دانا مەنمی
سەدەی بیستەم چەند مەترێك لە دوامانەوەیە ، ڕاستە بووەتە بەشێك لە ڕابردوو ، ڕاستە ڕۆژگارێكی تێپەڕیوە ، بەسەرهاتەكانی بە شێوەی حیكایەت دەگێڕدرێنەوە ، بەڵام لە ڕاستیدا حیكایەتی ئێمەو ئەو سەدەیە كۆتایی پێنەهاتووە ، هێشتا زۆربەی ئەو كێشەو بابەتە گرنگانەی ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبینەوە ، شتگەلێكن لەو سەدەیەوە بۆمان ماونەتەوە ، ئێستاش هەندێكمان بە سۆزو هەندێكی ترمان بە ڕق و هەندێكمان بەشەرم و هەندێكی تریشمان بە فەخرەوە ڕووداوەكان و حیكایەتەكانی دەگێڕینەوە.
ئێمەی كورد هێشتا لە ناو تاریكی و ڕوناكی لە ناو كەوتن و هەستانەوە ،بەڵام هەمیشە لەناو خۆخۆری و سەنگەرگرتن لە بەرامبەر یەكتریدا نوقم بووین ، بۆ ئێمەی كورد سەدەی بیستەم سەدەیەك نییە كە لە پشتمانەوە بەجێمان هێشتبێت ، بەڵكو بە شێكە لە ئایندەو بەرەو ڕووی دەچین، ئاخر مێژوو زۆرجار دووبارە دەبێتەوە ، وەك ئەوەی كە ئێستا نێوماڵی كورد لە ناوەڕاستی شەستەكان و نەوەدەكان سەدەی ڕابردوو بێت، نێوماڵێكی پەرتەوازەو شەق و شڕو لێكترازاو ،حكومەتێكی فاشیل و ئیفلیجكراوی دەستی حزب ، كۆمەڵگایەكی چەوساوەو زوڵملێكراو كە تەنانەت مافەكانیشی پێ ڕەوا نابینن.
نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم كورد پێویستی بە خۆبینین و خۆپێناسەكردن و خودناسی بوو ، چونكە بۆ كورد ئەو مێژووە مێژووی بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی بوو ، شوناسێكی مژدەبەخشتر لەوەی كە ناسیۆنالیزمی كوردی بانگەشەی بۆ دەكرد ، جارێ بیست و پێنج ساڵی یەكەمی سەدەی بیستەم ڕۆژگاری لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی ئەو چوارچێوە ئاینیی و سیاسی و كلتورییەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو كە شوناسی ئێمەی كوردی وەكو میللەتانی دیكە دەست نیشان دەكرد ،ئخر ئەو شوناسە دینیە كۆمەڵگای كوردی بە سێنتەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە گرێ دەدا.
بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەرجارەو لە سوچێكی دادەڕما و هەرجارەی نەتەوەو گروپێك لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی جیادەبوونەوەو ماڵی نەتەوەی خۆیان بنیات دەنا ، بەڵام دیسانەوە ژێرخانی فكری كورد سەرقاڵی بەیعەت دان بوو بە شوناسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ،ئەمە ئەو دیمەنەیە لەكاتێكدا نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم ساڵانی لە دایكبوونی خەون و خەیاڵ و پرۆژەی تازە بوو ، ساڵانی هاتنە كایەی جیابونەوەی شوناسی نەتەوەیی بوو لە شوناسە دینیەكەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ، بەڵام نوخبەی سیاسی كوردی ئۆتۆنۆمی لە جیابوونەوەو دروستكردنی دەوڵەتی كوردی بەلاوە گرنگتر بوو.
بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم وێنەكە دەگۆڕێت و چونكە دەوڵەتی پۆست كۆلۆنیاڵ لەدایك دەبێت ، واتە دەوڵەتی حیزبۆكراتی شمولی سەربازی ، كورد لە خەمی پاراستنی شوناسی كوردبوون و بەردەوام بەخشینە بە رۆحیەتی بەرگری و شۆرش و خەباتی چەكداری ، لێرەوە چارەنووسی كۆمەڵگاشی پێوە گرێدەدرێت و بەشێكی زۆری توانا و هێزو وزەی مرۆیی كۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا دەبات ، مەبەستم لەكەداركردنی خەباتی چەكداری و شۆڕش نییە ، بەڵام لە ئاستی ستراتیژدا خەباتی چەكداری و شۆرشی شاخ زیانی بە شوناسی نەتەوەیی كورد گەیاندووە ، لە هەندێك دۆخدا ڕێگر بووە لەبەردەم دروستبوون و بنیاتنانی ڕەگەزەكانی نەتەوایەتیدا ، خەباتی چەكداری و شۆڕشی شاخ ئەگەر بە دیوێكدا قەڵغان بووە بۆ پاراستن لە شوناسی كوردبوون ، بەڵام بە دیوەكەی تردا كوردی گەڕاندەوە بۆ قوناغی سەدەی نۆزدەهەم و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پێكدانانی چەكداری و شەڕی كورد كوژی لە نێوان هێزە كوردییەكانی ئەو سەردەم و قۆناغە .كەواتە مێژووی شۆڕشی شاخ و چەكداری هێزە كوردییەكان لە ناوەڕاستی شەستەكان و نەوەتەكان وێنایەكی لێكچووی مێژووی ئیمارەتە كوردییەكانی سەدەی نۆزدەهەم و ئەوەی ئێستاش دەیبینین لە هێزە كوردییەكان دەرهاویشتەو گەڕانەوەیە بۆ هەمان عەقڵ و ئایدۆلۆژیای ناوەڕاستی شەستەكان و نەوەتەكانی سەدەی بیستەم .كورد ناتوانێت جیاوازییەكانی هەناوی خۆی كۆبكاتەوە ، لۆژیكی چەك لۆژیكی دابەشبوونە لە هەناوی خۆیدا، كورد لە باتی تفەنگ و قامچی پێویستی بە دیالۆگ و پانێڵ ۆرك شۆپە، لەباتی هونەری هۆنینەوەی بوختانی سیاسی و تەشهیرو ئیتیهامكردنی یەكتر پێویستی بە قبوڵكردن و شوناس و جیاوازییەكانی هەناوی خۆیەتی، لەباتی سنورو جوگرافیای حزبی پێویستی بە نەخشاندن و بنیاتنانی سنووری نەتەوەییە .هەربۆیە ئەگەر نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم ڕۆژگاری ڕزگاربوون بێت لە فەنتازیای ئاینی لە ژێر قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ، ئەوا نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم ڕۆژگاری دابەشبوون و هاتنە كایەی شوناسی ناوچەگەرێتی و شارچێتی یە كە ئایدۆلۆژیای حزب بەرهەمی هێناوە .