راندی مایفیڵد بۆ خەبات:هاتووین چەند كۆنسێرتێكی هونەری بۆ سەركەوتنی پێشمەرگە پێشكەش بكەین |
2017-02-28 |
 |
|
|
دیمانە - مەریوان نەقشبەندی لەدیمانەیەكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات راندی مایفیڵد كەسایەتی هونەریی و ئاینی ناسراوی ئەمەریكا و جیهان و هاوڕێی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە كە ئێستا بەسەردانێك لە هەرێمی كوردستانە، لە دیمانەیەكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات تیشك دەخاتە سەر ئایندەی كوردستان و ئاستی گرنگیدانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد و پشتگیریكردنی حكومەتی هەرێم لە تێپەڕاندنی كێشە سیاسی و سەربازی و داراییەكان. كۆنسێرتێك بۆ سەركەوتنی پێشمەرگە سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان راندی مایفیڵد گوتی: لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانم هاتووین بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵكی كوردستان و ئاوارەكانی نیشتەجێی ئەم هەرێمە و چۆنیەتی بەشداریكردن لەپرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش وێرانی كردوونبدەین. هەروەها هاتووین چەند كۆنسێرتێكی هونەری بۆ ئاشتی و ئازادی و بۆ سەركەوتنی پێشمەرگە پێشكەش بكەین، پێشتر لەسلێمانی دوو كۆنسێرتمان بۆ چین و توێژەكان پێشكەش كرد و لەهەولێریش لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی مادەی 140ی دەستوری عێراق لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووینەوە و لەگەڵ بەڕێز شوان شێخ ئەحمەد سەرۆكی لیژنەكە و دواتریش لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی لیژنەكە گفتوگۆمان كرد لەسەر چۆنیەتی هاوكاریكردنی گەلی كورد و جێبەجێكردنی ماددە دەستووریەكە. لەچاوی پێشمەرگەدا ئازایەتی و خۆشەویستی بەدیدەكرێت لەوەڵامی پرسیارێكدا لەسەر تێڕوانینی بۆ ئایندەی كورد و چارەنووسی داعش و دەوڵەتی عێراق لەدوای داعش ئەم كەسایەتیە ئەمریكیە بەناوبانگە گوتی: كورد بەئازایەتی پێشمەرگەكانی و پەیڕەوكردنی سستمی ئازادی ئاینی و دیموكراسی و ئیدارەدانی شەڕی دژ بەتیرۆر و راگرتنی هاوسەنگی لەپەیوەندیە دبلۆماسیەكانیدا بۆتە جێگەی سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەربۆیە من چەندین جارمە دەڕۆمە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و لەگەرمەی شەڕی داعشیشدا لەگەڵ چەند هاورێیەكی دیكەم سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەمان كرد و كۆنسێرتێكی گۆرانی و مۆسیقامان بۆ رێكخستن و برێك هاوكاری و پێداویستی رۆژانەشمان بەدیاری بۆ بردن و بۆ نانی نیوەڕۆش لەگەڵ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بووین كە لەچاویاندا ئازایەتی و خۆشەویستی بەدی دەكرێت. راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی راندی مایفیڵد لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەی رۆژنامەی خەبات سەبارەت بە جیاوازی نێوان هەردوو ئیدارەی ئۆباما و ترەمپ لەبارەی گەلی كورد و ناوچەكە گوتی: من پێش دوو هەفتە لەنانخواردێكی بەیانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئامادەبووم هەست دەكەم ئەم سەرۆكە و وەزیری بەرگری ئەمەریكا ئێجگار بەپەرۆشن بۆ پشتیوانی گەلی كورد و هێزەكانی پێشمەرگە، لێرەش لەدیداری چەند پەرلەمانتار و كەسایەتی سیاسی و ئاینی هەستم كرد هەموو خەڵكی كوردستان خوازیاری سەربەخۆیی و پشتگیری سەرۆك بارزانین لە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی كە پێشبینی دەكەم زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی دنیا پشتگیری بكەن و وڵاتانی ناوچەكەش بەجۆرێك لەجۆرەكان ناچارن مامەڵەی لەگەڵ بكەن. |
|
|
|
|