2017-02-13

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
رەوشی‮ ‬سیاسی‮ ‬و ئەمنی‮ ‬بەغدا بەهۆی‮ ‬ململانێی‮ ‬مەزهەبگەراییەوە تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت،‮ ‬هێز و لایەنە عەرەبییەكان بەهۆی‮ ‬ناتەبایی‮ ‬و كوتلەكاری‮ ‬و هەستی‮ ‬مەزهەبییەوە شەراكەتی‮ ‬پێكهاتەكانی‮ ‬ناو پەرلەمانی‮ ‬عێراقییان خستووەتە ئاستێكی‮ ‬خراپ،‮ ‬دەتوانین بڵێین بە نیسبەت كوردەوە هیچ جۆرێك لە شەراكەت و بەرژەوەندی‮ ‬نەماوە،‮ ‬چونكە ئەو گرووپ و هێزە عەرەبییانە نایانەوێت كورد لە بەغدا رۆڵ ببینێت‮ ‬یان بمێنێتەوە،‮ ‬بەڵام كاتێكیش كورد باسی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬دەكات ئیدی‮ ‬دووچاری‮ ‬هەڵچوونی‮ ‬سیاسی‮ ‬دەبنەوە،‮ ‬هەر بۆیەش رۆژانە كێشەی‮ ‬تازە بۆ كورد دروستدەكەن تا دامەزراوەكانی‮ ‬هەرێم پەكیان بكەوێت و شەقامی‮ ‬بەغدا و هەرێم دژی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان راپەڕن‮. ‬
رەوشی‮ ‬بەغدا سەرباری‮ ‬خراپی‮ ‬دۆخی‮ ‬سیاسی،‮ ‬لەرووی‮ ‬ئەمنییشەوە سەقامگیر نییە،‮ ‬هەر رۆژەی‮ ‬بە شێوازێك و سەدان كەس دەبنە قوربانی‮ ‬كردە تیرۆرییەكان،‮ ‬دەسەڵات و بەرپرسە عەرەبەكان لەبری‮ ‬ئەوەی‮ ‬خەمێك لە هەلومەرجی‮ ‬ئەمنی‮ ‬و شەراكەتی‮ ‬نەتەوەكان بخۆن،‮ ‬بە پێچەوانەوە بەردەوام خەریكی‮ ‬دروستكردنی‮ ‬گرفتی‮ ‬سیاسی‮ ‬تازەن و رەواج بە ململانێكان دەدەن،‮ ‬ئەو عەقڵییەتە سیاسییەی‮ ‬بەغدا،‮ ‬ناتوانێت ئارامی‮ ‬بۆ عێراقییەكان خۆیان دەستەبەر بكات،‮ ‬ئەمە چ جای‮ ‬بۆ كورد‮! ‬هەڵبەت ئەو دۆخە ئەمنی‮ ‬و سیاسییە قەیراناوییەش هیچ سوودێكی‮ ‬بۆ هەرێمی‮ ‬كوردستان تێدا نییە،‮ ‬ئیدی‮ ‬زەحمەتە سیاسییە فاشییەكانی‮ ‬بەغدا لە خواست و مافی‮ ‬كورد بگەن،‮ ‬باكیان بەوە نییە كورد مافی‮ ‬هەیە‮ ‬یان نییەتی،‮ ‬بەڵكو دەخوازن كورد وەك چەوساوەیەك لەژێر هەیمەنەی‮ ‬پڕ‮ ‬لە كێشە مەزهەبی‮ ‬و سیاسی‮ ‬و كۆمەڵایەتییەكانی‮ ‬ئەواندا بمێنێتەوە،‮ ‬بەمەش زیانی‮ ‬گەورە بە پێگەی‮ ‬كورد دەكەوێت،‮ ‬رەنگە لەسەر ئاستی‮ ‬جیهانیشدا وەك بەشدار لەو گەڕەلاوژەیەی‮ ‬بەغدا سەیری‮ ‬كوردیش بكرێت،‮ ‬چونكە كوردیش تاوەكو ئێستا لە بەغدا ماوەتەوە و هەندێ هێزی‮ ‬كوردیش پێداگری‮ ‬لەسەر مانەوەی‮ ‬كورد لە بەغدا دەكەن،‮ ‬بەڵام واقیع وا دەخوازێت گەڕانەوەی‮ ‬كورد بۆ هەولێر باشترین بڕیاری‮ ‬سیاسییە و دەبێت كورد بوێرانە ئەو بڕیارە بدات،‮ ‬ئەگینا لەناو ئەو دۆخەی‮ ‬ئێستای‮ ‬بەغدا،‮ ‬كورد نەك هیچ سوودێك بەدەست ناهێنێت،‮ ‬بەڵكو تەنیا كات دەكوژێت و دواجار دەبێ هەر بگەڕێتەوە هەولێر،‮ ‬بەڵام رەنگە ئەوكات بە لاوازی‮ ‬بگەڕێتەوە‮. ‬ئەمە روونبووەتەوە كە ئەو عەقڵییەتەی‮ ‬دەسەڵاتی‮ ‬بەغدای‮ ‬بەدەستەوەیە،‮ ‬بە هیچ جۆرێك كوردی‮ ‬قبووڵ نییە و نایەوێتیش هیچ پێشكەوتنێك لە هەرێمی‮ ‬كوردستاندا رووبدات،‮ ‬هەر وەك لە شەڕی‮ ‬داعشدا،‮ ‬بە هیچ جۆرێك بەغدا هاوكاری‮ ‬هەرێمی‮ ‬نەكرد،‮ ‬لەكاتێكدا لە سەرەتای‮ ‬شەڕەكەدا تەنێ پێشمەرگە لە گۆڕەپانی‮ ‬شەڕدا مایەوە و بە ئیمكانیەتێكی‮ ‬لاواز رووبەڕووبی‮ ‬داعش بووەوە،‮ ‬ئەمە لە لایەك،‮ ‬لە لایەكی‮ ‬ترەوە،‮ ‬ئاوارەیەكی‮ ‬زۆر بەهۆی‮ ‬شكستی‮ ‬سوپاوە هاتنە هەرێم،‮ ‬دیسانەوە بەغدا هاوكاری‮ ‬پێویستی‮ ‬نەكردن،‮ ‬هەموو ئەوانە بۆ ئەوەن كورد نەپڕژێتە سەر ئەوەی‮ ‬بیر لە پێشكەوتن بكاتەوە‮. ‬
كەوایە گەڕانەوە بۆ هەولێر،‮ ‬بڕیارێكی‮ ‬گرنگە و پێویستە بە دەستەجەمعی‮ ‬و راشكاوانە هەولێر نوێنەرەكانی‮ ‬لە بەغدا بكشێنێتەوە،‮ ‬ئەگینا مانەوە لە بەغدا كە هیچ ئومێدێك بۆ چاكبوونی‮ ‬رەوشەكە لە ئارادا نییە جگە لە كاتكوشتن،‮ ‬گەڕانەوەیەكیش دەبێت بۆ خاڵی‮ ‬سفر،‮ ‬بەوەی‮ ‬پێشبینی‮ ‬دەكرێت كێشەی‮ ‬گەورە بۆ كورد دروستبكرێت بە تایبەتی‮ ‬هەڕەشەی‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبی،‮ ‬بەڵام لە ئێستادا كە بەغدا سەرقاڵی‮ ‬ململانێكانی‮ ‬خۆیەتی،‮ ‬هەلومەرجێكی‮ ‬باش بۆ كورد رەخساوە تا بگەڕێتەوە هەولێر و بە جیهان و شەقامی‮ ‬عەرەبی‮ ‬بڵێت،‮ ‬ئێمە ناتوانین لەناو ئەو گەڕەلاوژەیەی‮ ‬بەغدا بمێنینەوە‮!‬

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌