هەر سێ بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك نۆژەن دەكرێنەوە |
2017-02-22 |
 |
|
|
خەبات بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو، ئەكرەم ئەحمەد، لە دیمانەیەكی تایبەتدا باس لەوە دەكات، كە دروستكردنی پڕۆژەكانی ئێران كاریگەرییەكی زۆری هەیە و لە داهاتووشدا مەترسی دروستبوونی كارەساتی لێ دەكرێت، چونكە 12 پڕۆژەی بەنداو و 4 وێستگەی كارەبا و 2 تونێڵی لەسەرە، واتا ئەگەر تەواوی ئەو پڕۆژانە بكەونە كاركردن ئەوا نزیكەی سەدا 70ی ئاوەكەی دەبات. لە هەرێمی كوردستان 15 بەنداو هەیە كە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، بەنداوی دوكان بەگەورەترین بەنداو هەژمار دەكرێت لە هەرێمی كوردستان كە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام لەگەڵ بەنداوی دەربەندیخان تاكە سەرچاوی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبان. بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەكرەم ئەحمەد رایگەیاند، كە بەنداو كۆن بێت یان تازە پێویستی بەدەستكاریكردن هەیە و بەم هۆیەشەوە حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق بوودجەیەكی دیاریكراویان بۆ نۆژەنكردنەوەی هەر سێ بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك تەرخانكردووە و لەماوەی داهاتوودا لە شێوەی تەندەرێكی ئاشكرا رادەگەیەنرێت. بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا گوتی: "لە هەرێمی كوردستاندا 15 بەنداو هەیە، كە سێ لەو بەنداوان لە سەردەمی حكوومەتی عێراقدا دروستكراون و ئەوانی دیكەش دوای راپەڕین دروستكراون لەسەر رووبارە هەمیشەیی و وەرزییەكان، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین بەنداو بۆخۆی خۆی دەسەپێنێت لەو شوێنەی كە دەیەوێت". سەبارەت بەتوانای گلدانەوەی ئاو لە سەرجەم بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد رەسوڵ گوتی: "بەگشتی لە هەرێمی كوردستان ئەمباری 10 ملیار مەترسێجا ئاومان هەیە لەو 15 بەنداوەی كە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لەسەد پۆند (حەوز) هەیە لە هەرێمی كوردستان". بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكان رایگەیاند، بەنداوی دوكان و دەربەندیخان لە كۆتایی ساڵی پەنجاكاندا دروستكراون و بەنداوی دهۆك لە سەردەمی حكوومەتی بەعس دروستكراوە و تاوەكو ئێستا سوود لە هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان دەبینین بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا. ماوەیەك پێش ئێستا هەرسێ بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك بەهۆی زۆری تەمەنییانەوە مەترسی هەرەسهێنانیان لێدەكرا و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرەی گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو پێی وایە كە بەنداو كۆن بێت یان تازە ئەوا پێویستی بەنۆژەنكردنەوە و دەستكاری هەیە و گوتی: "بەنداو تازە بێت یان كۆن بێت، بەردەوام پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە، هەر سێ بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك، هیچیان مەترسی هەرەسهێنانی لێناكرێت، بە?ام پێویستییان بەدەستكاری هەیە چونكە تەمەنی بەنداوی دوكان و دەربەندیخان نیو سەدەی تێپەڕكردووە و بەنداوی دهۆك بەهەمان شێوە نزیكەی چل ساڵی تەمەنە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان 2 ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كردووە و حكوومەتی عێراقیش بوودجەیەكی بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دوكان و دەربەندیخان تەرخانكردووە، میكانیزمی نۆژەنكردنەوەكەش لە رێگای پارێزگاكاندا دەبێت و بەشێوەی تەندەر رادەگەیەنرێت و خودی پارێزگاكانیش سەرپەرشتی پڕۆژەكە دەكەن". لە سنووری پارێزگای هەولێر چەند بەنداوێك هەیە وەكو بەنداوی حەمامۆك كە دەكەوێتە قەزای كۆیە و بەنداوەكانی بانووی تاڵەبان و دێگەڵە و ئاقۆیان و رەزگەدوین و جەلی، كە ئەوانیش تازە دروستكراون و بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی بەنداو و كۆگاكانی ئاو، بەنداوی دێگەڵە تەواوبووە بەڵام بەنداوی جەلی بەهۆی قەرەبوونەكردنەوەی خاوەن زەوییەكانی ئەو ناوچەیە، نەتوانراوە ئاوی لێ كۆبكرێتەوە و لەمبارەیەوە ئەكرەم ئەحمەد رەسوڵ گوتی: "بەنداوی دێگەڵە تەواوبووە و هیچ كێشەیەكی نییە و ئاویشی كۆكردووەتەوە، بەنداوی بانووی تاڵەبان بەهۆی قەیرانی دارایی، پڕۆژەكە وەستاوە، بەنداوی جەلی زۆربەی دامەزراوەكانیشی تێدا تەواوبووە، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی قەرەبووی جووتیاران، ئەوانەی كە زەوییەكانییان ژێر ئاوكەوتووە لەو ناوچەیەدا، نەتوانراوە ئاوی تێدا كۆبكەینەوە و لە ئێستادا رەزامەندییەكی زارەكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییمان وەرگرتووە كە پارەی جووتیاران بەشێوەی چەك بدرێت، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین ئاوەكە بگرینەوە". بەنداوەكانی پارێزگای سلێمانیش بریتین لە بەنداوی دوكان كە توانای گلدانەوەی 6 ملیار و 800 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، دەربەندیخان توانای گلدانەوەی 3 ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە، ئاوەسپی توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن و500 هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە و هەڕاوە توانای گلدانەوەی 10 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە. بەنداوی دهۆكیش كە دەكەوێتە شاری پارێزگای دهۆك توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەترسێجایە، هاوكات لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چەند بەنداوێك هەیە كە بریتین لە بەنداوەی باوەشاسوار، حەسەن كەنووش، خۆرنەوازان و قادر كەرەم و شیوەسوور. سەبارەت بەڕێژەی كۆكردنەوەی ئاو لەمساڵدا بە بەراورد بەساڵی رابردوو، ئەكرەم ئەحمەد گوتی: "لە بەنداوی دوكان نزیكەی 400 ملیۆن مەترسێجا لە ساڵی پار كەمترە، بەڵام بەنداوی دوكان زۆر زیاترە لە ساڵی پار، هەرچەندە ئەمساڵ بارانبارین كەم بووە بەڵام جێگای مەترسی نییە". بەهۆی ئەوەی بەنداوی دەربەندیخان دەكەوێتە سەر رووباڕی سیروان و لە دیوی ئێرانیش ژمارەیەك پڕۆژە لەسەر ئەو رووبارە دروستكراوە و بەم هۆیەوە مەترسی كەمبوونەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان دەكرێت و ئەو بەرپرسەی بەنداوەكانیش لەمبارەیەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت "دروستكردنی پڕۆژەكانی ئێران كاریگەرییەكی زۆری هەیە و لە داهاتووشدا مەترسی دروستبوونی كارەساتی لێ دەكرێت، چونكە 12 پڕۆژەی بەنداو و 4 وێستگەی كارەبا و 2 تونێڵی لەسەرە، واتا ئەگەر تەواوی ئەو پڕۆژانە بكەونە كاركردن ئەوا نزیكەی سەدا 70ی ئاوەكەی دەبات و مەترسی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان دروست دەبێت". بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد گوتیشی: "بەهۆی قەیرانی دارایی پڕۆژەكانمان پەكیانكەوتووە هەرچەندە كێشەی ئاو لە هەموو دونیا سەریهەڵداوە بۆیە ئێمەش پێویستە بەنداوی نوێ دروست بكەین بۆ ئەوەی بۆ خواردنەوە و بۆ كشتوكاڵ سوودی لێ ببینین، ئێمە بەردەوام كاری بۆ دەكەین و لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لێكتێگەیشتنێكمان هەیە لەوبارەیەوە". |
|
|
|
|