2017-02-12

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ به‌ نێوه‌ندگیری رووسیا، رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و لایه‌نی كوردی  له‌ سووریا كۆبوونه‌ته

له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئیزفستیا رووسی، لاڤرۆڤ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیاریكی دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند هه‌واڵێك كه‌ له‌ راگه‌یاندنی عه‌ره‌بیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ نێوه‌ندگیری رووسیا رژێم و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ بنكه‌ی حمه‌یمیم كۆبوونه‌ته‌وه‌.

لاڤرۆڤ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ رووسیا هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵای داوه‌ له‌نێوان رژێم و كورده‌كاندا لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش دروستبێت به‌ئامانجی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ مانگه‌كانی نێوان حوزه‌یران-كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، به‌ نێوه‌ندگیری رووسیا، رژێم و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان چوار كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌. هاوكات لاڤرۆڤ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ هه‌ر كاتێك پێویست بووبێت نوێنه‌رانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی سیاسیی-كۆمه‌ڵایه‌تی كورد له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كۆبوونه‌ته‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا لاڤرۆڤ، ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی به‌ره‌وپێشچوون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، لاڤرۆڤ زیادكردنی هه‌ژموونی سه‌ربازی ناتۆی له‌ سنووره‌كانی رووسیا به‌ هه‌نگاوی ئاژاوه‌گێڕی و زیانگه‌یاندن به‌ سه‌قامگیری ناوزه‌ند كرد و، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری پێشهاته‌ سه‌ربازیی و سیاسییه‌كانی ئه‌ورووپا ده‌كه‌ن و، هه‌نگاوی پێویستیشیان گرتووه‌ته‌به‌ر به‌رامبه‌ر هه‌ر مه‌ترسییه‌ك.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌