2017-03-13

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (مەحموود محەمەد) لە سمینارێکدا ڕایگەیاند، (پەکەکە) هەوڵدەدات دەوڵەتی کوردستان دانەمەزرێت و باوەڕیشیان بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، لە هەمانکاتیشدا دەیانەوێ گرفت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکەن.

(پەکەکە) تووشی هەڵەی گەورە دەبێت

ئەمڕۆ، دووشەممە (13\3\2017)، (مەحموود محەمەد)، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ناوەندی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان  لە سیمینارێکدا ڕایگەیاند: ''دامەزراندنی (پەکەکە) بەگوێرەی ئەو شوێنەیە کە لێی دامەزراوە، بەگوێرەی ئەو گرفتانەیە، کە لەو شوێنە هەیە و لە ئاستی تێگەیشتن و خەباتی کۆمەڵگایەکیشدایە، بەڵام ئێستا کە ئەوان خۆیان وا دەبینن، دەبنە بەدیل بۆ ئەو حزبە تێکۆشەرانەی لە کوردستانی عێراق، بە خوێن و خەبات ئەم دەسکەوتانەیان بەدەست هێناوە، تووشی هەڵەی گەورە دەبن. جگە لەوەی کۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق تووشی گرفت دەبێت، بۆیە پرسیار ئەوەیە، کاتێک تۆ پەیڕەوت بۆ شوێنێک دروست کراوە، ئامانجیشت بە شێوەیەکی تایبەت دیسان بەگوێرەی ئەو کۆمەڵگایەیە، کە بۆی دامەزراوە، چۆن دێیت لە شوێنێکی دیکە، کە لە ئاستی مافەکاندا، لەگەڵ ئەوانەی تۆ داوای دەکەیت، جیاوازیی هەیە، خۆت بسەپێنیت؟"

(پەکەکە) دەستی دەرەکی دەهێننە کوردستان

(مەحموود محەمەد)، ئەوەشی ڕوون کردەوە: ''تێگەیشتەکان بۆ بابەتەکان جیاوازن، (پەکەکە) جگە لە دروستکردنی ئاستەنگ و هەوڵدان بۆ ڕێگری لە زیاتر بەرەوپێشچوونی ڕزگاریخوازی و مافەکانی گەلی کوردستان، شتی دیکەی لێ ناخوێندرێتەوە. لە شنگال و قەندیل و خواکورک و قەرەچۆغ و مەخموور، جگە لەوەی دەیانەوێ گرفت بۆ حکوومەتی هەرێم و حزبەکانی کوردستان ساز بکەن، کە گرفتی دیکەیان هەیە و دەبێ چارەسەریان بکەن، دەیانەوێت دەستی دەرەکیی زیاتریش بێننە نێو کوردستان، کە زیانی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی هەرچوار پارچە کوردستان دەبێت.''


(پەکەکە) هەوڵی دا هەرچی حزب لە باکووری کوردستان هەیە، پاکتاوی بکات

گوتەبێژی پارتی جەختی لەوە کردەوە: "ئەو دەستوەردانەی (پەکەکە) لە هەرچوار پارچەی کوردستان؛ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ئەوەی لێرەش دەیکەن، ئەو دیکتاتۆرییەتییەی لەناو مەیدانی تێکۆشانی ڕۆڵەکانی باکووردا دەیکەن، قبووڵ ناکرێت، زۆرمان لە بیرمانە،، (پەکەکە) هەوڵیان دا هەرچی حزب هەیە لە باکووری کوردستان، پاکتاوی بکەن، ڕێیان بە کەس نەدا کە خەبات بکەن، تێبکۆشن. بیرمانە چۆن حزبەکانیان لە باکوور سەرکوت دەکرد، بۆیە پێشبینی دەکەین، باشترین چارەسەر ئەوەیە (پەکەکە) ڕۆڵی خۆی ببینێت، وەک حزبێک، بەڵام، هەوڵەکەی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دانەمەزرێت."

گوتەبێژی پارتی لە درێژەدا گوتی: ''(پەکەکە) باوەڕیشی بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، بۆیە باشترین ڕێگا و یامەرتیدەر بۆ ئەوان ئەوەیە، واز بێنن لە واقعی پارچەکانی کوردستان، چونکە هەرپارچەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، خاوەنی خۆی هەیە، بۆیە دەبێ (پەکەکە) واز لەو سیاسەتە بێنێت، تا ناوچەکە تووشی کێشە نەکات و دەبێ خۆی بکشێنێتەوە و نەبێتە میوانێکی ڕەزاقورس."

پاساو بۆ دەوڵەتی کوردستان دەهێنرێتەوە

(مەحموود محەمەد)، دەربارەی سەربەخۆییی کوردستان گوتی: "پاساوی بچووک و نەشیاو دەهێنرێتەوە بۆ دروستنەکردنی دەوڵەتی کوردستان، یان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، گوایە هەندێک گرفتی ناوخۆمان هەیە، دەبێت چارە بکرێن، لەکاتێکدا لە زنجیرەی ڕیزبەندیی کارەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا هەڵەیەک ڕووی داوە، دەبێ لە ڕیزبەندیدا بەرژەوەندیی باڵای گەل لەبەرچاو بگیرێت، نەک بەرژەوەندیی حزبی و هەندێک جار ئابووریش، لەکاتێکدا نابێت ئەم لایەنانە ڕێگر بن لەبەردەم ئەم پرسە گرینگەی کە ساڵەهای ساڵە خەڵکی کوردستان هەوڵی بۆ دەدات".

گوتیشی: "سەربەخۆیی، ئومێدێکی گەورەیە لە ناخی دڵی خەڵکی کوردستاندا چەکەرەی کردووە و دەبێ ببێتە واقع. ئەوانەی باس لە یەکگرتووییی عێراق دەکەن و ئەوانەی لە تەنیشت سەربەخۆییی کوردستانەوە باس لە پیلانێکی گەورە لەدژی عێراق دەکەن و سەربەخۆییی کوردستان بە پیلانێکی گەورە دەزانن، ئەمانە دەبێ چۆن هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت؟ چۆن دەبێ لێکۆڵینەوە بۆ فکر و تێگەیشتنیان بکرێت؟ ئەوە جگە لەوەی ئەم ڕێگریانەی دەیکەن، دەستڕاکێشانی هەندێک لە نەیارانی کوردستانە و زەقکردنەوەی ئەو خاڵانە دەچێتە خانەی خیانەت و پشتکردنە ئامانج و خوێنی ئەو هەموو شەهید و خەباتەی گەلی کوردستان، کە داویەتی بۆ سەربەخۆییی کوردستان".

  پشتیوانیی باشوور بۆ پارچەکانی دیکە

گوتەبێژی فەرمی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕیزبەندییەکاندا دەبێ قەناعەت بەوە بهێنین، کە سەربەخۆیی گرینگە، تاوەکو سیستەمێکی باش لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کاری بۆ بکەین، دەبێت لەڕووی ڕۆشنبیرییەوە کاری بۆ بکەین، بۆ ئەوەی ئەگەر لە خاڵێکی ناڕازین، بیگۆڕین، ئەگەر لە سیستەمی داراییدا سەربەخۆ بین، خۆمان دەتوانین بڕیاری خۆمان بدەین، جگە لەوەی کوردستان دەبێتە هێزێک و حسابی بۆ دەکرێت و بۆ پارچەکانی دیکە دەبێتە پشتیوان، چونکە ئەوکاتە وەک وڵاتێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.''

ئاماژە بەوەش دەکات، بەداخەوە ئێستاش لەسەر حیسابی ئەو لایەنانە  لە عێراقەوە دەیانەوێت کۆمەڵێک گرفت بۆ برایانمان لە پارچەکانی دیکە دروست بکرێت، چونکە هەریەک لەو وڵاتانەی کوردستانی بەسەردا بەش کراوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستی لەناو عێراقدا هەیە، هەندێک جار بۆچونی سیاسی هەیە، لە کوردستانەوە وەرگری بۆچوونی ئەوانن، بۆیە دەیانەوێت گرفت دروست بکەن. دەشڵێت: ''بۆیە دەبێ دەوڵەتی سەربەخۆ بین، ئەوکاتە دەتوانین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا پاڵپشت بین بۆ برایانمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، مەبەستمان ئەوە نییە هێز بنێرین و شەڕ بکرێت، نا، بواری دیکە هەیە، ئێمە دەتوانین پشتیوان بین، کاتێک کوردستان حیسابی بۆ کرا، حزبەکانی دیکە لە پارچەکانی دیکە نەشەونما دەکەن، ڕێگایان بۆ خۆش دەکرێت، زیاتر پێش دەکەون. ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا بەش کراوە، دەبێ ئەوانیش ئەوە لەبەرچاو بگرن، کە کورد لە کوردستان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان واز لە مافەکانی خۆی ناهێنێت، دەبێ بە شێوە ئاشتی و دیموکراتیانە و لەبەرچاوگرتنی مافی مرۆڤ ئەو گرفتانە لەبەرچاو بگیرێت.''

پڕۆژەیەک لەدژی برایانی ڕۆژهەڵات هەیە

لەو سیمینارەدا گوتەبێژی پارتی پێی وابوو، ئەوانەی دژی سەربەخۆیین، جگە لەوەی زیان لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدەن، زیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەدەن، چونکە قسەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا بەش کراوە، زاڵتر دەبێت، هەروەک دەبینین لە پەرلەمانی عێراق خەریکی پڕۆژەیاسایەکن، دژ بە خوشک و برایانمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەر ئێمە سەربەخۆ بین، سەد پڕۆژەی وا هەبێت، کاریگەریی نابێت، بەڵام ئێستا ڕەنگە تووشی گرفت بین، یان ئەوانەی دەڵێن، نابێت هیچ لایەنێک لە کوردستانەوە لەدژی ئەو وڵاتانە بێت، لەوە دەچێت مەبەستیان حزبەکانی ڕۆژئاوا و باکوور بێت، سبەی ئەوانیش دەگرێتەوە.''

(مەحموود محەمەد) ئەوەشی خستە ڕوو، (سەرۆک بارزانی) زۆر بەچڕی وڵات بە وڵات دەگەڕێت و سەردانی سەرۆک بە سەرۆک دەکات، بۆ ئەوەی پشتیوانی لە سەربەخۆیی بکرێت. لای ئەوانەی بە موئامەرا دەزانرێت با بە خۆیاندا بێنەوە، چونکە موئامەرە شتێکە و ماف شتێکی دیکەیە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌