2017-04-16

دڵشاد مستەفا وەسانی

ئەگەرچی بەدرێژایی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق تا بە ئەمڕۆ دەگات، كورد چەوساوەتەوە و خاكی داگیركراوە، لێ كێشەكە ئەوەیە، هەمووجار وادەزانین بە گۆڕینی حوكمڕانەكانی بەغدا، تێڕوانین بەرامبەر كورد دەگۆڕێ، كەچی سەدەی بیست و یەكەمە، هێشتا تێڕوانینی بەغدا بەرامبەر كورد، نەك نەگۆڕاوە، بەڵكو خراپتر لە جاران، كار لەسەر ناشیرینكردنی كورد دەكا، بۆ ئەوەی شەرعییەت بداتە دژایەتیكردنی كورد و فەرامۆشكردنی لە عێراقی بەناو نوێدا، بەردەوامیی ئەو دژایەتیكردن و قبوڵنەكردنەی كورد، جێگەی پرسیارە، هەق نییە بە گۆڕینی حوكمڕانەكانی ببەستینەوە، بەڵكو پەیوەندیی بە كولتوورەوە هەیە.

دیمەنی بەڕێكەوتنی چەند پیكابێك، لە سەرەتای ئەم مانگی نیسانە، بەرەو باڵەكایەتی كە هەریەكەی ورچێكی لەناو قەفەز لێباركرابوو، سەرنجی راكێشام و دیمەنی ئەو پیكابانەم بیرهاتەوە كە لە حەویجە هەریەكە و پێشمەرگەیەكیان لەناو قەفەز هەڵگرتبوو. ئازادكردنی ئەو ورچانە لە باڵەكایەتی، هانیدام بۆ ئەم نووسینە و بەراوردكردنی بە دیمەنی سوڕاندنەوەی پێشمەرگە لە نێو قەفەزدا، بە شەقام و كۆڵانەكانی حەویجەدا و دواتر شەهیدكردنیان، ئەگەر لێی وردبینەوە، دەبینین حەویجە و باڵەكایەتی خاكی كوردستانن، حەویجە داگیركراوە و عەرەبی لێ نیشتەجێ كراوە، لە یەكیان سوكایەتی بە مرۆڤ دەكرێ و لەوی دیكەیان ئاژەڵ ئازاد دەكرێ.

حەویجە كە وەك قەزایەكی عەرەب ، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی خراوەتە سەر كەركووك، هەمیشە ناوەندێكی جێبەجێ كردنی مەرامی شۆڤێنییەت بووە، لە 1963 ش (حەرەس قەومی) وەك میلیشیایەك كە حكوومەت بەیاسا پشتیوانی دارایی دەكرد، لەوێوە پەلاماری كەركووكی دا، لە 2016 ش بەغدا میلیشیای (حەشدی شەعبی) خستە سەر حكوومەت و یاسای بۆ دەركرد، ئەم مێژووە خوێناوی و پڕ لە فرت و فێڵ و تەڵەكەبازییە دژی كورد، هەقە پەندی لێ وەربگیرێ، بینا لەسەر ئەو رابردووە و بەردەوامبوونی لە سەدەی بیست و یەك، پێویستە لەوە تێبگەین، لەبەرامبەر كولتوورێكداین، رێگەنادات كورد بە مافی خۆی بگات.

لە حەویجە ژمارەیەك پێشمەرگەی دیل خرانە نێو قەفەز و بە ناو شەقامەكانیاندا سوڕاندیاننەوە و بەردباران دەكران و وێنەیان لەگەڵ دەگرتن، لەم رۆژانەش رێكخراوێك ژمارەیەك ورچی بردە چیاكانی باڵەكایەتی، لە رێوڕەسمێكدا قەفەزەكانیان كرانەوە و بە چەپڵەڕێزان و وێنەگرتن بەرەڵڵای چیا كران، هەردوو نموونەی حەویجە و باڵەكایەتی، نموونەی دوو كولتووری جیاوازن، كولتووری عەرەب و كورد، سەرەڕای ئەوەی یەك ئایینیان هەیە، بەڵام دوو كولتووری زۆر لێكجیاوازن، ئایینی ئیسلامیش نەیتوانیوە لە یەكتریان لێكنزیك بكاتەوە، چەپڵە و زەردەخەنەی باڵەكایەتی، هەوڵی كورد بۆ ژیاندۆستی و ژینگەپارێزی پیشان دەدات، چەپڵە و هەلهەلە و بەردبارانی پێشمەرگەی دیل لە حەویجە، هەوڵی بەردەوامیدان بە كولتووری غەنیمە و تاڵان و قبوڵ نەكردنی هیچ نەتەوە و پێكهاتەیەكی دی پیشان دەدات.

ئەو دوو دیمەنە، زۆر پرسیار دەورووژێنن، كولتووری عەرەبی بەهۆی ئیسلامەوە، نەك خۆی نەگۆڕیوە بەرەو قبوڵكردنی كولتووری گەلانی دی، بەڵكو ئیسلام بۆ زیاتر خۆ بەهێزكردن و زاڵبوون بەسەر گەلان بەتایبەتیش كورد بەكاردێنێ، لەو سۆنگەیەوە حزبی كوردی، لە چ روانگەیەكەوە بەغدای پێ لە هەولێر باشترە؟ چ گۆڕانێكی لە كولتووری عەرەبی و حوكمڕانانی بەغدا بەدی كردووە؟ عەرەب ئیسلامی بۆ كولتووری خۆی بەكارهێناوە، چۆن بۆچوونی چەند حزبێكی كوردی ناقۆزێتەوە و دژی كورد بەكاری ناهێنێ؟ تۆ بڵێی حزبەكانمان لە ئیسلام بەهێزتربن عەرەب بێننە ڕایێ؟ ئاخر خوای گەورە 1400 ساڵە لەڕێی ئیسلامەوە پێیان دەڵێ زمان و نەتەوە و ئایینی جیاواز هەن، تەقەی سەریان دێ، تازە هەندێ حزب دەڵێن خەتای خۆمانە بەغدا مافمان زەوت دەكات، چونكە گفتوگۆیان لەگەڵ رەتدەكەینەوە!

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌