وەیسی سەعید وەیسی
مانگی ئادار لە مێژووی گەلی كورد دا تایبەتمەندی خۆی هەیە،چونكە زۆربەی یاد و بیرەوەرییە نەتەوەیەكان بە هەردوو بەشییەوە (خۆشی و ناخۆشی) تێدایە هەر لە سەرەتای مانگەوە بە كۆچی دوایی سەركردەی نەمر ،رەمزی یەكبوونی خاك و نەتەوە ،مستەفا بارزانی دەست پێ دەكات تا یادەوەری راپەڕینی جەماوەری و مۆركردنی پلانە شوومەكەی جەزائیر و رێككەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970و یادی لەدایكبوونی بارزانی نەمر و كارەساتی ویژدانهەژینی هەڵەبجە و نەورۆزی جەژنی نەتەوەیی و ئازادكردنی كەركوكی دڵی كوردستان و تا دەگاتە یادی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی و كۆڕەوە ملیۆنیەكەی ساڵی 1991 كە هەر ئەمەش وای كردووە مانگی ئادار بە مانگی قەدەری كوردان بناسرێت كە هەموو یاد و بۆنەكانیش بەشێكی زیندووی مێژووی گەلەكەمان كە حەقە لە بارودۆخێكی وەك ئێستای كوردستان هەموولایەك هەڵوەستەیان لە هەمبەردا بكەن و بیر لە رابردووی گەلی كورد بكەنەوە چۆن و بە چ قۆناغێك و بەچ هەرواز و نشێوێك ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە بۆیەش گرنگە سوود وپەند لە وانەكانی ئەم رووداوانە وەربگرین و بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكان بكەین چونكە هەر ساڵێ كە ئەم یادانە دەكەینەوە گڕوتینێكی تازەمان پێ دەبەخشێت و یەك راستیمان بۆ دەردەخات كە ئەگەر چی مێژوویی كورد رۆژی رەش و ناخۆشی گەلێك زۆرە بەڵام سەرئەنجام رۆژانی خۆش و گەش و پڕ لە سەركەوتنی بەدواوە هاتووە ، بۆیە گرنگە لە لایەك سوپاسگوزاری یەزدان بین تا هەمیشە گەلەكەمان لە خۆشی و شادی دابێت لەلایەكی ترەوە بە خۆزگە و ئومێدەوە هەنگاو بهاوێژین و بەهەستكردن بە بەرپرسیاریەتی سەر شانی هەموو لایەكمان مامەڵە بكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و چارەسەركردنی گیروگرفتەكان و زیاتر لێك نزیك بوونەوەی لایەنە سیاسیەكان و تێكۆشانیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سەرەكی شۆڕش و راپەڕینەكانی كورد كە خۆی دەبینێتەوە لە سەربەخۆیی كوردستان.
ئەمەش مافێكی ئایینی و یاسایی كوردە كە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و خەبات و قوربانی كوردانیش لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی بووە،كە ئێستا كەش كات لەبارە بۆ ئەوەی هەموومان تێ بكۆشین لەم پێناوەدا ، چونكە هەوڵ و كۆششەكانی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی قۆناغی گەورەی بڕیوە ئەوەتا لە وڵاتێكی وەك توركیا كە بە درێژایی مێژوو هەوڵی لە ناوبردنی مرۆڤی كوردی دەدرا كە چۆن لە ژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستان پێشوازی لە جەنابیان دەكات ،كە ئەمەش پەیامێكی زۆر روونە بۆ هەموو لایەك كەحەقە سوود لە یاد و بیرەوەریەكانی مانگی ئادار وەربگرین. رێگە نەدرێت هیچ لایەنێك رەوشی ئارامی كوردستان تێك بدات و یاخود لە ژێر هەر ناوێك بێت دەست بخاتە نێو كاروباری هەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەو دۆخە نالەبارەی چەند رۆژی رابردوو كە پەكەكە ویستی ئاژاوەیەك لە شەنگال دروست بكات و بە ئاشكرا شەڕ بە كوردستان بفرۆشن و خۆیان بەسەر خەڵكی كوردستان دابسەپێنن بەبێ ئەوەی هیچ حەق و مافێكیان هەبێت كە كاتی ئەوە هاتووە هەموومان پرسیاری ئەوە بكەین كە بۆچی پەكەكە لە شەنگال بێت و ئەرك و كاری چییە! بە فیتی كێ و بۆ چ مەرامێك ئاژاوە دەنێنەوە و سەقامگیری ناوچەكە تێكدەدەن ! كە بە دڵنیاییەوە وەڵامەكان روونن، لە دووماهیدا ماوەتەوە بڵێین پشت بە خوای گەورە و بەحیكمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە و خوێنی ئاڵی شەهیدان و فرمێسكی خانەوادە سەربەرزەكانیان هەڵاتنی رۆژی گەشی كوردان نزیك بوویتەوە لە ساڵی داهاتوودا لە سایەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان یاد و بیرەوەریەكانی مانگی ئادار بە بەرزی یاد دەكەینەوە.