2017-04-01

حكومەتی كەنەدا ماوەی بەشداریكردنی راوێژكارە سەربازییەكانی لەشەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا 3 مانگی دیكە درێژكردەوە، هەروەها هاوپەیمانی ناتۆش هاوكاریكردنی عێراقی لەڕووی پزیشكی ، سەربازی و چاككردنەوەی زرێپۆشەكان راگەیاند.
هارجیت ساجان، وەزیری بەرگری حكومەتی كەنەدا لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی "حكومەتی كەنەدا ماوەی بەشداریكردنی هێزەكانی لەشەڕی دژی داعش لە سووریا و عێراق سێ مانگی دیكە درێژكردەوە."
وەزیری بەرگری حكومەتی كەنەدا هەروەها گوتی "پرۆسەی بەشداریكردنەكە هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نایەت و وەكو خۆی دەمێنێتەوە ، راوێژكارانی سەربازی كەنەدا لە دواوەی سەنگەرەكانی جەنگ هاوكاری هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن".

لەوەتەی كەنەدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هاوینی 2014 لە عێراق هێزەكانی بڵاوكردووەتەوە تاوەکو ئێستا دوو جار ماوەی مانەوەی هێزەكانی درێژكردووەتەوە.

هەروەها وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ بڕیاریاندا لە بواری پزیشكی ، سەربازی و چاككردنەوەی زرێپۆشی سەربازی هاوكاری عێراق بكەن.
یەنس ستۆلتنبێرگ ، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی" ناتۆ بڕیاریداوە لەڕێگەی گوتنەوەی وانەی پزیشكی ، سەربازی ، مەشق و راهێنان بە پزیشكانی عێراقی بكات، هەروەها لە بواری چاككردنەوەی تانك و زرێپۆشی سەربازیش".

پێشتریش یەنس ستۆلتنبێرگ رایگەیاند، پەیمانی ناتۆ داواكارییەكی لە دەسەڵاتدارانی عێراقییەوە پێگەییشتوە سەبارەت بە هاوكاریكردن و بەهێزكردنی توانا بەرگرییەكانی عێراق.

رووداو

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌