2017-02-12

كەریم قادر

لەم وڵاتەدا كەسێك نادۆزیتەوە بە گرینگییەوە لە كۆنگرەی نەتەوەیی نەڕوانێت، كە ئامانجێكی لەمێژینەی سەرۆك بارزانییە. بەڵام شكل و ئامانجی كۆنگرەش گرینگە‌، چونكە لە ئەنجامی ئەوەی خاكی كوردستان دوور لە ئیرادەی دانیشتووانەكەی بەسەر چوار وڵاتدا دابەش كراوە، هەر پارچەیەك‌ تایبەتمەندی و پێشكەوتنی تایبەت بەخۆی هەیە، بازدان بەسەر ئەم واقیعە نەخوازراوە بێ بوونی چوارچێوەیەك لە شێوەی كۆنگرەی نەتەوەیی لە بەرژەوەندیی ئامانجی رەوای كوردستاندا نییە.

بەڵام بەشدارانی كێ بن؟ ئایا تەنها ئەو حزبە سیاسیانە تێیدا بەشدار بن، كە خەباتی چەكداری دەكەن؟ یا زەرووریشە كەسایەتی و خەڵكی پسپۆریش تێیدا بەشدار بن، نەخاسمە ئەوە كۆنگرەی نەتەوەییە؟ چونكە ئەگەر تەنها نوێنەری حزبە سیاسییەكان تێیدا بەشدار بن، كەواتە دەبێتە كۆنگرەی حزبە سیاسییەكان، كێ دەسەڵاتی دیاریكردنی نوێنەرانی هەیە و لەسەر چ بنەمایەك بەشداربووان دیاری دەكرێن؟ ئایا رەوا نییە پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانیش تێیدا بەشدار بن، كە ساڵەهایە لەگەڵ كورد پێكەوە لەسەر ئەو خاكە دەژین، تەنانەت خوێنیشیان بۆ رزگاریی كوردستان بەخشیوە و داگیركار ئەوانیشی لە تاوانەكانی خۆی نەپاراستووە.

وێڕای بێ وەڵام مانەوەی ئەم پرسیارانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەم رۆژانەی دوایی، كە ئەستێرەی بەختی كورد زیاتر روو لە درەوشانەوەیە، لێرەو لەوێ خەڵكانێك دەستیان داوەتە چەواشەكاری و رشتنی فرمێسك بۆ نەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، كە پێشتر بە پاساوی كێشەكان و نەگونجانی كات خۆیان لێی دەدزییەوە، وێڕای ئەوەی بە كردەنی لە ئێستادا كێشەی نێوان حزبە سیاسییەكان لەچاو پێشتر قووڵتر بوونەتەوە. بەڵام كە دەبینن كێشەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو چارەسەر دەڕۆن و یەكریزی و یەكهەڵوێستییەك دروست دەبێتەوە، ئێستا دێن فرمێسك بۆ نەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەڕێژن، هەندێكیان بەتایبەتی بەرەی دژەسەربەخۆیی لەوەش واوەتر دەڕۆن، وەك چۆن لەروانگەی سیاسییانەوە هەموو كێشەكانی كوردستان دەخەنە ئەستۆی پارتی، ئێستایش دەیانەوێ بە بڵاوكردنەوەی چەواشەكاری دەستی چەوری خۆیان بە پارتی بسڕنەوە، كە لە بنەڕەتەوە درێژەدانە بە شەڕی فەرمانپێكراویان بە شەخسی سەرۆك بارزانی، لێرەدا هەوڵ دەدەم، راستی ئامانجی كۆنگرەی نەتەوەیی و هۆكار و سەبەبكاری نەبەستنی بۆ هەموو لایەك روون بكەمەوە.

لە 22/ 7/ 2013 سەرۆك بارزانی لە هەولێری پایتەختی كوردستان بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان كۆبۆوە و لە وتارێكدا ئامانج و مەبەستەكەی بۆ هەمووان خستەڕوو، كە "ئامانجی سەرەكیی ئێمە لەو كۆنگرەیە بریتییە لەوەی هەموو لایەنە سیاسییە كوردییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ببنە خاوەنی وتار و ستراتیژییەكی هاوبەش. "

لەپێناو گەیاندنی پەیامی ئاشتیانەی كورد بە جیهانی دەرەوە بۆ راستكردنەوەی ئەو غەدرەی لەمێژوو لە كورد كراوە: "لە سەردەمی تازەدا بەهێزترین چەك و باشترین ڕێگە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دنیای دەرەوە و مسۆگەربوونی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و ئاشتی و پەیڕەوكردنی ڕێوشوێنە دیموكراتییەكانە، سەرئەنجام دەبێتە هۆی ئەوەی شەرعییەتێكی نێودەوڵەتی بدرێتە ویست و داواكارییەكانمان و پێگەی كوردیش لە نێوەندە جیهانییەكاندا بەهێزتر ببێت" كە بە داڕشتنی ستراتیژێكی هاوبەش كۆنگرە ئامانجی خۆی دەپێكا، بەڵام بەهۆی هەوڵە خۆسەپێنەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەئێستادا پەكخراوە‌: "پێویستە گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ستراتیژییەكی هاوبەشی ئاشكرا و ڕێكوپێك دابڕێژن لەپێناو گەیاندنی پەیامی ئاشتییانەی گەلی كورد. "

واتە پێویستە گیانی برایەتی و نیشتمانی زاڵ بێت، نەك ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسی بەرتەسك: "بە گیانێكی برایانە و نیشتیمانی و دوور لە هەموو جۆرە هەڵوێست و ئایدیۆلۆژییایەكی سیاسیی بەرتەسك لەگەڵ یەكتردا كار بكەن"، كە بەداخەوە ئەم بەیەكەوە كاركردنە نابیندرێ و سەبەبكاریش دیارە.

دیسان پێویستە مافی پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانیش لەبەرچاو بگرێ: "واجبی هاونیشتیمانیبوون و مرۆڤایەتی ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێ كە لە هەموو بڕیارێكدا بەرژەوەندیی هەموو گەلانی كوردستان و هەموو كوردستانییەكانمان لەبەر چاو بێت، " ئەم ئامانجەش لەلایەن پەكەكەوە فەرامۆش كراوە و هیچ حیسابێكی بۆ نەكراوە.

ئامانجێكی دیكەی كۆنگرە پشاندانی رووی مەدەنی كوردە "بەهەموو توانایەك كار بۆ پتەوتركردنی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی نێوانیان بكەن و نموونەیەكی شارستانی و پێشكەوتووی كاری سیاسی لە ناوچەكەدا بخەنەڕوو"، بەڵام بەداخەوە، ئێستا لێكدی تێكدان و خۆسەپاندن و خۆشەتەكدان بە بەرنامەی نەیارانی كوردستان جێگەی گرتۆتەوە. ئایا كات گونجاوە بۆ بەستنی ئەم كۆنگرەیە یا قسەكردنیان و تاوانباركردنی پارتی هەوڵێكی دیكەیانە بۆ بەلاڕێدا بردنی هەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە مافە رەواكان؟

بەكورتی و بە پوختی ئامانج لە كۆنگرەی نەتەوەیی ئەوە بوو، كە خزمەتی رزگاركردنی كوردستان بكات، بەڵام ئایا ئەوە لەنێوان حزبە سیاسییەكان بەدی دەكرێ، كە كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بەرهەم بهێنێ؟ بەبێ دوودڵی دەڵێین نەخێر، لەبری ئەوە پەكەكە و كلكە باریكەكانی تا پێیان كرا بە پاساوی بێبنەما یەكریزی كورد و یەكهەڵوێستیان تێكدا، چونكە كاتێك هەوڵەكەیان بۆ كردنی كۆنگرە بە پاشكۆی سیاسی و بەكارهێنان بۆ مەرامی ئایدیۆلۆژیای خۆیان شكستیان هێنا، ئێستا نەبەستنی كۆنگره لە دژی سەرۆك بارزانی بەكار دەهێنن‌، كە خۆیان هۆكاری نەبەستنی بوون. 

لە كۆتاییدا داوا دەكەم لە هەموو ئەوانەی باسی كۆنگرەی نەتەوەیی دەكەین، جارێكی دیكە بچن وتارەكەی جەنابی سەرۆك بخوێننەوە، كە لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان پێشكەشی ئامادەبووانی كرد و بەرواردی بكەن لەگەڵ هەڵسوكەوتەكانی ئەم چوار ساڵەی پەكەكە و كلكەكانی، بۆتان دەردەكەوێ، كێ هۆكاری نەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەییە، حزبێك بەهەموو توانای خۆی كار بكات بۆ لەمپەر دروستكردن لەبەردەم مافی نەتەوەیی، ئایا مافی هەیە باس لە بەستن و نەبەستنی كۆنگرەیەك بكات و فرمێسكی درۆزنانەی بۆ بڕێژێ، كە ئامانجی رزگاركردنی كوردستانە؟.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌