2017-04-18

خەبات: رانیار دڵشاد

میسر یەكێكە لەو وڵاتانەی كە هەر لە زۆر زووەوە كوردی لێ نیشتەجێ بووە، بەتایبەتی لەسەردەمی سەلاحەددینی ئەیوبی، لەمیسر شارێك هەیە بەناوی كورد، جەنابی بارزانیی نەمر رۆڵی لە پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان كورد و میسر هەبووە، تا بەوە گەیشت نوێنەری شۆڕشی ئەیلول لە میسر هەبێت، هەروەها پێش ئەویش ئێزگەی دەنگی عەرەب، ماوەی دوو كاتژمێر بەزمانی كوردی بەرنامەی پەخش دەكرد و لەلایەن كوردەوە سەرپەرشتی دەكرا. سەبارەت بەم باسە و چەند پرسێكی دیكە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی شێركۆ حەبیب نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لەقاهیرە كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* پارتی دیموكراتی كوردستان درەنگ نووسینگەی لەقاهیرە كردووە، هۆیەكەی چییە؟

- لەگەڵ ئەوەی پارتی درەنگ نووسینگەی بەفەرمی لەوڵاتی میسر كردەوە، بەڵام لەهەمان كاتدا پەیوەندی نێوان پارتی و لایەنی میسری بەردەوام بوو، جەنابی سەرۆك بارزانی سەردانی ئەو وڵاتەی كرد و لەگەڵ سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی دیداری هەبوو، سەرەڕای ئەمەش كاتێك خوالێخۆشبوو عومەر بۆتانی كە نوێنەری پارتی بوو لە سووریا ماوە ماوە سەردانی قاهیرەی دەكرد، جگە لەوەش لە شەستەكانی سەدەی رابردوو وەك شۆڕشی ئەیلول نوێنەر هەبوو، بەڵام بەفەرمی و بۆ سەرەتای ئەم ساڵ بۆ یەكەمجار نوێنەرایەتی پارتی لە قاهیرە كرایەوە، بێگومان ئەم درەنگ كردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك هۆكار، وەك پارتی دەمانەوێت كردنەوەی ئەم نووسینگەیە ببێتە هۆكارێك بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكان.

* بارزانی نەمر لەكاتی گەڕانەوە لەیەكێتی سۆڤیەت سەردانی میسری كرد و لەگەڵ جەمال عبدولناسری سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبۆوە، ئەمەش بووە هۆیەكی دیكەی پەیوەندیی كورد و میسر، لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟

-بێگومان پێشوازیكردنی جەنابی بارزانیی نەمر لە لایەن سەرۆكی خوالێخۆشبوو جەمال عبدولناسر، گرینگی و تایبەتمەندییەكی خۆی هەبوو، سەرەڕای بوونی كورد لە وڵاتی میسر لەسەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی، بەڵام سەرۆك عبدولناسر بۆ چوونێكی تایبەتی هەبوو سەبارەت بەو نەتەوانەی لە چوارچێوەی وڵاتانی عەرەبی دەژیان كە وڵاتەكەیان لە ئاكامی رێككەوتننامەی سیڤەر دابەشكرا، سەرۆك جەمال عبدولناسر لە هەوڵی نزیك كردنەوە و دۆستایەتی ئەو میللەتانە بوو، هەروەها ئەو سەردانەی جەنابی بارزانیی نەمر بووە بەهۆكارێك لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان كورد و میسر، لە ئاكامدا نوێنەرایەتیی شۆڕشی ئەیلول لە میسر كرایەوە، هەروەها پێش ئەویش ئێزگەی دەنگی عەرەب، ماوەی دوو كاتژمێر بەزمانی كوردی بەرنامەی پەخش دەكرد و لەلایەن كوردەوە سەرپەرشتی دەكرا، تا رادەیەك ئەو سەردانە هۆكارێك بوو بۆ پشتگیری دۆزی كورد لەلایەن وڵاتی میسر.

* پارتی دوای 1991 ئاراستەی پەیوەندییەكانی رووی لە ئەورووپا بووە، ئێستا خەریكە ئاراستەیەكیش بەرەو وڵاتە عەرەبییەكان هەیە، ئێوە هۆیەكەی بۆچی دەگێڕنەوە؟

- ئەگەر چی لەدوای راپەڕینی 1991 كورد بە گشتی رووی پەیوەندییەكانیان لە ئەورووپا كرد، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرینگی ئەورووپا بە دۆزی كورد و پاڵپشتی لە كورد، بوونی ژمارەیەكی زۆری رەوەندی كورد لە وڵاتە جیاجیاكانی ئەورووپا، توانیان مەینەت و ئازاری گەلەكەیان بگەیەننە نێوەندە گرینگەكان و پاڵپشتی ئەو وڵاتانە لە زۆر لایەنەوە بەدەست بێنن، ئەو ساتانە وڵاتانی ئەورووپا پشتگیری كوردیان لە ئەجێندای كارەكانیان بەدی دەكرا، بەڵام پێگەیەكی گرینگی سیاسی بە دۆزی رەوای كورددا، ئەو كات وڵاتانی عەرەبی هەندێكیان بەڕژێمی دیكتاتۆری سەددام سەرسام بوون، لەو روانگەیەوە دۆزی كوردیان بە كێشەیەكی ناوخۆ هەژمار دەكرد، تەنانەت كوردیان بەشێوەیەكی دیكە لەقەڵەم دەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هەندی وڵاتی عەرەبی دەتوانین بڵێین تا رادەیەك لە مەینەتی كورد گەیشتبوون، بەڵام پەیوەندییان لەگەڵ رژێمی سەددام بەهێزتر بوو، لە لایەكی دیكە نەبوونی راگەیاندن هۆكارێكی دیكە بوو، بەڵام لە دوای راپەرینی بەهاری 1991، رووخانی رژێمی سەددامی دیكتاتۆر و سەردانی شاندە عەرەبیەكان بەتایبەتی رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران، زەمینەیەكی لە باری رەخساند بۆ پتەوكردنی پەیوەندی كورد و وڵاتانی عەرەبی، هەڵبەتە چۆن پەیوەندییەكان لەگەڵ رۆژئاوا گرینگە، زیاتر گرینگییەكە بۆ بەرژەوەندی دۆزی كورد و پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و كاریگەری لەسەر بریاردان بەهێز بكەین، لەوانەش بە پلەی یەك وڵاتی میسر، چونكە میسر رۆڵی كاریگەری لەسەر گۆڕەپانی عەرەبی هەیە، هەروەها گرینگە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ چەندین وڵاتی دی پتەو بكەین، خۆشبەختانە لەو ماوە كورتەدا ئێمە وەك نوێنەری پارتی لە قاهیرە دەست بەكاربووین توانیمان تا رادەیەكی بەرچاو پەیوەندییەكان بەرەوپێش ببەین و چەندین روونكردنەوە سەبارەت بە بارودۆخی كوردستان روون بكەینەوە كە بەچەواشە تێگەیشتبوون.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌