2017-04-12

خەبات‮: ‬شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
چوار رۆژی‮ ‬دیكە،‮ ‬توركیا فۆكسی‮ ‬دنیا دەخاتە سەر خۆیەوە،‮ ‬لە‮ ‬16ی‮ ‬نیسانی2017 ‮ ‬هاونیشتمانییانی‮ ‬توركیا،‮ ‬بە كورد و تورك و پێكهاتەكانی‮ ‬دیكە،‮ ‬بەشداری‮ ‬لە ریفراندۆمێكدا دەكەن،‮ ‬بە بەڵێ‮ ‬یان نەخێر،‮ ‬دەنگ لەسەر هەمواری‮ ‬دەستووری‮ ‬وڵاتەكەیان دەدەن،‮ ‬هاوكات چاودێرانی‮ ‬سیاسی،‮ ‬ئەو ریفراندۆمە بۆ هاونیشتمانییانی‮ ‬توركیا بە گرنگ و چارەنووسساز دەزانن،‮ ‬بەوەی‮ ‬لە ئەگەری‮ ‬سەركەوتنی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێدا،‮ ‬دەستووری‮ ‬توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی‮ ‬دەگۆڕدرێت،‮ ‬ئەمەش نیگەرانی‮ ‬كورد و بەشێك لە توركەكانی‮ ‬لێكەوتووەتەوە،‮ ‬خەڵكێكی‮ ‬زۆریش پاڵپشتی‮ ‬لێدەكەن،‮ ‬ئەمەش بووەتە هۆی‮ ‬دابەشبوونی‮ ‬شەقامی‮ ‬توركیا بەسەر چەند بەرەیەكدا،‮ ‬كورد و هەندێك لە توركەكان پێیانوایە سەركەوتنی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ،‮ ‬وڵات بەرەو دیكتاتۆرییەت دەبات،‮ ‬لە بەرانبەریشدا لایەنگرانی‮ ‬بەڵێ،‮ ‬واتە ئەوانەی‮ ‬داوای‮ ‬دەستوورێكی‮ ‬سەرۆكایەتی‮ ‬دەكەن،‮ ‬دەڵێن،‮ ‬توركیا لە رێگەی‮ ‬هەمواری‮ ‬دەستوور بەهێزتر دەبێت‮. ‬ریفراندۆم لە كاتێكی‮ ‬هەستیاردا لە كاتێكدا ریفراندۆم لە توركیا ئەنجامدەدات كە هەلومەرجی‮ ‬وڵاتەكە باش نییە،‮ ‬لە دوای‮ ‬هاتنی‮ ‬داعش،‮ ‬توركیا بە قۆناغێكی‮ ‬سەختی‮ ‬سیاسیی‮ ‬و ئەمنی‮ ‬و‮ ‬یاسایییدا گوزەردەكات،‮ ‬لە لایەكی‮ ‬دیكەوە لە دوای‮ ‬كودەتا شكستخواردووەكە،‮ ‬رەوشی‮ ‬توركیا بە‮ ‬یەكجاری‮ ‬تێكچووە و بە هەزاران كەس دەستگیركراون و لەسەر كار لابراون،‮ ‬خەڵكێكی‮ ‬زۆریش توركیایان بەرەو ئەوروپا جێهێشتووە،‮ ‬هاوكات پەیوەندییەكانی‮ ‬توركیا لەسەر ئاستی‮ ‬ئەوروپا بەرەو لاوازی‮ ‬چووە،‮ ‬بە تایبەتی‮ ‬لەگەڵ هۆڵەندا و ئەڵمانیا كە ئەو دوو وڵاتە دژی‮ ‬ئەوە بوون بەرپرسانی‮ ‬توركیا پڕوپاگەندەی‮ ‬ریفراندۆم لە وڵاتەكانیاندا ئەنجامبدەن‮. ‬ ریفراندۆم چی‮ ‬دەگۆڕێت؟ لایەنگرانی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی‮ ‬سەرۆككۆماری‮ ‬توركیا بە پاڵپشتی‮ ‬پارتی‮ ‬داد و گەشەپێدانی‮ ‬توركیا ئاكپارتی‮ ‬سەرۆكایەتی‮ ‬دەكات،‮ ‬هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان پشت بە دەنگی‮ ‬پارتی‮ ‬بزووتنەوەی‮ ‬میللیMHP ‮ ‬كە دەوڵەت باخچەلی‮ ‬سەرۆكایەتی‮ ‬دەكات دەبەستێت،‮ ‬باخچەلی‮ ‬و مەهەپە بەوە ناسراون كە دژایەتی‮ ‬كورد دەكەن،‮ ‬سەبارەت بە هەڵكردنی‮ ‬ئاڵای‮ ‬كوردستان لە كەركووك،‮ ‬باخچەلی‮ ‬هەڵوێستی‮ ‬توندی‮ ‬هەبوو،‮ ‬لە ئێستاشدا ئاكپارتی‮ ‬و مەهەپە دەیانەوێت لە رێگەی‮ ‬هەمواركردنەوەی‮ ‬دەستووری‮ ‬توركیا،‮ ‬واتە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی،‮ ‬گۆڕانكاریی‮ ‬لە دەسەڵاتەكانی‮ ‬سەرۆككۆماردا بكەن و هاوكات پۆستی‮ ‬سەرۆكوەزیران نەمێنێت و لە بەرانبەردا جێگری‮ ‬سەرۆككۆمار دادەنرێت،‮ ‬لێرەدا راستەوخۆ سەرۆككۆمار دەسەڵاتەكانی‮ ‬سەرۆكوەزیرانیش دەگرێتە دەست،‮ ‬واتە لە‮ ‬یەك كاتدا دەسەڵاتەكانی‮ ‬سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی‮ ‬دەبێت،‮ ‬مادام ئەو دەسەڵاتانە لە دەست سەرۆككۆماردا كۆدەبنەوە،‮ ‬كەوایە راستەوخۆ سەرۆككۆمار دەتوانێت كابینەیەك دابنێت و هەر خۆی‮ ‬وەزیرەكانیش دیاری‮ ‬بكات و سەرپەرشتی‮ ‬پڕۆژەكانی‮ ‬وەك بودجە و جێبەجێكردنی‮ ‬یاساكانیش بكات،‮ ‬هەروەها باس لەوەش دەكرێت ئیدی‮ ‬پەرلەمان ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیرەكاندا بكات،‮ ‬چونكە لە لایەن سەرۆكەوە داندراون،‮ ‬بە گوێرەی‮ ‬ئەو پڕۆژەیەی‮ ‬بۆ هەمواری‮ ‬دەستوور داندراوە،‮ ‬سەرۆككۆمار بۆ ماوەی‮ ‬پێنج ساڵ لە پۆستەكەیدا دەبێت و دوو خولیش ئەو مافەی‮ ‬هەیە سەرۆكایەتی‮ ‬وڵات بكات‮.‬ بانگەشەی‮ ‬لایەنگرانی‮ ‬نەخێر‮ ‬ ئەگەرچی‮ ‬لایەنگرانی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ،‮ ‬واتە ئەوانەی‮ ‬پاڵپشتی‮ ‬پرۆژەكەی‮ ‬ئەردۆغان دەكەن بەهێزن،‮ ‬چونكە لە دوایین هەڵبژاردندا ئاكپارتی‮ ‬بە تەنیا حكوومەتی‮ ‬دروستكرد،‮ ‬دوای‮ ‬ئەوەی‮ ‬هەڵبژاردنی‮ ‬پێشوەختە ئەنجامدرایەوە زۆرینەی‮ ‬دەنگەكانی‮ ‬بەدەستهێنا و ئێستاش حكوومەت بەڕێوەدەبات،‮ ‬لە ئەگەری‮ ‬سەركەوتنی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێشدا،‮ ‬ئەو حزبە دەكەوێتەوە دەست ئەردۆغان‮. ‬ دوو پارتی‮ ‬دیاریی‮ ‬توركیا لە دژی‮ ‬هەمواری‮ ‬دەستووری‮ ‬توركیا ركابەرێتی‮ ‬ئاكپارتی‮ ‬و مەهەپە دەكەن،‮ ‬ئەوانیش پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬گەلانHDP ‮ ‬و پارتی‮ ‬گەلی‮ ‬كۆماریCHP ‮ ‬هەڵبەت پێناچێت ئەو دوو پارتە سەركەوتن بەسەر دەنگی‮ ‬بەڵێدا بەدەستبهێنن،‮ ‬چونكە رەوشی‮ ‬رێكخستنەكانی‮ ‬هەدەپە زۆر خراپە،‮ ‬سەڵاحەددین دەمیرتاش و‮ ‬یوكسەكداخ،‮ ‬هاوسەرۆكانی‮ ‬هەدەپە بە چەند مانگێك دوای‮ ‬كودەتاكە لە لایەن دەزگە ئەمنییەكانی‮ ‬توركیاوە دەستگیركراون و تاوەكو ئێستاش لە زینداندان،‮ ‬ئەمە لە لایەك،‮ ‬لە لایەكی‮ ‬ترەوە رەوشی‮ ‬توركیا بە ئاراستەیەكدا رۆیشتووە خەڵكی‮ ‬كەمتر بەشداری‮ ‬پرسە سیاسییەكان دەكەن،‮ ‬بەهۆی‮ ‬ئەوەی‮ ‬ترسیان لە گرتن و سزای‮ ‬ئیداریی‮ ‬هەیە،‮ ‬واتە ئەوانەی‮ ‬بەشداری‮ ‬ناكەن،‮ ‬زۆربەیان سەر بە لایەنگرانی‮ ‬هەدەپە و جەهەپەن،‮ ‬چونكە ترسی‮ ‬سزادانیان هەیە،‮ ‬بەمەش راستەوخۆ سوود بە پڕۆژەی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ دەگەیەندرێت و بە لە كاتێكدا بە گوێرەی‮ ‬چەند راپرسییەك لایەنگرانی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ بەشداری‮ ‬كارای‮ ‬ریفراندۆمەكە دەكەن‮. ‬بە گوێرەی‮ ‬راپرسییەك زیاتر لە‮ ‬6%ی‮ ‬ئەندامانی‮ ‬هەدەپە دەنگ بە بەڵێ دەدەن،‮ ‬هاوكات زیاتر لە‮ ‬2%ی‮ ‬دەنگدەرانی‮ ‬پارتی‮ ‬كۆماری‮ ‬لە بەرژەوەندی‮ ‬پڕۆژەكەی‮ ‬ئەردۆغان دەنگ دەدەن‮. ‬ راپرسییەكان چی‮ ‬دەڵێن؟ بە گوێرەی‮ ‬چەند راپرسییەك سەبارەت بە ریفراندۆمەكەی‮ ‬توركیا،‮ ‬پڕۆژەكەی‮ ‬ئەردۆغان سەركەوتن بەدەست دەهێنێت،‮ ‬چونكە لە ماوەی‮ ‬دوو ساڵی‮ ‬رابردوودا،‮ ‬ئەردۆغان هەرچی‮ ‬لە دەستی‮ ‬هاتبێت بۆ زیادكردنی‮ ‬دەنگی‮ ‬ئاكپارتی‮ ‬ئەنجامیداوە،‮ ‬بە تایبەتی‮ ‬لە پرسی‮ ‬تێكدانی‮ ‬پڕۆسەی‮ ‬ئاشتەوایی‮ ‬نێوان توركیا و كوردانی‮ ‬باكوور كە گوشارێكی‮ ‬زۆر لەسەر ئەردۆغان و حزبەكەی‮ ‬هەبوو سەبارەت بە تێكدانی‮ ‬پڕۆسەی‮ ‬ئاشتەوایی،‮ ‬دواجار پرۆسەی‮ ‬ئاشتەوایی‮ ‬شەڕی‮ ‬لێكەوتەوە‮. ‬ بە گوێرەی‮ ‬هەواڵێكی‮ ‬رووداو لە دوایین راپرسی‮ ‬كۆمپانیای‮ ‬سۆنار و نێت،‮ ‬سەبارەت بە هەمواركردنەوەی‮ ‬دەستووری‮ ‬توركیا،‮ ‬رێژەی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ51% ‮ ‬بووە و نەخێریش49% ‮ ‬بووە،‮ ‬بەرپرسێكی‮ ‬كۆمپانیای‮ ‬نێت كە تایبەتە بە راپرسی‮ ‬لە توركیا،‮ ‬رایگەیاندووە‮: ‬دوای‮ ‬چەندین راپرسی،‮ ‬ئینجا دەنگی‮ ‬بەڵێ زیادی‮ ‬كردووە،‮ ‬هاوكات بەرپرسێكی‮ ‬دیكەی‮ ‬كۆمپانیای‮ ‬سۆنار،‮ ‬سەبارەت بە رێژەی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ لە ناوچە كوردییەكان،‮ ‬ئاماژە بە زیادبوونی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ دەكات و جەخت لەوەشدەكاتەوە سەرباری‮ ‬زیادبوونی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ،‮ ‬بەڵام دەنگی‮ ‬نەخێر زۆرینەی‮ ‬ناوچە كوردییەكان دەبێت‮. ‬ هاوكات هەدەپە نیگەرانی‮ ‬خۆی‮ ‬راگەیاندووە سەبارەت بەو ئاستەنگانەی‮ ‬خراونەتە پێش بانگەشەی‮ ‬نەخێر بۆ هەمواری‮ ‬دەستووری‮ ‬توركیا،‮ ‬هەدەپە دەڵێت رووبەڕووی‮ ‬ئاستەنگی‮ ‬گەورە بووینەتەوە لە كاتی‮ ‬بانگەشەدا،‮ ‬هەروەها باری‮ ‬نائاسایی‮ ‬كاری‮ ‬قورسكردووین،‮ ‬رەخنەی‮ ‬ئەوەش دەگرێت كە كەناڵەكانی‮ ‬میدیا زیاتر لە ئاكپارتی‮ ‬نزیكن و بایەخ بە بانگەشەی‮ ‬بەڵێ دەدەن،‮ ‬لە لایەكی‮ ‬ترەوە ئالتان تانی‮ ‬پەرلەمانتاری‮ ‬هەدەپە رایگەیاندووە كە باری‮ ‬نائاسایی‮ ‬لە ناوچە كوردییەكان دوو هێندەی‮ ‬ناوچەكانی‮ ‬دیكەیە و خەڵكێكی‮ ‬زۆریش دەستگیركراون‮. ‬ بە گوێرەی‮ ‬راپرسییەكی‮ ‬دیكە كە ماڵپەڕی‮ ‬ئیلاف بڵاوی‮ ‬كردووەتەوە،‮ ‬ئەنجامەكانی‮ ‬هەڵبژاردن بۆ ئاكپارتی،‮ ‬جێگەی‮ ‬ئومێد نین،‮ ‬بە گوێرەی‮ ‬راپرسییەكەی‮ ‬ئیلاف،‮ ‬ئاكپارتی‮ ‬44%ی‮ ‬دەنگەكان مسۆگەر دەكات،‮ ‬بەمەش ناتواندرێت گۆڕانكاری‮ ‬لە دەستووردا بكرێت،‮ ‬هاوكات ماڵپەڕەكە سەبارەت بە دەنگی‮ ‬هەدەپە گوتویەتی‮: ‬هەدەپە‮ ‬10%ی‮ ‬دەنگەكان تێدەپەڕێنێت،‮ ‬پارتی‮ ‬جەهەپە و مەهەپە وەك دووەم و سێیەم پارتی‮ ‬ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە،‮ ‬ئەمەش هاوكاتە كە لە كۆی550 ‮ ‬كورسی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬توركیا،‮ ‬ئاكپارتی‮ ‬پێویستی‮ ‬بە330 ‮ ‬كورسی‮ ‬دەبێت،‮ ‬ئەگەر هاتوو كورسی‮ ‬لایەنەكان گەیشتە220 ‮ ‬كورسی‮ ‬ئەوكات ئەردۆغان ناتوانێت دەستكاری‮ ‬دەستوور بكات‮.‬ بانگەشە هەڕەشەی‮ ‬تێكەوت سەرباری‮ ‬هەندێك سەرنج لەسەر ژینگەی‮ ‬بانگەشەی‮ ‬ئەنجامدانی‮ ‬ریفراندۆم،‮ ‬بەهۆی‮ ‬تازەترین لێدوانی‮ ‬پەرلەمانتارێكی‮ ‬جەهەپە كە پارتەكەی‮ ‬پاڵپشتی‮ ‬نەخێر دەكات،‮ ‬كاردانەوە دروستدەبێت،‮ ‬حوسنو بۆركورتی‮ ‬پەرلەمانتاری‮ ‬جەهەپە سەبارەت بە ئەنجامی‮ ‬دەنگدانەكەی‮ ‬16ی‮ ‬ئەم مانگە،‮ ‬دەنگی‮ ‬نەخێر زیاتر لە60% ‮ ‬دەبێت،‮ ‬بەڵام ئەگەر ئەنجامەكەش بەڵێ بوو لە سامسونە دەردەچین و ئێوە و حەوت پشتتان لە ئەزمیرەوە دەخەینە ناو دەریاوە،‮ ‬حوسنو ئەو هەڕەشەیەی‮ ‬ئاڕاستەی‮ ‬لایەنگرانی‮ ‬بەڵێ كردووە،‮ ‬ئەم لێدوانەش ناكۆكی‮ ‬خستووەتە نێوان جەهەپە و ئاكپارتی،‮ ‬لە وەڵامی‮ ‬حوسنو بۆركورتدا،‮ ‬رەجەب تەیب ئەردۆغانی‮ ‬سەرۆككۆمار،‮ ‬وەك كاردانەوەیەكی‮ ‬توند گوتی‮: ‬دەی‮ ‬وەرە،‮ ‬ئەگەر دەتوانیت ئەنجامی‮ ‬بدە،‮ ‬پۆرتت دەشكێنن،‮ ‬چی‮ ‬دەخەیتە دەریاوە؟ دەبێت سنووری‮ ‬خۆت بزانیت‮. ‬ئەمە قسەی‮ ‬سەرۆككۆماری‮ ‬توركیایە كە خاوەنی‮ ‬پڕۆژەی‮ ‬ریفراندۆمە،‮ ‬دەكرێت وەك كاردانەوەیەكی‮ ‬توندیش سەیر بكرێت تا ئاستی‮ ‬هەڕەشە و كاریگەری‮ ‬دروستكردن لەسەر ئەنجامی‮ ‬ریفراندۆمەكە،‮ ‬هاوكات ئەردۆغان بۆ كلچدار ئۆغلۆی‮ ‬سەرۆكی‮ ‬جەهەپە گوتیشی‮: ‬ئەو پیاوەی‮ ‬ئەوانەی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەڵێ دەدەن دەخاتە دەریاوە،‮ ‬ئەو بێڕەوشتە لەبەرچی‮ ‬بە بڕیاری‮ ‬دەركردن ناینێریتە لیژنەی‮ ‬دیسپلین؟ بەكارهێنانی‮ ‬دەستەواژەی‮ ‬بێڕەوشت لە لایەن سەرۆكێك بە لوتكەی‮ ‬هەڵچوونی‮ ‬سیاسی‮ ‬دادەنرێت بە تایبەتی‮ ‬لە پرۆسەیەكی‮ ‬دەنگداندا‮. ‬ ئاساییشی‮ ‬بەڕێوەچوونی‮ ‬پرۆسەكە توند دەكرێت ئەگەرچی‮ ‬لە ئێستادا توركیا خۆی‮ ‬لە هەلومەرجێكی‮ ‬توندی‮ ‬ئەمنیدایە و لە زۆربەی‮ ‬ناوچەكانیش باری‮ ‬نائاسایی‮ ‬راگەیەندراوە،‮ ‬بە تایبەتی‮ ‬لەو ناوچانەی‮ ‬كە كێشەی‮ ‬ئەمنی‮ ‬و چالاكی‮ ‬سیاسییان تێدایە دوو هێندەی‮ ‬ناوچەكانی‮ ‬دیكە قورسكراون،‮ ‬وەك هەدەپە ئاماژەی‮ ‬بۆ كردووە لە ناوچە كوردییەكاندا باری‮ ‬نائاسایی‮ ‬زۆر قورسترە بە بەراورد لە ناوچەكانی‮ ‬دیكەی‮ ‬توركیا‮. ‬ سەبارەت بە گرتنەبەری‮ ‬رێوشوێنی‮ ‬ئاساییشی‮ ‬لە كاتی‮ ‬بەڕێوەچوونی‮ ‬پرۆسەی‮ ‬ریفراندۆمدا كە رۆژی‮ ‬یەكشەممە‮ ‬16‮/‬4‮/‬2017‮ ‬لە سەرانسەری‮ ‬توركیا بەڕێوەدەچێت،‮ ‬بە مەبەستی‮ ‬هەمواری‮ ‬دەستووری‮ ‬توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی،‮ ‬ئاكپارتی‮ ‬و مەهەپە پاڵپشتی‮ ‬بەڵێ دەكەن و هەدەپە و جەهەپەش بانگەشەی‮ ‬دەنگی‮ ‬نەخێر دەكەن،‮ ‬وەزیری‮ ‬ناوخۆی‮ ‬توركیا،‮ ‬سلێمان سۆیلۆ گوتی‮: ‬بە مەبەستی‮ ‬دابینكردنی‮ ‬ئاساییش بۆ ریفراندۆم251 ‮ ‬هەزار و788 ‮ ‬كارمەندی‮ ‬ئاسایش و128 ‮ ‬هەزار و455 ‮ ‬جەندرمە سەرپەرشتی‮ ‬دابینكردنی‮ ‬ئاساییش دەكەن،‮ ‬دەشڵێت‮: ‬جگە لەوەی‮ ‬لە26 ‮ ‬پارێزگەدا،51 ‮ ‬هەزار و پارێزەری‮ ‬گوندەكان و18 ‮ ‬هەزار و675 ‮ ‬پارێزەری‮ ‬خۆبەخش ئەركی‮ ‬پاراستنی‮ ‬ئاساییشی‮ ‬ریفراندۆمەكەیان پێسپێردراوە،‮ ‬هاوكات6 ‮ ‬هەزار سەربازیش لە ئامادە باشیدا دەبن بۆ ئەوەی‮ ‬لە كاتی‮ ‬پێویستدا وەك هێزی‮ ‬پشتیوانی‮ ‬بەكاربهێندرێن‮. ‬ ترس لە گۆڕینی‮ ‬دەستوور ترس لە گۆڕینی‮ ‬دەستوور لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی،‮ ‬دیارترین ترسی‮ ‬بەشێكی‮ ‬زۆری‮ ‬سیاسیی‮ ‬و هاووڵاتییانی‮ ‬توركیایە،‮ ‬بە تایبەتی‮ ‬هاووڵاتییانی‮ ‬كورد،‮ ‬ترس لەوەی‮ ‬وڵات بە ئاراستەی‮ ‬دیكتاتۆرییەت دەبردرێت،‮ ‬ئەمە تێگەیشتنی‮ ‬ئەو سیاسیی‮ ‬و هاووڵاتییانەیە كە بە دەنگی‮ ‬نەخێر بەشداری‮ ‬ریفراندۆمەكەی‮ ‬رۆژی‮ ‬یەكشەممەی‮ ‬16ی‮ ‬نیسانی‮ ‬ئەمساڵ دەكەن‮. ‬ كەمال كڵچدار ئۆغلۆ،‮ ‬سەرۆكی‮ ‬پارتی‮ ‬گەلی‮ ‬كۆماری‮ ‬توركیا سەبارە بە گۆڕانكاری‮ ‬لە دەستووری‮ ‬توركیا گوتی‮: ‬ئەگەر گۆڕانكاری‮ ‬لە دەستووردا بكرێت و سەرجەم دەسەڵاتەكان لە دەستی‮ ‬كەسێكدا كۆبكرێنەوە،‮ ‬ئەنجامێكی‮ ‬كارەساتبار پێشكەشدەكات،‮ ‬هەروەها گوتیشی‮: ‬ئەگەر لە ریفراندۆمدا دەنگی‮ ‬بەڵێ سەربكەوێت و دەستوور بگۆڕدرێت،‮ ‬دەبێت پەرلەمان بە كۆشكی‮ ‬سەرۆكایەتییەوە گرێ بدرێت و بە تەواوی‮ ‬لە كاربخرێت،‮ ‬هەروەها وەك كاردانەوە ئاماژەی‮ ‬بەوەشكردووە كە نابێت ئیرادەی80 ‮ ‬ملیۆن هاووڵاتی‮ ‬توركیا بە كەسێكەوە گرێبدرێت كە مەبەستی‮ ‬ئەردۆغانی‮ ‬سەرۆككۆمارە‮. ‬ هەدەپە رەخنە دەگرێت لە لایەكی‮ ‬ترەوە لە گردبوونەوەیەكی‮ ‬جەماوەری‮ ‬هەدەپەدا،‮ ‬سەبارەت بە ریفراندۆم،‮ ‬ئەحمەد تورك،‮ ‬سەرۆكی‮ ‬پێشووری‮ ‬شارەوانی‮ ‬ماردین گوتی‮: ‬بۆ دیموكراسی‮ ‬و ئازادییەكان ئەوان دەنگی‮ ‬نەخێر بەكاردەهێنن،‮ ‬هەروەها ئاماژەی‮ ‬بەوەشكرد وەك هێزێكی‮ ‬دیموكراسی‮ ‬و ویژدانی‮ ‬مرۆڤایەتی‮ ‬پێویستە پەرە بە خەباتێكی‮ ‬هاوبەش بدەین،‮ ‬رەخنەشی‮ ‬لە سیاسەتی‮ ‬ئێستای‮ ‬توركیا گرت و گوتی‮: ‬ئەو سیاسەتەی‮ ‬ئێستا بەڕێوەدەچێت بە مانای‮ ‬بێدەنگ كردنی‮ ‬گەلەكان و ئۆپۆزسیۆن و دیموكراتەكان دێت،‮ ‬گوتیشی،‮ ‬ئەم ریفراندۆمە بۆ كورد زۆر گرنگە‮. ‬هاوكات لە كۆبوونەوەیەكی‮ ‬دیكەی‮ ‬جەماوەریدا سری‮ ‬سوورەیا ئۆندەر،‮ ‬پەرلەمانتاری‮ ‬هەدەپە لە ئەنقەرە داوای‮ ‬لە لایەنگرانی‮ ‬هەدەپە كرد كە دەنگ بە نەخێر بدەن،‮ ‬چونكە بۆ ئەوەی‮ ‬سەرۆك كۆمار بچێتە دەرەوەی‮ ‬یاساكانی‮ ‬لێپرسینەوە گۆڕانكاری‮ ‬لە دەستوور ئەنجامدەدەن‮. ‬لە بەرانبەریشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان داوا لە هاووڵاتییانی‮ ‬وڵاتەكەی‮ ‬دەكات لە ریفراندۆمدا دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ ئەوەی‮ ‬وڵاتەكەمان بەرەو بەهێزبوون و سەقامگیری‮ ‬زیاتر بچێت،‮ ‬هاوكات دەشڵێت ئەگەر دەتانەوێت توركیا بەهێز بێت دەنگ بە بەڵێ بدەن‮. ‬ دیكتاتۆرییەت‮ ‬یان سەقامگیری‮ ‬و بەهێزبوون ئێستا توركیا لە نێوان دوو بۆچوونی‮ ‬سیاسیی‮ ‬جیاواز دایە،‮ ‬ئاكپارتی‮ ‬و مەهەپە بە سەرۆكایەتی‮ ‬رەجەب تەیب ئەردۆغانی‮ ‬سەرۆككۆمار،‮ ‬پێیانوایە ئەگەر دەنگی‮ ‬بەڵێ سەركەوتوو بێت،‮ ‬توركیا سەقامگیر و بەهێزتر دەبێت،‮ ‬بەڵام هەدەپە و جەهەپە،‮ ‬ئەم بۆچوونە رەتدەكەنەوە و بە نەخێر دەنگ دەدەن،‮ ‬هاوكات دەڵێن هەمواری‮ ‬دەستوور لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی‮ ‬توركیا بەرەو دیكتاتۆرییەت و كارەسات دەبات‮. ‬دوای‮ ‬16ی‮ ‬نیسانی2017 ‮ ‬بەشێك لەو بۆچوونانە رووندەبنەوە،‮ ‬ئایا توركیا بەرەو دیكتاتۆرییەت دەچێت،‮ ‬یان سەقامگیری‮ ‬و‮ ‬بەهێزبوون؟‮ ‬

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌