2017-02-16

دڵشاد مستەفا وەسانی

دەڵێی لە چارەمان نووسراوە، هەر قسە بكەین و كردارمان نەبێ، دەرفەتیش هەڵكەوێ، هەر قسە دەكەین و دەیڵێینەوە، دەوروبەر چەند كۆسپمان بۆ دروست بكات، خۆشمان هێندەی دی، یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی هەموو كاتێك گرنگە، لێ لەكاتێكدا كورد ئەوپەڕی پێویستیی پێیە، حزب خۆی لێ تەریك دەكات.
بەو پێیەی لایەنە سیاسییەكان لە جیاتی كورد قسەدەكەن، هەڵوێستی باش و خراپیان، بەسەر كۆمەڵگەی كوردستاندا رەنگ دەداتەوە، ئەگەر خەباتی رەوای خەڵك و هەڵبژاردن ئەو شەرعییەتەی پێدابن، ئەوا ئەمانەتیان نەپاراستووە، ئەو خۆ بەنوێنەر زانینەی خەڵكیان بۆ بەرژەوەندی حزبی قۆستۆتەوە، هەر ئەوەشە وایكردووە، هەڵوێستی ئەو حزبانە بە هەڵوێستی خەڵك حیساب بكرێ، بۆیە جێی داخە كەحزب لە ئاستی داواكاری خەڵكدا نییە، دەگوترێ كورد ناتوانێ داواكاریی وەدەست بێنێ، ئەگەر بەراوردێكی حزبەكانی خۆمان و حزبی پێكهاتەكانی دیكەی عێراق بكەین، جیاوازییەكی زۆر لە چۆنیەتی تێڕوانینیان بۆ دوارۆژ بەدی دەكەین.
وێڕای ئەوەی گەندەڵی بۆتە پەتایەكی گەورە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە حزبی پێكهاتەكانی دیكە تێبینی دەكرێ ئەوەیە، هێشتا بۆ سبەینێش كاردەكەن، راستە حوكمڕانیی خراپ و گەندەڵی، هەموو جەستەی دامودەزگاكانی دەوڵەتی تەنیوەتەوە، لێ لەگەڵ ئەوەی داواكاریی باشكردنی ژیانی خەڵك بۆتە داواكاریی یەكەم، بەڵام هێشتا حزبەكان ئاییندەی پێكهاتە نەتەوەیی و تایفیەكانیان لەبەرچاو دەگرن.
مانەوەی حزبەكانی عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە و حزبی پێكهاتەكانی دیكەی عێراق، بەندە بەوەی تا چەند ئەو حزبانە، كار بۆ تۆخكردنەوەی سیمای ئیتنی و تایفی دەكەن و بەرگریی لێدەكەن، لەبەرئەوەی فەرامۆشكردنی مافی كورد لە عێراق بۆتە عادەت، هەڵوێستی حزبی هەموو ئەو پێكهاتانە، لەبەرامبەر داوای كورد یەكە، هەموویان ئەو داوایە بە جیابوونەوە دادەنێن، جیابوونەوە بە قەولی شۆفێنییەكان كراوەتە كارەسات و بە گوناهێكی گەورەی دەزانن، بۆیە هەر حزبێك لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندا بێت، ئەوا وەك ئەوە وایە گوناهێكی گەورەی كردبێ و خیانەتی لە پێكهاتەی خۆی و یەكپارچەیی عێراق كردبێ.
كەچی حزبی كوردی، بەو ئاقارەدا كار دەكات، چەند سیمای نەتەوەیی كاڵ بكاتەوە و سەربەخۆیی بە گاڵتەجاڕی دابنێ، ئەوا پێیوایە بەو شێوەیە دەسەڵات وەردەگرێ، ئەم تەرزە كاركردنەی حزبی كوردی، رێك لەگەڵ ئاراستەی كاری حزبی پێكهاتەكانی دی دێتەوە، بەمەش حزبی كوردی كۆسپەكانی رێگەی حزبی پێكهاتەكانی دی لادەبات، لەو لاشەوە كۆسپ لە رێگەی هاتنەدی ئامانجی باڵای كورد دروست دەكات، حزبی كوردی دیارییەكی زۆر بەنرخی، پێشكەش بە بەغدا و حزبی پێكهاتەكانی دی كردووە، چونكە بەهۆی ململانێی تەسكی حزبایەتی، كاری لەسەر ئەوە كردووە، داواكاریی كورد لە وەرگرتنەوەی خاكەوە بكرێت بە مووچە.
پێداگریی سەرۆك بارزانی لەسەر سەربەخۆیی و باشكردنی ژیانی خەڵك، دەرفەت لەبەردەم ئەو تێڕوانینە حزبییە ناهێڵێتەوە كە بە سوك سەیری داوا رەواكە دەكات و شەرمی حزبەكانی شكاندووە، ئێستا رووبەروو بە شاندەكانی بەغدا دەڵێن: دەمانەوێ دوو دراوسێی باش بین.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌