2017-02-16

خه‌بات: رانیار دڵشاد
ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان، شوێنه‌واره‌ سه‌رنج راكێشه‌ گه‌شتوگوزارییه‌كان ده‌كاته‌ سمبولێك و له‌ڕێی دیاریه‌وه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی ئه‌و گه‌شتیارییانه‌ی سه‌ردانی شوێنه‌گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، دوای چه‌ندان هه‌وڵ له‌ ساڵانی رابردوو  ئێستا كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت توانی ئه‌م كاره‌ بكات.
نادر روستی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ (خه‌بات) ی راگه‌یاند: كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت له‌ هه‌نگاوێكیدا بۆ یەكەم جار لە كوردستان كاری دەستی و سۆڤینەری بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ و بە كوالیتیه‌كی بەرز و هەموو جۆرە قه‌باره‌یه‌ك و بە چەندان شێوازی جیاواز و سەرنج ڕاكێش، شوێنە جوانەكانی گەشتوگوزار و شوێنەوارە گرنگەكان دەكاتە سیمبوڵ و له‌ڕێی دیاری بۆ گەشتیاران دەخاتە بازاڕ.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و دیارییه‌ بۆ هه‌موو گه‌شتیارێك وه‌كو یه‌كه‌ یان بۆ هه‌ندێكیان جیاوازه‌، نادر روستی له‌م باره‌یه‌وه‌ گووتی: لێرە بەدواوە هه‌مووگەشتیارێك به‌بێ جیاوازی دیاری سیمبوڵی شوێنه‌واره‌ گرینگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دەتوانی دەستیان بخات.
روستی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار كار ئاسانی بۆ سەرجەم خاوەن كارە دەستیەكان و كۆمپانیاكان دەكات كە بتوانن گرنگی بە كاری دەستی و كاری سۆڤینەری بده‌ن و كوردستان لە رێگای پیشەكانیان بە گەشتیاران و بە جیهان بناسێنن، ئه‌مه‌ش واده‌كات ئه‌و گه‌شتیارانه‌‌ به‌سیمبوڵی گرینكی شوێنه‌واره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو خانه‌واده‌كانیان، ئه‌م كاره‌ خۆی له‌خۆیدا هەنگاوێكی گرنگە بۆ ناساندنی گەشتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌