2017-03-29


- د. محەممەد خورشید: كەركووكییەكان بڕوایان وایە تەنیا لە ژێر ئاڵای كوردستاندا ئارامی دەدۆزنەوە
- نەجمەدین كەریم: قبووڵ ناكەین پڕۆسەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك ناشیرین بكرێت
- محەممەد كەمال: هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بۆ دژایەتی و پشتگوێخستنی هیچ كەس و پێكهاتەیەك نییە
- رێبوار تاڵەبانی: هەڵكردنی ئاڵای كوردستان پێچەوانەی دەستوور و یاسا نییە و گوزارشت لە هەموو پێكهاتەكان دەكات
- شاخەوان عەبدوڵڵا: كاردانەوەی هەندێك لە سیاسەتوانە توركمانەكان لە بەرانبەر ئەو بڕیارە رای تاكەكەسی خۆیانە
- عەبدولقادر بازرگان: هیوادارین هەڵكردنی ئاڵای كوردستان هەنگاوێك بێت بۆ ئەوەی كەركووك بگەڕێتەوە بۆسەر هەرێمی كوردستان

دوێنێ سێشەممە 28/3/2017 ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك كۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە، بڕیار درا كە ئاڵای كوردستان لەسەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حكومییەكانی پارێزگای كەركووك هەڵبدرێت، لە كۆی 41 ئەندامی ئەنجوومەنەكەش، 26 ئەندام دەنگیاندا لە بەرژەوەندی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی حكوومی لە كەركووك. دوای ئەم بڕیارەش ئاڵای كوردستان لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگەی كەركووك و سەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك بە شێوەیەكی فەرمی بەرزكرایەوە.
نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك بڕیاریدا كە ئاڵای كوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك بەرزبكرێتەوە، هاوكات پارێزگاری كەركووك ئەم بڕیارەی بە بڕیارێكی مێژوویی وەسفكرد، گوتیشی: نابێ هەر كەس لە خۆیەوە ئاڵا هەڵبكات، هەروەها داواشی كرد ئاڵای كوردستان بەشێوەیەكی رێكوپێك هەڵبكرێت، نەجمەدین كەریم گوتیشی: قبوڵ ناكەین پرۆسەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ناشیرین بكرێت.

-رۆژە مێژووییەكە
دكتۆر محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دەڵێت: دوای دروستبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش لە دوو ساڵی رابردوودا و بەرگرییەكانی هێزی پێشمەرگە لەم شارە و پاراستنی لە چنگ تیرۆریستان لەژێر ئاڵای كوردستاندا، كەركووكییەكان بڕوایانوایە كە تەنیا لە ژێر ئاڵای كوردستاندا ئارامی دەدۆزنەوە، ئەوەتا بڕیار درا ئەم ئاڵایە لەسەر دامودەزگا فەرمییەكانی شاری كەركووك هەڵبدرێت. هەروەها بەرپرسی لقی 3ی پارتی گوتیشی: رۆژی بڕیاردان لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك بۆ شاری كەركووك رۆژە مێژوویییەكەیە و لەم رۆژەدا فرمێسكێكی زۆر بە چاوی كەركووكییەكانەوە بینرا و بڕیار درا ئەم رۆژە وەكو جەژنێكی نەتەوەیی لەم شارەدا یادی بكرێتەوە.

-بڕیارەكە بۆ دژایەتی هیچ لایەنێك نییە
محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەبارەت بە نیگەرانی هەندێ لایەنی كەركووك گوتی، هەوڵدەدەین ئەو باوەڕە لای ئەوانە دروستبكەین كە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بۆ دژایەتی و پشتگوێخستنی هیچ كەس و پێكهاتەیەك نییە. هەروەها مەحەمەد كەمال گوتیشی دەبوو لە 31/12/2007 ئەم بڕیارە بدرایە، چونكە ئەوە دواكات بوو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەستووری عێراق، بەڵام حكوومەتی ناوەندی خۆی كەمتەرخەمبوو لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە و دواكەوتنی، بۆ ئێستایش هەرجی رووبدات هەر بە هۆی كەمتەرخەمی حكوومەتی عێراقەوەیە و ئەویش لێ بەرپرسیارە.
رێبوار تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك دەڵێت: ئاڵاكە سیمبۆلی هەموو پێكهاتەكانی كوردستانە و گوزارشت لە قوربانی و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستانیش دەكات و ئەم كارەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا نییە و وەك چۆن ئاڵای عێراق گوزارشت لە هەموو پێكهاتەكان دەكات، ئاڵای كوردستانیش بە هەمان شێوەیە.

-هەڵكردنی ئاڵای كوردستان داواكارییەكی جەماوەرییە
شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگا حكوومییەكان لە شاری كەركووك داواكارییەكی جەماوەرییە و ئەوانەی رەتیشیدەكەنەوە تەنیا تەعبیر لە بۆچوونی خۆیان دەكەن نەك رای پێكهاتەكانیان، هەروەها گوتیشی كاردانەوەی هەندێك لە سیاسەتوانە توركمانەكان لە هەمبەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك تەنیا رای تاكەكەسی خۆیانە. گوتیشی زۆر لە رۆڵەكانی پێكهاتەی توركمان پشتگیری ئەم هەنگاوەدەكەن و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە كە خۆیان ئاڵاكە دابینبكەن و بەڵكو بەرزی بكەنەوە وەك رێزلێنانێك لەو قوربانییانەی كە هێزەكانی پێشمەرگە داویەتی لەپێناو بەرگریكردن لە شاری كەركووك و سەرجەم پێكهاتەكانیدا. هاوكات راشیگەیاند كە ئەوانەی دەنگیان لە دژی ئەم هەنگاوە بەرزكردەوە دەبوایە رێز لە هەستی كەسوكاری ئەو شەهیدانە بگرن كە گیانی خۆیان لەپێناو كەركووك و خەڵكەكەی بەختكرد، ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی: كەركووك بە پێی دەستوور لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانە، واتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، حكوومەتی هەرێم هەمان ئەو مافەی هەیە لە كەركووك‌ كە حكوومەتی فیدراڵ هەیەتی، تا ئەوكاتەی بەپێی دەستوور چارەنووسی شارەكە یەكلادەكرێتەوە، هاوكات گوتیشی: پێویستە موزایەدەی سیاسی بنرێتە لاوە و كاری هاوبەش بكرێت بۆ پاراستنی مافەكانی ئەو شارە و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی تیرۆر لێی و خزمەتگوزاری بۆ رۆڵەكانی دابینبكرێت لەبری گوتنەوەی دروشمی بێ مانا و پووچ كە هیچ سوودێك بە شارەكە و رۆڵەكانی ناگەیەنێت و گرژی زیاد دەكات.

-نیگەرانی بەشێكی لایەنە توركمانەكانی كەركووك
بەشێك لە توركمانەكانی كەركووك نیگەران بوون لەبەرانبەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لەسەر دامەزراوە حكوومییەكانی كەركووك، لەمبارەیەوە حەسەن تۆران، جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی، رایگەیاند كە پەسەندكردنی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی حكوومی كەركووك لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە، بڕیارێكی هەڵە و پێچەوانەی دەستوورە، بەڵام رێبوار تاڵەبانی بە پێچەوانەی حەسەن تۆران هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك بە دەستووری ناودەبات. هەروەها جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركووك گوتیشی: بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی حكوومی لە پارێزگای كەركووك دابەشبوونی كۆمەڵگە پشتڕاست دەكاتەوە، دەشڵێت: ئێمەی توركمان پێداگری دەكەین لەسەر پاراستنی پەیوەندییەكانی نێوان كورد و عەرەب و توركمان و دژی قۆڕخكردنی دەسەڵاتین لە لایەن یەك نەتەوەوە. ئەم لێداوانەی حەسەن تۆران لە كاتێكدایە كە لە ئاڵای عێراقدا هیچ هێمایەك دیار نییە بۆ بوونی توركمانەكانی عێراق، بەڵام هەڵوێستیان نەبووە. تۆران گوتیشی: ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك مافی نییە بڕیاری سیادی دەربكات كە لە دەسەڵاتی بەغدایە، هەڵكردنی ئاڵا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگا نییە، بەڵكو پرسێكی سیادییە و لە دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵییە لە بەغدا.
ئوسامە نوجێفی، جێگری سەركۆماری عێراق گوتی: هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك، یەكێتیی نیشتمانیی لە شارەكە پیشێلدەكات، هەروەها گوتویەتیشی: پێمانوایە ئەم هەنگاوە دژی هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی لە كەركووك و رۆحی سازان و هاوپشتیی پێكهاتەكانی شارەكەیە، ئەوەی كە ئیرادەی گرووپێك یان پارتێك بسەپێنرێت، مایەی قبووڵكردن نییە، هاوكات نوجێفی داوای كرد چاو بە بڕیارەكەدا بخشێندرێتەوە.
-پێشووتر ئەنجوومەن ئاگادار بووە
ئەحمەد عەسكەری، گووتی: 14 رۆژ بەر لە ئێستا پارێژگاری كەركووك ئەم داوای ئاراستەی ئەنجوومەن كردووە بۆ بڕیاردان لەسەری، بەڵام هەنێك بە مەهانەی ئەوەی كە درەنگ پێیانزانوە هەندێك بە مەهانەی ئەوەی گوایە ئەو بڕیارە كارێكی یاسای و دەستووری نییە، بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كردووە ئەمەیش راو بۆچوونی خۆیانە، عەسكەری گووتیشی ئەوانەی بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد مەبەستی تریان هەبووە.

-بەشێكی توركمانەكان بە بڕیارەكە رازین
عەبدولقادر بازرگان، سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە: ئاڵای كوردستان لە كەركووك هی هەموو پێكهاتەكانە و تەنیا هی كورد نییە، لەبەر ئەوەی كاتێك داعش هێرشیكردە سەر كەركووك، پێشمەرگە بەبێ جیاوازی هەموو پێكهاتەكانی پاراست، بۆیە ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان نییە و پێداگیریش دەكەین كە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان، ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت. گوتیشی: ئاڵای كوردستان لە دەستووری عێراقدا دانیپێدا نراوە و لە كەركووكیش كە دەكەوێتە ناوچەی ماددەی140، ئێستا ئەو ماددەیە بەسەرچووە، هەرێم مافی خۆیەتی ئاڵای خۆی هەڵبكات. سەبارەت بە هەڵوێستی توركمانەكان، سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان دەڵێت: هەموو توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان یان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ ئەوەدان ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت، جگە لە بەرەی توركمانی كە ئەوان بەو بڕیارە ڕازی نین، بۆ ئەمەش ئەنجوومەنی كەركووك هەیە و مافی خۆیەتی بە زۆرینەی دەنگ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك پەسەند بكات. ئەو بەرپرسە توركمانییە زیاتر دەڵێت: هیوادارین ئەمە هەنگاوێك بێت بۆ ئەوەی كەركووك بە تەواوەتی بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.

 - چین و توێژەكانی كەركووك بە بڕیارەكە دڵخۆشن
سەعید محەمەد، چالاكی مەدەنیی لە شاری كەركووك بۆ ماڵپەڕی‌ پارتی‌ رایگەیاندووە: گەلی كورد بە درێژایی میژوو لە لایەن رژێم و دەسەڵاتە چەوتەكانەوە چەوسێندراوەتەوە و هەوڵدراوە بە ماف و هەقی خۆی نەگات، حكوومەتی عێراقیش هەمیشە یەكێك بووە لەو حكوومەتانەی هەوڵیداوە كوردان بچەوسێنێتەوە و زۆریش كردەوەی دژە مرۆڤایەتی لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامداوە، هەمیشە چاویی لەوە بووە ئاڵای خۆمانمان لێ قەدەغە بكات، بەڵام ئێستا ئاڵای كوردستان بە فەرمی هەڵكرا و بوو بە رۆژە مێژوویییەكەی كەركووكییەكان. هاوكات ئەسعەد رەشید، باوكی دوو پێشمەرگەی شەهید لە شاری كەركووك، گوتی: ئەمڕۆ ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە شاری كەركووك هەڵكرا، لای ئێمەی خێزانی شەهیدان و سەرجەم كوردانی كەركووك جەژن و شادییە، چونكە خوێنی رۆڵەكانمان بە هەدەر نەچووە و هەر شەهیدێكی ئەم شارە خوێنەكەی دارێكی بەرداری پێ ئاو دراوە.
محەمەد نوورەددین، مامۆستای زانكۆ لە شاری كەركووك سەبارەت بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان راگەیاند: هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان یەكێكە لە مافە رەواكانی نەتەوەی كورد لە شاری كەركووك، هیچ كێشەیەكی یاساییش لەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا نابیندرێت و تەواو بێكێشەیە. دەبێ برایانی عەرەب و توركمانیش لەم شارەدا دان بەوەدا بنێن كە ئەم شارە كوردستانییە و بە درێژایی مێژوو ستەمی لێكراوە و گەلی كورد قوربانی و خوێنێكی زۆری لەم شارەدا داوە، بۆیە بە هەڵكردنی ئاڵاكەشمان لەسەر خاكی خۆمان كەمێك لە مافەكانمان وەرگرتەوە و نیشانەی گەڕانەوەی كەركووكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌