2017-02-13

كارزان حەیدەر

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات:"بە قەرزی ژاپۆن قۆناغی یەكەمی پرۆژەی چارەسەر كردنی ئاوی قوڕسی هەولێر جێبەجێ‌ دەكرێت كە ئاوی پیسی ماڵان دەگەیەندرێتە  وێستگەیەكی چارەسەر كردن،دوای دەرچوونەوەی لەو وێستگەیە جارێكی دیكە دەتوانرێ‌ بۆ ئاودانی گوڵ و باخچە بەكار بێت، ئەو  بەڕێوەبەرە دەڵێ‌:"ئەگەر تەواوی پرۆژەكە جێبەجێ‌ بكەین،پێویستمان بە ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلارە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی  بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند:"ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنی لەڕێگەی كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری تایبەتمەند دیزاینی پرۆژەی چارەسەركردنی ئاوی قوڕسی هەولێری  ئامادە كردووە و بەپێی ئەو پلانەی داڕێژراوە ساڵی 2018 دەستی پێدەكرێت، ئەگەر هیچ كێشەیەكی نێتە ڕێ‌  بە ساڵ و نیوێك تەواو دەبێت.
ئەو بەڕێوەبەرە زیاتر گوتی:"وێستگەی چارەسەرەیەكە دەكەوێتە نزیك توڕەقی سەر بە شاری هەولێر،تەواوی ئەو گەڕەكانی نزیكن لەو پرۆژەیە،ئاوی ئاوەڕۆكانیان كە ئاوی ناندین و حەمام و ئاودەست دەگرێتەوە، دەبەسترێتەوە بە  وێستگەی چارەسەركردنەكە لەبەر ئەوەی تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان جگەلە ئاوەڕۆی باران،ئاوەڕۆیەكی دیكە نییە،هاوڵاتیان لە ناچاری و نەبوونی ئاوەڕۆی ئاوی قوڕس،ئاوەڕۆی باران بەكاردێنن بۆ ڕزگاربوون لە ئاوی پیسی ماڵەكانیان.
بەپێی قسەی ناوبراو لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو بیرانەی لە ماڵان بۆ ئاوی ڕەش ( ئاوی ئاودەست) لێدراوە كەڵكی خواردنەوەیان نامێنێ‌،لەبەر ئەوەی دوای 10 مەتر هەڵكۆڵین چەگل و بەرد دەردەكەوێ‌ كە توانای هەڵمژینی هەیە،ئەو بیرانەش كە بۆ ئاوی ڕەش(ئاودەست) لە ماڵان لێدەدرێت، ئاوە ڕەشەكە هەڵدەمژێ‌ و دەچێتە ژێر زەوی و ئاوی پاكی ژێر ژەوی پیس دەكات بەشێوەیەك
بۆ خواردنەوە كەڵكی نامێنێ‌،لە ئێستادا ئاوی پیس دەچێتە دەرەوەی شار بێ‌ چارەسەركردن،هەندێك لە جووتیاران ئەو ئاوە پیسە بۆ كشتوكاڵ بەكاردێنن كە مەترسی دەخاتە سەر تەندروستی هاوڵاتیان.
ئەگەرچی تەنها دوای جێبەجێ‌ كردنی پرۆژەی چارەسەركردنی ئاوی قوڕسی هەولێریش لەو وێستگە نوێیە،ئاوەكە هەر بۆ ئاودانی كشتوكاڵ ناشێت مەگەر بۆ ئاودانی باخچەو گوڵەكان نەبێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕ ڕایدەگەیەنێ‌:" بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ  ئێستا لە قۆناغی دەستنیشانكردنی كۆمپانیای ڕاوێژكاریە كە بەپێی گرێبەستمان لەگەڵ حكومەتی ژاپۆن دەبێت كۆمپانیاكە ژاپۆنی بێت،جگەلە كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە هەر دەبێ‌ ژاپۆنی بێت لەگەڵ تەواوی كەلوپەل و تەكنەلۆژیای ژاپۆنی كە لە پرۆژەكە بەكار دێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌