2017-04-14

گوتنه‌وه‌ی دروشمی "ئێران بڕۆ بڕۆ، به‌غدا ئازاده‌" له‌لایه‌ن قوتابیانی زانكۆی قادسیه‌ی پارێزگای دیوانییه‌ له‌به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی میلیشیاكانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق "قه‌یس خه‌زعه‌لی" و به‌كارهێنانی چه‌ك و لێدان دژ به‌و قوتابیانه‌ له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی ناوبراو له‌ نێو حه‌ره‌می زانكۆ كاردانه‌وه‌ی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و پارێزگاكانی باشوور ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تی دژایه‌تی ئێران و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له‌ عێراق كردووه‌.
كه‌ناڵی "جه‌زیره‌" ڕاپۆرتێكی له‌باره‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێ، ئه‌و قوتابیانه‌ی دژی خه‌زعه‌لی ئه‌و دروشمه‌یان گوته‌وه‌، لایه‌نگری حزبی شیوعی عێراقی بوون، بۆیه‌ میلیشیاكان به‌ بۆمبی ده‌ستكرد له‌ پارێزگای دیوانییه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گه‌ی حزبی شیوعی و وێرانیان كرد.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش دا، له‌ پارێزگاكانی باشووری عێراق، گه‌نجان به‌رده‌وامن له‌ هه‌ڵمه‌تی ناڕه‌زاییه‌كان دژی ده‌ستوه‌ردانی ئێران له‌ كاروباری عێراق و هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر باره‌گه‌ی ئه‌و حزبانه‌ی عێراق كه‌ نزیكن له‌ ئێرانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی.

گه‌نجان ده‌ڵێن ده‌ستوه‌ردانی ئێران له‌ عێراق بووه‌ته‌ كارێكی زۆر سروشتی و ئاسایی و نموونه‌ی ئه‌وه‌ش به‌ قسه‌كانی عه‌لی یونسی ڕاوێژكاری سه‌رۆكی ئێران بۆ كاروباری ئاینی و كه‌مایه‌تییه‌كان دێننه‌وه‌، كه‌ پێشتر گوتی، ئێران ئێسته‌ بووه‌ته‌ ئیمپراتۆرێك و به‌غدا پایته‌خته‌كه‌یه‌تی، كه‌ ناوه‌ندی شارستانیه‌ت و كولتور و ناسنامه‌مانه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌