2017-03-01

ئامادەكردن/ سەنگەر هەورامی

لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی كوردستان 24 هێمن هەورامی یاریدەدەری سەرۆك بارزانی بە وردی تیشكی خستە سەر كۆنفرانسی ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی ئاسایشی میونیخدا، كە ئەمەش دیدارەكەیە.
-لە ماوەی مانگێكدا لە ڕووسیا دوو كۆنفرانس كە پەیوەست بە كوردەوە بەستراون. ئایا تۆ وەكو بەشداربووێك چ جیاوازییەك لە نێوان ئەم دوو كۆنفرانسەدا دەبینی؟
*هێمن هەورامی: سەرەتا دەمەوێت ئەو زانیارییە راستبكەمەوە كە ئەوەی ئاماژەت پێدا و هەندێك لە میدییاكانیش باسیان لێوەكرد، دوو كۆنفرانس لە مۆسكۆ بۆ كورد نەكراوە. تەنها بۆ هۆنینەوەی بانگەشەی سیاسی خۆیان بووە و دەتوانین كۆنفرانسەكەی 15 مانگ بە كۆبوونەوەیەكی سیاحی ناو ببەین باشترە لە كۆبوونەوەی سیاسی. چونكە برادەرانی پەیەدە بۆ ململانێی هەندێك لەو پرسە سیاسییانەی لەگەڵ بەشێك لە ڕێكخستنەكانی پەكەكە بیكەن لە چوارچێوەی ئەوەی كە پێیدەوترێت فیدڕاسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی سەربەخۆیان و بانگهێشنامەیان بۆ هەندێك پەرلەمانتاری كوردستان سەر بە لایەنە سیاسییەكانی دیكە ناردبوو، ئێمە لە ڕێگای هەندێك كەناڵی تایبەتی خۆمانەوە پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا كرا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە فەرمی وەڵامی ئێمەیان داوەتەوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری لەو جۆرە كۆنفرانسوو كۆبوونەوەیە نەبوون كە پارتە سیاسییەكانی 15 مانگدا بەستوویانە. بەڵام ئەمەی ئەمڕۆ كۆنفرانسێكی فەرمی نێودەوڵەتییە، نزیكە 100 كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمی و سەرۆكی ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا لێرە بووە، نوێنەری سەرۆكی رووسیا (میخائیل بۆگدانۆڤ) بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەبوو و وتاری هەبووە، نوێنەرانی وڵاتانی ئەمەریكا و ئێران و سعودیە و توركیا و ئوردن و میسر و ئیسرائیل و ئیمارات لوبنان و بەریتانیا. هەروەها منیش وەكو نوێنەری سەرۆك بارزانی كە بە فەرمی بانگهێشتكرابوو بەهۆی كۆنفرانسەكەی میونیخ و سەردانەكەی توركیای نەیتوانی لێرە ئامادە بێت. ئەوەی كە بەڕێوە دەچێت كۆنفرانسە ئەساسییەكەیە لەسەر حەوتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسە دەكرێت، كە قسەكردنە لەسەر هەریەكە لە سیستەمی نوێی جیهان و ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی تیرۆر و ڕەوشی سیاسی عێراق و سووریا و پەیوەندییەكانی نێوان لیبیا و یەمەنوو كێشە نێوخۆیەكانیان و ئەكتەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان لە كاریگەرییە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەرییە ئابوورییەكانیش. ئەمانە ئەو تەوەرانە دەبن كە ئەمڕۆ و سەبەێنێ لە كۆنفرانسەكەدا قسە و باسیان لێوە دەكرێت.
-ئەوەی لە هەندێك میدیادا باسدەكرا كۆنفرانسەكەی 15 مانگ، تەنها نوێنەرانی پەیەدە لەوێ بەشدار نەبوون، بەڵكو نوێنەرانی هەرچوار پارچەكەی كوردستان لەوێ بەشداریان كردووە بە تایبەتی چەند نوێنەرێكی باشووری كوردستانیش؟
*هێمن هەورامی: پێشتریش ئاماژەم پێدا كە برادەرانی پەیەدە و پەكەكە هەندێك دامەزراوە و ڕێكخراویان هەیە یەكێك لەو ڕێكخراوانە (كەنەكە)ـیە لە برۆكسل و زۆر جار بانگهێشتی بۆ حزبەكان دەنێرن، بەڵام ئەوەی كە پێی بوترێت كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بێت بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و بەشداری سەفارات و نوێنەرانی ئەو ناچانەی كە باسمان كرد كۆنفرانسی لەو جۆرەیە نەبووە.
- كە باس لە كێشەكانی پارچەكانی كوردستان دەكرێت هەر یەكەیان بە جۆرە كێشەیەكەوە دەناڵێنێت، بۆچی بە تەنها بانگهێشتی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كراوە؟
*هێمن هەورامی: لە وتارەكەی میخائیل بۆگدانۆڤ بەجودا باسی لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و هەرێمی كوردستان و كاریگەری هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد، هەروەها بە شێوەیەكی جوداش باسی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق و لایەنەكانی دیكە كرد. هەرێمی كوردستانی عێراق دامەزراوەی دەستووری و حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی خۆی هەیە، ئەكتەرێكی بە فەرمی ناسێنراوە لە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵتیدا، بۆیە ئەوەی كە ئێستا هەرێمی كوردستانی عێراق هەیەتی، ئەو پێگە دیپلۆماسی و سیاسیەیە كە بە فەرمی كونسوڵخانەی 36 وڵاتی جیهانی لێیە و ئەندامێكی كاریگەری رێكەوتنە نێودەوڵتییەكانی دژی تیرۆرە. ئەمەیە وایكردووە كە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی دیپلۆماسی و سیاسی ناسراو بێت، هەروەها بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ و سەردانی پێشتری دافوزیش، بەو مانایەیە كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان خاوەنی كەسایەتییەكی ناسراوی نێودەوڵەتییە وە توانیوییەتی لە هاوكێشە جیۆپۆلیتیكییەكانی ناوچەكە و لە شەڕی تیرۆر و ئەو چالاكییانەی كە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەنجامیداون، توانراوە هەرێمی كوردستانی عێراق بخرێتە سەر نەخشەی هێزە كاریگەرەكانی سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم هۆكارە دەستووری و یاساییانەن كە وایانكردووە هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی وەها پێگەیەكیان لە هاوكێشە ناوچەیی و جیهانیەكاندا هەبێت و هەرێمی كوردستان جیاوازتر بێت لە بزافی نەتەوەیی پارچەكانی تری كوردستان.
-پرسی كورد و پرۆژەی سەربەخۆیی لە كوێی ئەو كۆنفرانسەدا جێگای خۆی كردۆتەوە؟
*هێمن هەورامی: یەكەم ڕۆژی كۆنفرانسەكە چوار پانێڵ ئەنجامدراون و ڕۆژی دووەمیش سێ پانێڵی دیكە ئەنجامدەدرێت، پانێڵی یەكەم لەسەر سیستەمی نوێی جیهانی و ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پانێڵی دووەم لەسەر شەڕی تیرۆر و میكانیزمەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بوو، هەروەها پانێڵی سێیەم لەسەر عێراق و سووریا بوو، هەر سێ پانێڵەكە لە یەكتر نزیكبوون، خۆشبەختانە هەموو ئەو بەشداربووانەی كە لەوێ بوون تەنانەت بەو عەرەبانەشی كە جۆرێك لە دیدگای پڕگیری ناسیۆنالیستی عەرەبیان هەیە، لەوانە لە عمر موساشەوە بگرە كە پێشتر سەرۆكی كۆنكاری عەرەبی بوو، ئەویش پێیوایە كە مافی ڕەوای خەڵكی كوردستانە پرسی مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان بە شێوازێكی ئاشتیانە و لە ڕێگای گفتوگۆوە لەگەڵ عێراق جێبەجێ بكات. هەروەها فیتاڵی ناوەنكیك یەكێكە لە ڕاوێژكارەكانی ڕووسیا و زۆر نزیكە لە بڕیاری سیاسی رووسیا، لە لێدوانێكیا باسی ئەوەی كرد كە ناكرێت هەر كۆنفرانسێك لەسەر پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت مەسەلەی كوردستان و كورد، بۆیە پرسی هەرێمی كوردستان سەربەخۆی هەرێمی كوردستان وەك ئەكتەرێكی چالاك كە نەبووەتە ئەجێندای بەشێك لە ئەكتەرە ناوچەیی و جیهانییەكان لە ناوچەكەدا، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی كە ڕێز لە پێگەی هەرێمی كوردستان بگیرێت و تێگەیشتنێكی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان بگیرێتە بەر، هەروەها بە هیچ شێوەیەك نكۆڵی لە مافە نەكرێت كە هەرێمی كوردستانی عێراق هەیەتی.
-ڕەخنە لەوە دەگیرا كە هەرێمی كوردستان بەلای ڕۆژئاوا و ئەمەریكا بووە و كەمتر بەلای وڵاتانی ڕووسیا و چین بوو، بانگهێشتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی وەها و گرێبەستی گۆمپانیای ڕۆست نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان. ئەمانە چ ئاماژەیەك دەگەیێنن، ئایا دڵنیا بین بۆ لەمەودوا ڕووسیا دەبێتە گەمەكەرێكی گرنگ و بۆچوونی بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان دەبێت؟
*هێمن هەورامی: ئەوەی كە لە پانێڵەكاندا باسكرا و خاڵی هاوبەشی هەر سێ پانێڵەكە ئەوەندەی من لێی تێگەیشتم، پێنج گۆڕانكارییەكی گەورەن لەو فاكتەرانەن كە كاریگەریان لەسەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی گەورە و ئێمەش دەبێت لە ناوچەكەدا. یەكەمیان هەموو پانێلیستەكان لەسەر ئەوە كۆكبوون كە فاكتەری كاریگەر لە ساڵی 2017ـدا ڕووسیا لە قوناغێكی دەست تێوەردانێكی سەربازییە لە سووریا، هاتۆتە سەر ئەوەی دەیهەوێت چنینەوەی بەرهەمی سیاسییەكانی لەسەر ئاستی گەورەتر لە سووریا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستكەوێت. هەموو پانێڵستەكان لەسەر ئەوەش كۆكن كە ئیدارەی ترامپ و سیاسەتەكانی بە كوێ دەگات و كاریگەرییەكانی لەسەر ئێران و عێراق و سووریا و ناوچەی ئارام لە سووریا و هاوكێشەی ناوچەكە كاریگەر دەبێت. یەكێكی دیكەش لەو خاڵانەی قسەی لەسەر كرا. ڕاستە ئەمساڵ ساڵی لەناوبردنی داعشە، بەڵام ساڵی بەهێزبوونەوەی تیرۆرە. چونكە ئەو ڕێكخراوە تیرۆرییانەی دیكە كە دژی داعش بوون، بە تایبەتی ئەو ئارگۆمێنتەی كە داعش بەرامبەر قاعیدە هەیبوو. لەم كۆدیدگاوە گەر تێی بنواڕین، دەبینین پەیوەندییەكانی ڕووسیا لەگەڵ معارەزەی سووری و پەیوەندییەكانی رووسیا لەگەڵ توركیا و جۆرێك جیاوازی لە تێڕوانینەكانی ئێران و رووسیا لە پرسی سووریا، جۆرێك لە نزیكبوونەوەی رووسیا و توركیا و ئەمەریكا لەسەر پرسی سووریا، بەو پێیەی كە سێ قۆڵی وەها چارەسەرێكی هاوبەش بۆ سووریا بدۆزنەوە، هەروەها بەستنی كۆنگرەی ئاستانە یەك و دوو و بەشداریكردنی ئاكتیڤانە لە جنیڤ لە سویسرا، ئەمانە هەمووی ئارگۆمێنتن بۆ ئەوەی كە ڕووسیا لە ئێستادا لە قۆناغێكی گرنگی پراكتیزمەكردنی چالاكی سیاسی و چنینەوەی دەستكەوتی سیاسیە لەو سەركەوتنە سەربازییەی لە حەلەب و سووریا لە بەرژەوەندی خۆی و هاوپەیمانیەكانییەوە هێناویەتییە ئاراوە، بۆیە دەتوانین بڵین روسیا كێرڤی سیاسەتی فراوانترین پەیوەندی و ڕۆچوونی قووڵترین پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەكتەرە كاریگەرەكانی ناوچەكە. لەم ڕوانگەیەوەیە كە رووسیا دەیهەوێت پەیوەندییەكی باشتری لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبێت، بیریشمان نەچێت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا پەیوەندییەكی مێژوویی درێژخایانە، ڕاستە هەڵبەست و دابەستی تێدابوون، بەڵام زیاتر پەیوەست بووە بەوەوە كە رووسیا مەودای چالاكییەكانی فراوانتر بووە یان كەمتر بووە. ئێمە پێمانوایە بەو پێیەی كە ئێستا رووسیا دەیهەوێت چالاكییە سیاسی و جیۆپۆلیتیكییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و سووریا بەتایبەتی فراوانتر بكات، دەبینین ئێستا لێدوانەكەی پۆتین لە وڵامی پرسیاری كەناڵی كوردستان 24 لەسەر پرسی سەربەخۆی و ڕۆڵی كورد و پەیوەندی مێژووی كورد و رووسیا و هاتنی كۆمپانیای ڕۆست نەفتی روسی و ئەنجامدانی ڕێكەوتنێكی ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بۆ سێ ساڵی ئایندە، دەبێت بیریشمان نەچێت رووسیا یەكەم وڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو كە كونسوڵخانەی لە هەرێمی كوردستاندا كردەوە، هەموو ئەمانە فاكتەری ئەوەن كە بایەخی رووسیا بۆ ئەوەن كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگەێنێتە ئاستێكی باڵاتر، بۆیە جۆرێك لە تێگەیشتنی زیاتر هەیە، بەڵام دیسان دەڵێمەوە ئێمە هەمیشە ویستوومانە پەیوەندیمان لەگەڵ روسیا هەبێت، بەڵام ئەوەی كە ئێستا تێبینی دەكرێت جدییەتێكی زۆر بە رووسیاوە دەبینرێت بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا.
-پەیوەندییەكان لە دونیادا پەیوەندی ستراتیژی و تاكتیكین، ئایا پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان رووسیا لە كامیانە؟ هەروەها پەیوەندییەكان لەو ئاستەن كە مۆسكۆ لە ئایندەدا دژی سەربەخۆیی كوردستان ناوەستێتەوە؟
*هێمن هەورامی: ئێمە لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەو پێیەی كە هەرێمی فیدڕاڵین و نەبووینەتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بۆیە ناتوانین قسە لەسەر ئەوە بكەین كە پەیوەندییەكەمان ستراتیژیی و مۆركراومان لەگەڵ وڵاتانی گەورەی دونیا هەیە، بەڵام ناشتوانین ئەوەش بڵێین كە پەیوەندییەكی تەكتیكی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتانەدایە. هەرێمی كوردستانی عێراق ئێستا چۆتە قۆناغێكی باڵاتر لەوە خۆی وەكو فاكتەرێكی سەقامگیر و لە پاراستنی هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەدا، هەرێمی كوردستان توانی سەركەوتووانە خۆی بە ئەكتەرێكی كاریگەرەكانی ئاسایشی جیهانی و ناوچەیی لە شەڕی تیرۆردا بناسێنێت، هەرێمی كوردستان بەڵی ئەو ئەكتەرەیە كە رووسیا دەیهەوێت پەیوەندییەكی لەگەڵدا هەبێت پەیوەندییەكانی فراوان و درێژخایەنی هەبێت.
-سەبارەت بە كۆنگرەی ئاسایشی میونیخ، لە لێدوانێكدا ڕاتگەیاندووە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكانی لەگەڵ نوێنەرانی جیهان زۆر بە راشكاوانە باسی سەربەخۆی كوردستانی كردووە و قسەی زۆر جیدی كراوە. ئەو قسە جدیانە چین؟
*هێمن هەورامی: لەماوەی كۆنگرە ئاسایشی میونیخدا شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی وەكو تاكە شاندی هەرێمی، چونكە ئێمە وڵات نین. بەشداری ئەم كۆنگرەیە بوین، شاندی هەرێمی كوردستان نزیكەی 21 كۆبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو شاندانەدا ئەنجامداوە كە لەوێ بەشداربوون، ئەمەش زۆرترین كۆبوونەوە بوون كە شاندێك لە كۆنگرەكەا ئەنجامی دابن. لە هەموو كۆبوونەوەكاندا كە هاتبنە سەر پێگەی ئێستای هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغا، سەرۆك بارزانی زۆر بە ڕاشكاوانە باسی لەوە كردووە كە عێراق بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە، قۆناغی دروستبوونی عێراق لە ساڵی 1920 تا 2003 و قۆناغی دووەم لە ساڵی 2003 تا 2014 لە هەردوو قۆناغەكەدا خەڵكی هەرێمی كوردستان نەك بە مافەكانی خۆیان نەگەیشتوون، بەڵكو بوونەتە قوربانی جینۆساید و سیاسەتە نەگریسەكانی ڕژێمەكانی پێشووتری عێراق و سیاسەتە فاشیلەكانی مالكی و جێبەجێنەكردنی دەستووری عێراقی، لەم دیدگایەوە جەنابی سەرۆك بە هەموو شاندەكانی ڕاگەیاندووە كە هەزمی پرسی هەرێمی كوردستان بكەن و ئێمە بە پرۆسەیەكی دیالۆگی بەرفراوان لەگەڵ عێراق دەستمانپێكردووە كە ئێمە جیدیكە ناتوانین بە هیچ شێوەیەك درێژە بە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا بكەین و ئەوان نایانەوێت شەریكێكی ڕاستەقینە بین و ئێمەش قبوڵناكەین پاشكۆ بین، بۆیە لێرەوە ئێمە بەشێوێن فۆڕمەلەیەكدا دەگەڕێین و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گەیشتنبە گفتوگۆی ئاشتیانەی نێوانمان، جەنابی سەرۆك ڕایگەیاندووە كە ئەوان قبوڵنەكەن شەریكی ڕاستەقینە بین و ئێمەش پاشكۆی قبوڵنەكەین با درواسێیەكی باش بین.
- ئایا ئەو گەشبینییەتان لە ئیدارەی ترامپ بینی كە پشتگیری كورد دەبن لە هەموو دۆخێكدا؟
*هێمن هەورامی: لە سیاسەتدا باوەڕم بە گەشبینی و ڕەشبینی نییە، بەڵكو باوەڕم بە واقیع بینییە. جەنابی سەرۆك چوار كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریكییەكان هەبووە، لە هەرچوار كۆبوونەوەكەدا تەئكید لەسەر هاوكاری و پاڵپشتییەكانی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان كراوە لە شەڕی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری هەرێمی كوردستان.
- بەو پێیەی كە ئێستا پۆستی یاریدەدەری سەرۆك بارزانی تان وەرگرتووە، سەرۆك بارزانی ئەوەندەی هەوڵی پیشگیری لە دونیای دەرەوە و دیپلۆماسییەتی دونیا بۆ سەربەخۆیی كۆدەكاتەوە ئەوەندە لە نێوخۆدا هەوڵنادات؟؟
*هێمن هەورامی: بە هەموو شێوەیەك ئەوە رەت دەكەمەوە كە سەرۆك بارزانی تەنها لەسەر ئاستی دەرەوە هەوڵی دابێت و لەسەر ئاستی نێوخۆ هەوڵی نەدابێت. جەنابی سەرۆك بارزانی پێش 8/5/2015 سەردانی ئەمەریكا بكات لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبوویەوە و پێی ڕاگەیاندن كە دەچم لەگەڵ ئۆباما باسی سەربەخۆیی دەكەم بۆچوونی ئێوە چییە كە گەڕایەوە لە 18/5/2015 دیسان جەنابی سەرۆك لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبوویەوە داوای لێكردن هەموو لایەنەكان نەخشە ڕێگایەك بەرەو سەربەخۆیی دابنێت و بە یەكەوە گفتوگۆی دەكات بۆ ئامادەكاری بەرەو سەبەخۆیی. جەنابی سەرۆك ئەم پرسە لە سەرووی هەموو لایەنە سیاسییەكانەوە دەبینێت، ئەم پرسە پەیوەستە بە تاك بەتاكی خەڵكی كوردستانەوە هەیە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌