2017-04-15

خەبات: رانیار دڵشاد
فەرەنسا یەكێكە لە دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهان، تاكە وڵات بوو یاداشتێكی لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆكرد، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا لەمێژینەیە، ساڵی 1991 لە كۆرەوەكە ژمارەیەكی زۆری كورد لە سنوورەكانی توركیا و ئێران بوون، فەرەنسا هانای بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی برد، بڕیاری دژە فڕینی 688 دەربكات بۆ پاراستنی گەلی كورد، جگە لەوە فەرەنسا یەكەم دەوڵەت بوو بەهانای گەلی كوردەوە هات لە شەڕی دژی داعش. بۆ زیاتر تیشك خستنە سەر پەیوەندیی كورد و فەرەنسا، بە پێویستمان زانی چەند پرسیارێك لە د. عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كورجستان لە فەرەنسا بكەین و بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

• لەناو دەوڵەتانی ئەوروپا، ڕۆڵی فەرەنسا لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چۆن دەبینن؟
- فەرەنسا یەكێكە لە دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهان، ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا لەهەموو روویەكەوە لە ئاستێكی زۆرباشدایە، لە 15/6/2010 تاكە وڵات بوو یاداشتێكی لەگەڵا هەرێمی كوردستان واژۆكرد، بەئامادەبوونی بەڕێز سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بیرنارد كۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا، لەو یاداشتنامەیە چەندین خاڵ خراوەتەوە روو بۆ ئەوەی پەیوەندی هەردوولا بەرەوپێش بڕوات، سەرۆك كۆماری فەرەنسا بۆ دووەمین جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، ئەمەش گرینگی پێدانە بە هەرێمی كوردستان، نابێت ئەوە لەبیر بكەین ئێمە هەرێمێكین سەر بە دەوڵەتی عێراق، بەڵام پەیوەندییەكانمان زیاتر لە ئاستی دەوڵەتەوە بۆ دەوڵەتە، ئێمە وەكو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ  دامودەزگاكانی فەرەنسا بەشێوەیەكی فەرمییە و بۆ هەموو كاروچالاكییەكیش لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوەوە ئێمە بانگهێشت دەكەن و دەمانناسێنن، بەخۆشحاڵییەوە ئەمە یەكەمین وڵاتە بەو شێوەیە پەیوەندی هەبێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەهەموو روویەكەوە.

• بەپێی ئەوەی لەمەیدان دەبیندرێ شەڕی دژی داعش بەرەو كۆتایی دەڕوات، هەموو لایەكیش قسە لەسەر دوای داعش دەكەن، فەرەنسا چۆن دەڕوانێتە ئەو قۆناغە و هەڵوێستی چۆنە؟
- هاتنی فەرەنسا بۆ ناو هاوپەیمانیەتی شەڕی دژی داعش، هەر لەسەرەتاوە بووە، سێ رۆژ دوای هێرشی داعش بۆ هەرێمی كوردستان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لوران فابیوس سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش پاڵپشتییەكی زۆر گەورە بوو بۆ مەعنەویاتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەرێمی كوردستان، دوای ئەوە فرانسوا ئولاند سەرۆكی فەرەنسا لە 12ی سێپتەمبەری 2014 سەردانی هەولێری كرد، وایكرد هەموو وڵاتانی ئەوروپا گرینگی زیاتر بە هەرێمی كوردستان بدەن، فەرەنسا بڕیاریدا بەشداری لە جەنگی دژی تیرۆر بكات و ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانیەتی دژی داعش، بڕیاریشیان داوە نابێت داعش لە عێراق و سوریا بمێنێت، چوونكە دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر فەرەنسا، فەرەنسا قوربانییەكی زۆری داوە لەم شەڕە، بەرقەراربوونی رەوشی ناوچەكە ئارامییە بۆ فەرەنسا و ئەوروپا، لای ئەوان رێككەوتنی سیاسی گرنگترە لە رێككەوتی سەربازی، بۆیە تەئكید دەكەنەوە چوونكە گەر رێككەوتنی سیاسی نەمێنێت دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی داعشێكی دیكە، بۆیە ئەوان زۆر بەگرنگییەوە دەڕواننە دواڕۆژی ناوچەكە، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان كە پێگەیەكی تایبەتی هەیە، نەك بۆ عێراق بەڵكو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاسشت و جیهان، فەرەنسا لەگەڵ ئەوەدایە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست كێشەكان بەئاشتیانە چارەسەربكەن و خۆیان بڕیار لەداهاتووی خۆیان بدەن.

• رۆژی (9) ی ئەم مانگە پارتی و یەكێتی بەسەرپەرشتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێم كۆبوونە، ئەم كۆبوونەوەیە چ پەیامێكی گەیاند؟
- ئێمە لەساڵی 1991 تا 2003 سەربەخۆبووین هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ عێراق نەبوو، دوای 2003 بەئیرادەی خۆمان گەڕاینەوە بۆ ئەوەی عێراقێكی نوێی دیموكراتی و فرەلایەنی دروست بكەین، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێمە دەمانوویست وانەبوو، بۆیە سەركردایەتی سیاسی كورد بڕیارێكی حەكیمانەی دا بۆ پێداچوونەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق، بۆیە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی بڕیار لەداهاتووی خۆی بدات، ئەو سیستەمەی كە فیدڕاڵی بوو باوی نەماوە، ئێستا ئێمە بەرەو كۆنفدڕاڵی دەڕۆین، كۆبوونەوە لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان پەیامێكی روون بوو سەبارەت بە داهاتووی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی ڕای گەل دوای داعش، چوونكە ئێمە قوربانی و برینداربوونێكی زۆرمان داوە لەشەڕی دژی داعش، سەرەڕای ئەوە لەباوەشگرتنی بەلێشاوی ئاوارەكان بۆ كوردستان، گەر سەیر بكەین ئێستا ئێمە وڵاتێكین لەناو وڵاتێكیتردا، هیچ پەیوەندیەكمان لەگەڵ عێراقدا نەماوە، پێشتر پەیوەندییەكی ئابووریمان هەبوو، بەڵام ئێستا ئەویش نەماوە، حكومەتی هەرێم خۆی بڕیاری سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت دەدات، ئەمانە هەمووی وایكردووە ئێمە بەبڕیارەكانی خۆماندا بچینەوە و بەكونسوڵخانە و نوێنەرایەتیەكان بڵێین لەداهاتوویەكی نزیكدا ئێمە ریفراندۆم دەكەین، ریفراندۆمیش بەمانای ئەوەنیە ئێمە بۆ بەیانی داوای سەربەخۆیی بكەین، بۆ ئەوەیە كە بۆیان روون بكەینەوە و بۆیان بسەلمێنین ئێمەی گەلی كورد نابینە مەترسی، بەڵكو دەبینە فاكتەرێك بۆ ئاشتی و ئارامی بۆ سەر ئایندەی ناوچەكە، خۆشیان ئاگادارن ئێمە شەر دەكەین لەپێناو ئاشتیدا.

• فرانسوا ئولاندی سەرۆك كۆماری فەرەنسا كاتێ سەردانی كوردستانی كرد، لە هەولێر رایگەیاند، هەر كەسێك سەرۆك كۆماری فەرەنسا بێت، پەیوەندی لەگەڵ گەلی كوردستان باش دەبێت و هاوكار دەبێت، لەم بارەیەوە دەڵێن چی و فەرەنساییەكان رایان چییە؟
- پەیوەندی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا زۆر لەمێژینەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەلا مستەفای رەحمەتی، ئەو كاتە نامەیەكی بۆ سەرۆكی فەرەنسا نارد، تیایدا داوای كردبوو فرۆكەی جەنگی بە حكومەتی عێراق نەفرۆشێت، سەرۆكی فەرەنساش بڕیارەكەی مەلا مستەفای جێبەجێكرد، دوای ئەوە حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی فەرەنسا پشتگیری گەلی كوردیان كردووە و لەكاتی تەنگانە هەمیشە بەهانایانەوە هاتوون، ساڵی 1991 لە كۆڕەوەكە كورد لە سنوورەكانی توركیا و ئێران بوون، هەر فەرەنسا بوو هانای بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی برد، بڕیاری دژە فڕینی 688 دەربكات بۆ پاراستنی گەلی كورد، جگە لەوە فەرەنسا یەكەم دەوڵەت بوو بەهانای گەلی كوردەوە هات لە شەڕی دژی داعش، ئەندامی هاوپەیمانیەتی بوو كەپێكهێنرابوو لەدژی داعش، لەڕێی كۆمەكیشەوە هاوكاری گەیاندووە بۆ هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان، فەرەنسا لەكاتی تەنگانە بەهانای گەلی كوردەوە هاتووە، چۆن لەكاتی خۆشیدا هاوكاریان ناكات، سیستەمی حكومڕانی لە فەرەنسا سەرۆكایەتیە، دوو حزب هەمیشە لەپێشبڕكێ دان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی، هەردووكیشیان پەیوەندیەكی زۆر باشیان هەیە لەگەڵ كورد، بۆ یەكەم جار بە فەرمی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی ئیلیزی پێشوازی لێكرا لەلایەن نیكۆلا ساركۆزی لە حزبی راستڕەوەكان بوو، دوای ئەوە بۆ جارێكی دیكە لەلایەن فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی ئێستای فەرەنسا پێشوازی لێكرا، ئەویش لەحزبی سۆسیال دیموكراتەكانە، بەبڕوای من هەر كەسێك ببێتە سەرۆكی فەرەنسا بەدڵنیاییەوە پشتگیری لە گەلی كورد دەكات، فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی فەرەنسا گووتی هەر كەسێك ببیتە سەرۆكی فەرەنسا مەلەفی هەرێمی كوردستانی بە ئەمانەتەوە پێشكەش دەكەم، خۆشی دەبێتە ئەندام لە دەستەی كونسەی كوستونیە، فرانسوا ئولاند رۆڵێكی گرینگی دەبێت لەو دەستەیە، بۆ بڕیارەكانی ناوخۆی فەرەنسا و دەرەوە، بەشێوەیەكی گشتی گەلی كورد پێگەیەكی زۆر جوانی هەیە لە فەرەنسا، لە فرۆكەخانە و شوێنە تایبەتەكان هەر كە باسی پێشمەرگە و كورد دەكرێ رێزێكی زۆرمان لێدەنێن، هەر بۆ نموونە خێزانێك دوو مانگ بەر لەئێستا فیزەی شنگنیان هەبوو هاتنە فەرەنسا بەڵام لەپێشدا شوێنی گرتنی هوتێلیان نەبوو، هەر كەزانییان كوردن و پێشمەرگەیان هەیە یەكسەر مۆڵەتی هاتنە ناوەیان پێدان، بەپێی یاسای فەرەنسا هەر كەسێك لەپێشدا شوێنی گرتنی هوتێلی نەبوو ئەوا ڕێگای پێنادرێت بێتەناو فەرەنسا و دەگەڕێنرێتەوە شوێنی خۆی، ئەم وێنە جوانە لە میدیاكانی فەرەنساش دەردەكەوێت، بەڕاستی جێگای دڵخۆشكەرە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەوری بەرێز بیرنارد كۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و فریدریك تیسو سەركونسوڵی پێشووی فەرەنسا لە هەولێر، هەروەها بیرنرد هیلی لیڤی كە دوو فیلمی بەرهەمهێناوە یەكێكیان لەسەر پێشمەرگەیە، ئەو فیلمە دەورێكی زۆر كارای هەبوو لەسەر ڕای گشتی فەرەنسا، بەرپرسانی حكومی فەرەنسا زۆر لەگەڵ گەلی كورد و پێشمەرگە هاوڕان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌