2017-04-08

سەرۆکوەزیرانی عێراق، له‌په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سووریا ئیدانە كرد و وتی، گەلی عێراقیش لەلایەن رژێمی بەعسی پێشووه‌وه‌ بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کراوە.

نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق رایگه‌یاند، حەیدەر عەبادی په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنی لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەمریكا، مایك پێنس ئه‌نجامدا و تاوتوێی به‌كارهێنانی چەکی کیمیاویان لە سووریا کردووە و باسیان له‌وه‌ش كردوه‌ کە گەلی عێراقیش لەلایەن رژێمی بەعسی پێشووه‌وه‌ بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کراوە.

له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌دا حەیدەر عەبادی ده‌ڵێت، عێراق بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە سووریا بە تاوان دەزانێت و ئیدانەی دەكات، وتیشی، ئێمە لەگەڵ گەلی سووریاین كە بوونەتە قوربانی هێرشی كیمیاوی، هەروەها گەلی عێراقیش لەلایەن رژێمی پێشوو رووبەڕووی هێرشی كیمیاوی بوونەوە بۆیە داوا دەکەین ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لە بارەی ئه‌و هێرشە كیمیاوییە ئه‌نجام بدرێت.

به‌یاننامه‌كه‌ی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق باسی له‌وه‌ش كرد كە مایك پێنس دووپاتی كردووەتەوە، ئەمریكا چاودێری رەوشی سووریا دەكات و رایگەیاندووە ئامانجی لە پێشینەمان شكستهێنانە بە داعش، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاوێژ و هەڵوێستی عێراق لەبارەی سووریا بۆ ئێمە گرنگە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌