2017-03-23

له‌ هێرشێكدا له‌ نزیك په‌رله‌مانى به‌ریتانى، دوو كه‌س كوژران و لانى كه‌م 12 كه‌سى دیكه‌ش بریندار بوون، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، پۆلیسێكى زۆر له‌ پایته‌خته‌كه‌ى به‌ریتانیا، بڵاوه‌یان پێكراوه‌.

سه‌رچاوه‌كان ڕای ده‌گه‌یه‌نن، له‌و هێرشه‌ په‌رله‌مانى به‌ریتانیا كراوه‌ته‌ ئامانج كه‌ له‌ كاتى هێرشه‌كه‌دا دانیشتنێ په‌رله‌مان به‌ ئاماده‌بوونى "تیریزا ماى" سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا، به‌ڕێوه‌ ده‌چوو.

پۆلیسی به‌ریتانى جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ ڕێكاره‌ ئه‌منییه‌كانیان له‌ نزیك وێستگه‌ى میترۆى "ویستیمنسته‌ر" كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك په‌رله‌مان، توند كردووه‌.

ده‌یڤد لیدنجتۆن، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى به‌ریتانیا، ڕای گه‌یاند :" پۆلیس ته‌قه‌ى له‌ هێرشبه‌رێك كردووه‌ كه‌ هێرشی كردبووه‌ سه‌ر پۆلیسێك له‌ سنوورى په‌رله‌مان و به‌ چه‌قۆ بریندارى كردبوو".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، توندوتیژى دیكه‌ له‌ كۆشكى ویستیمنسته‌ر، ڕووی داوه‌.

میدیاكان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ هێرشه‌كه‌ سه‌ره‌تا به‌وه‌ ده‌ستى پێكردووه‌، كه‌ ئۆتۆمبیلێك له‌سه‌ر پردى ویستیمنسته‌ر ڕێبواریان شێلاوه‌.
به‌پێی میدیاكانى به‌ریتانیا، دوو هێرشبه‌ر له‌ ناو ئه‌و ئۆتۆمبیله‌دا بوون كه‌ خه‌ڵكیان به‌ ژێره‌وه‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش بڵاو كرایه‌وه‌، پۆلیس به‌ دواى گومانلێكراوێكدا ده‌گه‌ڕێت كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا به‌شدارى كردووه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌