2017-04-16

  بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو گوتی، جارێکی دیکە چەکدارانی حەشدی شەعبی چوونەتە سەر ماڵە کوردەکان و ھەڕەشەیان لێ کردوون، ئەگەر ناوچەکە چۆڵ نەکەن، ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

(ئەحمەد شێخ لەنگەری)، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چەکدارانی حەشدی شەعبی بە چەند ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەکدارەوە چوونەتە سەر ماڵە کوردەکان لە گەڕەکەکانی تین و سەربازی و ھەڕەشەیان لێ کردوون، کە پێویستە تا سەعات ١٢ی ئەمشەو ناوچەکە چۆڵ بکەن، دەنا ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.''

(ئەحمەد شێخ لەنگەری) گوتی: ''حەشدی شەعبی دەیەوێت تەسفییەی مەزھەبی و نەتەوەیی لەگەڵ کورد بکات و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە. ئەو دوو گەڕەکەی ئێستا ھەڕەشەیان لێ کراوە، تەنێا ژمارەیەک ماڵی کوردی لێ ماوە، کەچی پێش هاتنی داعش و حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە، زۆرینەی خەڵکی ئەو گەڕەکانە کورد بوون. بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو شارە بێدەنگن، ئەو ھەڕەشانە لە کورد دەکرێت.''

(ئەحمەد شێخ لەنگەری) گوتیشی: ''ئەوانەی چوونەتە سەر کوردەکان کەسانی ناسراون و ئێستا دۆخی دووزخورماتوو باش نییە و ئاڵۆزە و ھەڕەشەکردن لە کورد بەردەوامە.''

لای خۆیشییەوە (فارووق ئەحمەد)، بەڕێوبەری ئاسایشی دووزخورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکرتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەھۆی ئەو ھەڕەشەی لەسەر ئەوان ھەیە لە ماوەی ڕابردوودا زۆرینەی ماڵە کوردەکان ئەو دوو گەڕەکەیان چۆڵ کردووە و ئێستا زیاتر لە١٠ ماڵی کورد لەوێ ماون، بەڵام جگە لە کورد ھەڕەشە لە سوننەکانی ئەو دوو گەڕەکەش کراوە و شەوی ڕابردوو سێ کەسی سوننەیان بردووە و ئەشکەنجەیان داون و دواتر ئازادیان کردوون.''

(فارووق ئەحمەد) گوتیشی: ''سەرووی ھەزار چەکداری حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوودا ھەن و کوردیش بەپێی ھەڵبژاردنەکان لەو شارەدا زۆرینەیە، بەڵام نامانەوێت بە شەڕ ئەو کێشەیە یەکلایی بکەینەوە، تا ئەو جێیەی بکرێت نامانەوێت جارێکی دیکە شەڕ دروست ببێتەوە.''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌