری و هۆشیاریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەناو خەڵكی كوردستاندا. لە هەمانكاتیشدا ڕۆژنامەگەریی كوردی سەكۆیەكی گرنگی گەیاندنی پەیامی گەلی كوردستان و مافە ڕەواكانی بێت بۆ هەموو جیهان.

جێگەی خۆیەتی كە لەم بۆنەیەدا دەستخۆشی لە میدیاكار و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بكەم كە لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی گەلەكەمان زەحمەتێكی زۆریان كێشاوە و شوێنی دەستیان دیارە. بە هەمانشێوەیش لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و لە پۆششدانی هەواڵەكانی جەنگ و قارەمانێتیی پێشمەرگە ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە و قوربانیشیان داوە. ئەوەیش دووپات دەكەمەوە كە پشتیوانی مافی ڕۆژنامەنووسانم و پێویستە دۆخی ڕۆژنامەگەریی كوردی لە هەموو ڕوویەكەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.

ئێستا كە خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان گەییشتووەتە قۆناغێكی هەستیار و یەكلاییكەرەوە داوا لە ڕۆژنامەنووسانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم دوور لە هەر جۆرە ئینتمایەكی سیاسی قەڵەم و هزر و تواناكانیان بخەنەگەڕ بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی. چونكە سەربەخۆیی موڵكی هەموو كوردستانە و پڕۆسەیەكە بۆ پێشكەوتنی گەلی كوردستان و بەرقەراربوونی ئاشتی لە ناوچەكە.

مسعود بارزانی

21ـی 4ـی 2017

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌