2017-03-29

مەریوان نەقشبەندی/ ئەمریكا

پرۆفیسۆر برایان بێرچ سەرۆكی بەشی دیراساتی ئاینی لە زانكۆی UVUی ئەمریكا لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات ئاماژە بۆ زەرورەتی بردنەوەی شەڕی دژ بەتیرۆر دەكات و دەڵێت شەڕی تیرۆر پێویستە بەگۆڕینی فكر و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و باشكردنی بارودۆخی ئابوری كۆمەڵگەكان كۆتایی بێت. لەلێدوانە تایبەتەكەیدا بۆ رۆژنامەی خەبات ئەم پرۆفیسۆرە ئەمریكیە باس لەهۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر لەجیهاندا دەكات و دەڵێت: خراپی باری ئابووری، پرۆگرامەكانی خوێندن، كێشە و ململانێی سیاسی و نەبوونی ئەمن و ئاسایش و دواترینیان نەبوونی چاودێری و پرەنسیپی گونجاو بۆ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و ئینتەرنێت هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندڕۆیین لەسەرتاسەری جیهاندا، بۆیە پێویستە بەچارەسەركردنی ئەم هۆكارانە شەڕی تیرۆر كۆتایی بێت، ئەگەرنا شەڕی سەربازی كۆتایی بەم هەڕەشەیەی سەر جیهان ناهێنێت.
پرۆفیسۆر برایان بیرچ لەبارەی پرۆگرامی خوێندن و ئەو مامۆستایانەی كە وانە دەڵێنەوە "ئیتر وانەی ئاینی بێت یان زانستی "دەڵێت: بەپێی خوێندنەوەم بۆ پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر لەوڵاتە ئیسلامیەكان گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی كە خراپی و ناتەندروستی سیستمی پەروەردە و وانەگوتنەوە یەكێكە لە كێشە گەورەكانی ئەو كۆمەڵگانە و مامۆستای وانەی ئاینی لەو شوێنانە بەئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕی ئاینی و تەنانەت مەزهەبی و عەقائدی خۆیەوە وانە دەڵێتەوە كە ئەوەش دەرەنجام كۆپیەكی لە مامۆستاكە بەرهەمدێنێت و زۆرجاریش كۆپیەكی تێنەگەیشتوو لەئەحكامەكانی شەریعەت و ئاین بەتایبەتیش كاتێك ئەو قوتابیانە بۆ وەرگرتنی زانیاری شەرعی و دەوڵەمەندكردنی تێگەیشتنەكانی لەشەریعەت دەڕوا بەدوای فەتوا و تەفسیری كەسایەتی ئیسلامی تر دەبات و وەك گۆڕانكاریەك لەتێفكرینی خۆیدا دەیبینێتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە كە دەبێ ئەو مامۆستایەی وانەی ئاین دەڵێتەوە "هەر ئاینێك" تەواو دووربێت لەگەیاندنی بیركردنەوەی شەخسی خۆی بۆ ئاین و پێویستە قوتابی نەزانێت ئەو مامۆستایە چ ئاینێكی هەیە ئەوەندە بێلایەن و پیشەیی و زانستی بێت لەوانە گوتنەوە.
ئەم پرۆفیسۆرە ئەمریكیە لەبارەی كورد و كوردستانەوە دەڵێت: من زانیاری ئەوەم هەیە كە گەلی كورد جیاوازیان هەیە لەئاینداری و ئەو ئیسلامەی لەكوردستان پەیڕەو دەكرێت لەئاستێكی میانڕۆیی وەهادایە كە دەكرێت بەئاسانی تێكەڵ بەكولتووری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی بكرێت كە ئەم كولتوورە ئێستا لەسەرتاسەری جیهان كاری بۆ دەكرێت. بەڵام تەئكیدی كردەوە كە گۆڕینی فكریی كۆمەڵگە و چاكسازی ئاینی پێویستی بەكەسی شارەزا و لێهاتوو هەیە و پێویستیشی بەقوربانی و پشتگیریی تەواوی سیاسی و حكومی هەیە كە بەداخەوە تائێستا ئاین لەكۆمەڵگەی رۆژهەڵاتیەكاندا وەك بەشێك لەیاسا و دەستوور كاری پێدەكرێت و ئەوەش كۆمەڵگە لەزۆر بنەما زانستیەكان دادەبڕێت. بەدڵنیاییەوە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەشەڕی دژ بەتیرۆرستانی داعشدا هاندەرێكی باش دەبێت بۆ هەنگاوەكانی گۆرانكاری و چاكسازی و ئازادی ئاینی لەكوردستان، پێچەوانەی ناوچەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كە هێشتا لەبازنەیەكی داخراودا دەسوڕێنەوە و سەرقاڵی میكیاژكردنی ئاینن نەك چاكسازی. پێویستە كۆمەڵگە ئیسلامیەكان هەوڵ بدەن باری ئابووری و خراپی ئیدارەدان و خزمەتگوزاریەكان و سیستمی خوێندن و پەروەردە چاك بكەن بۆ ئەوەی بەرهەمی سەركەوتن بەسەر تیرۆر لەروی سەربازیەوە بچننەوە، چونكە ناكرێ ئەو كۆمەڵگانە بۆ هەتا هەتایە چاوەڕێی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكەن كەلەكاتی سەرهەڵدانی هەرەشەی تیرۆردا بەهانایانەوە بچێت و ئەبێ بەو چاكسازیانە پشت بەخۆیان ببەستن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌