لەژێر دروشمی "با، باڵندەكان جێمان نەهێلن" |
2017-02-22 |
 |
|
|
لەچوارچێوەی كەمپینی (با، باڵندەكان جێمان نەهێڵن) رێكخراوە ژینگەییەكانی هەڵەبجە لەبەرزاییەكانی پشت هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا دانەوێڵەیان بۆباڵندەكان رۆكرد. سەرەتای ئەم مانگە كەمپینی "با، باڵندەكان جێمان نەهێڵن" لەلایەن ژمارەیەك لەرێكخراوە ژینگەییەكانی هەڵەبجەوە راگەیەنرا. یەكەمین چالاكی كەمپینەكە بەهاوكاریی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان بەڕێوەچوو، كە رۆكردن و دانانی دانەوێڵە بوو لەبەرزاییەكانی پشت هاوینە هەواری ئەحمەد ئاوا. بەرێوەبەری رێكخراوی ژینگەپارێزی هەڵەبجە هەورامان سەجادی لەلێدوانێكدا گوتی: "دوای راگەیاندنی كەمپینەكەمان و بانگەواز بۆ كۆكردنەوەی دانەوێڵە بۆ باڵندەكان لەم وەرزی بەفر و سەرمایەدا، هاوڵاتیان بەگەرمی پێشوازیان لەكەمپینەكە كرد و لەماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە 500 كیلۆ دانەوێڵەمان كۆكردەوە". ناوبراو گوتیشی:"دوای هەماهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی هەڵەبجە و رێكخراوە ژینگەییەكانی تر، لەبەرزاییەكانی پشت هاوینەهەواری ئەحمەدئاواوە دەستمان پێكرد و جیا لەشێوازە تەقلیدیەكەی جاران بۆ رۆكردنی دانەوێڵە بەتەنها، هەوڵماندا بەجۆرێكی تر و لەنێو دەبەی خواردنەوە گازیەكاندا دانەوێڵە بۆ باڵندەكان هەڵواسین، تا بەفیرۆ نەچێت". سەجادی راشیگەیاند:"چالاكیەكانی كەمپینەكەمان بەردەوام دەبێت و لەم هەفتەیەدا چەند شاخێكی تری دەوروبەری هەڵەبجە و پاشتریش ناوچە شاخاویەكانی تری هەورامان بەسەردەكەینەوە و دانەوێڵە بۆ ئەو ناوچانەش دابین دەكەین". ئەو داواشی لەهاوڵاتیان كرد بەردەوام بن لەهاوكاریكردنی كەمپینەكەیان و گوتی:"ئێمە كارەكانمان بەردەوامی پێدەدەین و هەوڵیش دەدەین بیكەینە نەریتێكی ساڵانە، هەڵبەت بەهاوكاریی هاووڵاتیان". بەرێوەبەری رێكخراوی ژینگەپارێزی هەڵەبجە لە درێژەدا گوتی: "هاووڵاتیان خۆشیان دەتوانن لای خۆیانەوە بەجۆرێك پاڵپشتی كەمپینەكە و پارێزەری ئەو باڵندانەبن تا لەوەرزی سەرما و كەمبوونەوەی خۆراك بۆ باڵندەكان، برسیەتی لەناویان نەبات، بۆ ئەوەش دەتوانن لەقەراغ رێگاكانی دەرەوەی شارەكان، یان سەربانی ماڵەكانیان، یان دانیشتووانی گوندەكان لەدەوروبەری خۆیاندا پاشماوەكانی خۆراكیان بۆ باڵندەكان رۆبكەن، تا باڵندەكان بەجێمان نەهێڵن". |
|
|
|
|