2017-03-09

فه‌رمانده‌ی كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ رای گه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی موعه‌لمین و سایلۆیان له‌ به‌ری راستی مووسڵ ئازاد كردووه‌ته‌وه‌، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی فیدراڵیش واده‌ی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی مووسڵ ئاشكرا ده‌كات.

فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا روونی كرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراق توانیویانه‌ هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی موعه‌لمین و سایلۆ ئازاد بكه‌نه‌وه‌ و زیانی گه‌وره‌ به‌ چه‌كدارانی داعش بگه‌یه‌نن.

فه‌ریق رائید شاكر جه‌وده‌ت فه‌رمانده‌ی پۆلیسی فیدراڵ لای خۆیه‌وه‌ رای گه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی خه‌ریكی خۆسازدانن بۆ پێشڕه‌ویكردن بۆ ناوچه‌كانی كۆنی مووسڵ و ناوچه‌كان ته‌جاوز له‌ به‌ری راستی شاره‌كه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا هه‌ڵده‌كه‌وتنه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ دوای ئازادكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی حكوومه‌تی ته‌نیا چه‌ند باند و گرووپێكی داعش له‌ مووسڵ ماون.

له‌لایه‌كی تر هێزه‌كانی عێراق توانییان كۆنترۆڵی گرتووخانه‌ی بادۆش له‌ رۆژئاوای مووسڵدا بكه‌ن، له‌و ناوه‌دا هێزه‌كانی فرقه‌ی نۆی زریپۆشی سه‌ر به‌ سوپای عێراق به‌ پاڵپشتیی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی گرتووخانه‌ی بادۆش و زنجیره‌ گرده‌كانی عه‌تشانه‌ و گه‌ڕه‌كی شوهه‌دای یه‌كیان كۆنترۆڵ كرده‌وه‌. 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی سێشه‌م كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی حكوومه‌تیان له‌ ناوچه‌ی ده‌واسه‌ی مووسڵ كرد، به‌ڵام قه‌ناسه‌كانی داعش تا ئێسته‌ش ئه‌و ناوچه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج.

لای خۆیه‌وه‌ ئیسماعیل شه‌فیق موحسین باڵوێزی عێراق له‌ مۆسكۆ رای گه‌یاند كه‌ ئێسته‌ چه‌كدارانی داعش كه‌متر له‌ 15%ی خاكی مووسڵیان به‌ ده‌سته‌وه‌ ماوه‌، دوای ئه‌وه‌ی 40%ی رووبه‌ری عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو.

لای خۆیه‌وه‌ شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگ رای گه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی عێراق بێجگه‌ له‌ ئازادكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی موعه‌لمین و سایلۆ ئێسته‌ ئه‌وان له‌ مناره‌ی حه‌دبا له‌ ناوه‌ڕاستی مووسڵ نزیك ده‌بنه‌وه‌.

شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبیش لای خۆیه‌وه‌ رای گه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی توانیویانه‌ ناوچه‌ی ده‌رناج له‌ رۆژئاوای مووسڵ له‌ داعش پاك بكه‌نه‌وه‌.
 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌