2017-02-11

دوای ئەوەی هەزاران كەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بۆ گۆڕینی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن خۆپێشاندانیان ساز كرد، ئەوان ویستیان بچنە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا، بەڵام رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە تەناهییەكان دروست بوو و بەو هۆیەوە ژمارەیەك خۆپێشاندەر كوژران و بریندار بوون، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش داوای لێكۆڵینەوەی لە هۆكاری كەوتنەوەی قوربانیان دەكات.

دوای سەركوتكردنەوەی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە تەناهییەكانی عێراق، نووسینگەی سەدر بەیاننامەیەكی دەركرد و تیایدا داوای لە خۆپێشاندەران كرد كە پاشەكشە بكەن و خۆپێشاندان بۆ كاتێكی تر دوا بخەن و هەڕەشەی لە حكوومەتی عێراقیش كرد و رەفتارەكانی لە بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بە تیرۆر وەسف كرد كە لە داهاتوودا هەڵوێستی توندتریان لە بەرامبەر دەبێت.

حكوومەتی ناوەخۆیی بەغدا دوای هێوربوونەوەی دۆخەكە رای گەیاند كە لە رووبەڕووبوونەوەكەی ئەمڕۆی هێزە تەناهییەكان و خۆپێشاندەراندا، چوار كەس گیانیان لەدەست داوە و 320 كەسیش بریندار بوونە بە گولەی راستەقینە و پلاستیك و گازی فرمێسكڕێژ.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌