2017-04-21

بەڕێوەبەری‌ پەیوەندییەكانی‌ وەزارەتی‌ ئەوقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە وەڵامی‌ ئەو لێدوانەی‌ عەمار حەكیم كە رایگەیاندووە "تەنها ئیسرائیل دان بە دەوڵەتی‌ كوردیدا دەنێت"، دەڵێت: "هیوادارم ئەو قسەیەت بۆ رازیكردنی ئاغای دراوسێ بوبێت".
عەممار حەكیم، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عیراق و هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان لە چاوپێكەوتنێكدا سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی رایگەیاندبوو: "ئەگەر ئەو دەوڵەتە رابگەیەنرێت، ئەوا من وای دەبینم كە جگە لە ئیسرائیل هیچ وڵاتێكی دیكە  دان بەو دەوڵەتەدا نانێت."
لەو بارەوە مەریوان نەقشبەندی‌ بەڕێوەبەری‌ پەیوەندییەكانی‌ وەزارەتی‌ ئەوقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە هەژماری‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە تۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبووك نووسیویەتی‌: "بۆ سەماحەتی عەمار حەكیمی هاوڕێم: "ئەم لێدوانەت ئێجگار پێچەوانەی ئەو گفتوگۆیانە بوو كە لەسعودیە لەوەرزی حەجدا دەمانكرد، لەبیرتە ئەوكات دەتان فەرمو هەموو خەڵكی عیراق قەرزاری كوردن؟!".
بەڕێوەبەری‌ پەیوەندییەكانی‌ وەزارەتی‌ ئەوقاف نوسیویشیەتی، "لەبیرتە دەتگوت: هەر عیراقیەك لەبەرامبەر خواستە رەواكانی كورد بوەستێت ئەوە دوژمنی عیراق و خانەوادەی حەكیمە؟! یان دەترسم ئێستا گوشارەكانی جەماعەت زیادی كردبێت".
مەریوان نەقشبەندی‌ بۆ عەمار حەكیم نووسیویەتی‌: "هیوادارم ئەو قسەیەت لەژێر گوشاردا بوبێت و بۆ رازیكردنی ئاغای دراوسێ بوبێت".
ئاماژەشی‌ بەوەداوە كە "لەم حاڵەتەدا من تەقدیری زروفت دەكەم، چونكە من جگە لەقسەی باش نەمبیستوە ئەندامێكی خانەوادەی حەكیم دژی گەلی كورد و خواستەكانی وەستابێتەوە و قسەی كردبێت".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌