2017-03-20

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام/ لقی دهۆك، ئیحسان رێكانی رایگەیاند، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم پێكەوە داوا لە پەكەكە بكەن لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە شارۆچكەی شنگال دەربچن، چونكە بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بەزیان لەسەر هەموو پێكهاتە ئایینی و ئامانجە نەتەوەییەكانی هەرێم دەشكێتەوە.
- دەستوەردانی پەكەكە لە كاروباری هەرێمی كوردستان

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام/ لقی دهۆك، ئیحسان رێكانی لە چاوپێكەوتنێكدا گوتی: هەرێمی كوردستان هەر لە كۆنەوە تا ئێستا برایەتییەكی یەكجار گەورە لەنێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەبووە، نزیكترین نموونەشمان پارێزگای دهۆك كە بەشاری پێكەوە ژیان بەناوبانگە، چونكە موسوڵمان، كریستیان، ئێزیدی و هەموو ئایین و ئایینزاكان بەتەبایی لە پارێزگاكە و تەواوی هەرێمی كوردستان دەژین، هەرچەند كەسانێك هەبوون هەوڵی ئەوەیانداوە كە كێشە لەنێوان پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەكان بنێنەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا لە سایەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیچ و هەوڵ و پلانێك سەركەوتوو نەبووە. گوتیشی: لە كاتێكدا خوێنی هەموو ئایینە جیاوازەكان لە پێناو پاراستنی هەرێمی كوردستان تێكەڵ بووە، بەداخەوە چەكدارانی پەكەكە لەژێر چاودێری و پلانی وڵاتان لە هەوڵدان ئەو پێكەوە ژیانەی هەرێمی كوردستان تێكبدەن، دەستوەردانی پەكەكە لە كاروباری هەرێمی كوردستان و دروستكردنی جۆرەها فیتنەیە لەنێوان پێكهاتە ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها بۆ دواخستن یان شكستهێنانی پڕۆژەی دەوڵەتی كوردییە.

- نابێت ئێزدییەكان بەدرۆیەكانی پەكەكە هەڵبخەڵەتێن

ئیحسان رێكانی دەڵێت: پێویستە كوردی ئێزدی قبووڵی نەكەن پەكەكە پەروەردەیان بكات و دژی هەرێمی كوردستان بەكاریان بهێنێت، هەروەها ئەركە لەسەر هەر تاكێكی كوردی ئێزدی كاتێك پەكەكە فێریان دەكات بڵێن ئێزدی كورد نین بەپەكەكە بڵێن "ئێوە درۆ دەكەن" دەبێت بەرگری لە كورد بوونی خۆیان بكەن بەفڕوفێلەكانی پەكەكە لەسەر رێ نەچن. دەشڵێت: جێگەی سەرسوڕمان و پێكەنینە پەكەكە كوردی ئێزدی وا پەروەردە كردووە بڵێت ئێمە كورد نین، ئێمە تەنها ئێزدین. ئەگەر كورد نەبن بۆچی بەكوردی قسە دەكەن، بەزمانی عەرەبی، فارسی، توركی قسە بكەن. بەڵام ئەو هەوڵەی پەكەكە یەكێكی ترە لە شكستەكانی لە هەرێمی كوردستان.
- پەكەكە لە هەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی پلانی داعش تەواو بكەن
سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام/ لقی دهۆك ئاماژەی بەپلانگێڕییەكانی پەكەكەدا و گوتی: گرووپی چەكداری پەكەكە بەئاشكرا بۆ هەموو دونیا بڵێت پڕۆژەی دەوڵەتی كوردی لە بەرنامە، رەوشت و بیری ئێمەدا نییە، كەواتە بۆ تێكدانی پڕۆژەی دەوڵەتی كوردی لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جیاجیاكان خەڵك دەكوژن و هەڕەشە دەخە سەر خەڵكی سڤیل، منداڵ دەڕفێن، رێگری دەكەن و كوردی ئێزدی وا پەروەردە دەكەن بڵێن ئێمە كورد نین، هەرچی كارێكی ناڕەوا لە دەستیان بێت دەیكەن، بۆیە پەكەكە لە هەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی پلانی داعش تەواو بكەن، ئامانجە هاوبەشەكەش ئەوەیە دژی پێكەوە ژیان و دەوڵەتی كوردی خەبات بكەن.
- ئەوانەی ئاڵای كوردستان دەسووتێنن، كورد نین
لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام/ لقی دهۆك باس لە سووتاندنی ئاڵای كوردستان لەلایەن پەكەكە دەكات و دەڵێت: سووتاندنی ئاڵای كوردستان لەلایەن چەكدارانی پەكەكە بێ رەوشتییە، چونكە ئاڵا كەرامەتی هەر نەتەوەیەكە. ئەو ئاڵایە ئاڵای پارتێكی سیاسی نییە كە ئەندامانی خۆی لەژێر سێبەرەكەی كۆ بكاتەوە. ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان زەردە و ئاڵای یەكێتی سەوزە حزبەكانی دیكەش هەر ئاڵای خۆیان هەیە هەموویان لەژێر ئاڵای كوردستانن، نەك وەك چەكدارانی پەكەكە و لقەكانی كە 30 ئاڵای هەیە، كەچی ئاڵای كوردستانی لەنێودا نییە. ئەو دەشڵێت: كاتێك دەبینین توركیا لە بری فەرشی سوور، فەرشی شین لە پێشوازی شاندی وڵاتان رادەخات وەك رێزلێنان لە رەنگی سووری ئاڵای وڵاتەكەی، جێگەی خۆشحاڵییە چونكە بەرگری لە ئەرزشی ئاڵای وڵاتەكەی كردووە، پێویستە ئێمەش هەموو لایەكمان بەردەوام بەرگری لە ئاڵای خۆمان بكەین.

رێكانی داوایەك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت: با هەموو لایەنە سیاسییەكان پێكەوە دەست بخەینە ناو دەستی یەكتر داوا لە پەكەكە بكەن لە تەواوی هەرێمی كوردستان دەربچن بەتایبەتی لە شارۆچكەی شنگال، چونكە بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بەزیان لەسەر هەموو پێكهاتە ئایینی و ئامانجە نەتەوەییەكانی كورد دەشكێتەوە. سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام/ لقی دهۆك، ئیحسان رێكانی بێبەش نەبووە لە زیانەكانی چەكدارانی پەكەكە و یەكێك لە بیرەوەرییە تاڵەكانی خانەوادەكەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: پەكەكە برای گەورەی شەهید كردم لە ساڵی 1996 كاتێك پەكەكە هێرشی هێنایە سەر هەرێمی كوردستان لە كۆڵانەكانی سەرسنگ، قدش، شیلادزێ و ئامێدی بڵاوبوونەوە و خەڵكییان دەستڕێژی گوللە كرد، یەكێك لەوان برا گەورەی خانەوادەكەمان بوو، من یەكێكم لەو مرۆڤانە كە زۆر تاڵیم چەشتووە بەدەست پەكەكەوە، جێگەی داخە پەكەكە جارێكی دی بێت ئەمە لە هەرێمی كوردستان دووبارە بكاتەوە و كۆمەڵێك منداڵ بێ باوك بكات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌