2017-02-16

 پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بە شێوازی جیاواز دەستی پێ كردووە و دەشڵێ، بەو هۆیەوە رەوشی ئەمنیی عێراق بەرەو خراپتر دەچێت و كوشتن و رفاندنی هاووڵاتیان زیادی كردووە.

(خۆشەوی خەلیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەیەكە لە عێراق بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بە شێوازی جیاواز دەستی پێ كردووە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەمێكە لە رێگەی كۆتلەكانی نێو پەرلەمان و خۆپێشاندانی هاووڵاتیانەوە موزایەدە بەسەر یەكەوە دەكەن، ئەوەیش هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تا دەنگی شەقام بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بەدەست بێنن، بەشێك لە خۆپێشاندانەكانیش بە تایبەتی ئەوانەی رۆژانی رابردووی لایەنگرانی (سەدر)، بۆ ململانێی نێوخۆیی هاوپەیمانیی شیعە دەگەڕێتەوە".
(خەلیل) گوتیشی: "بەداخەوە بە هۆی ململانێی هێزە عێراقییەكانەوە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن، خەریكە رەوشی عێراق خراپتر دەبێت، چونكە بەپێی ئامار و زانیارییەكانی هێزە ئەمنییەكان، لە ناوچەكانی باشووری عێراق رووداوی كوشتن و رفاندن زیادی كردووە، رەوشی ئەمنیی عێراق خۆی خراپە بە هۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانەوە، پێشبینیی رەوشی خراپتریش دەكرێت".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌