2017-01-23

 ئەوە سێیەمین دیداری منە لەگەڵ مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق. لە 10ی حوزەیرانی 2014 لە پاریس دیدارێكم لەگەڵی هەبوو، چەند كاتژمێرێك بەر لەوەی من بگەمە لای راگەیاندنەكان باسیان لە كەوتنی مووسڵ دەكرد لەلایەن داعشەوە، ئەوكات بارزانی پێشبینی ئەوەی كرد كە قۆناغی دوای كەوتنی مووسڵ قوڕس و تاڵ دەبێت. ئەوەش بە راستی رووی دا، لە زستانی 2015 دا داوای دیدارێكی دیكەم لێكرد و لە بارەگای سەركردایەتی كردنی بەرەی جەنگی دژ بە داعش پێشوازی لێكردم، ئەو رۆژە گوتی "سنوورە تازەكە لەنێوان وڵاتان و ناوخۆیاندا بەخوێن وێنە دەكێشرێ". چەند رۆژێكیش بەر لە ئێستا لە داڤۆس "كە بەفر بە تەواوی دایپۆشیوە" پێی گەیشتم، بەڵام هەر دەبوو گفتوگۆكەمان بە پرسیاركردن لەبارەی شەڕی مووسڵ و پرسی داعش دەستپێبكەین، بەر لەوەی بچینە نێو پرسە عێراقییەكانی دیكە. ئەمەش دەقی گفتوگۆكەمانە...

غەسان شەربل
 ****
* فەخامەتی سەرۆك، دوایین پێشكەوتنەكانی شەڕی مووسڵ چین؟
سەرۆك بارزانی: بە ئازادكردنی لای چەپی مووسڵ، نیوەی مووسڵ رزگار كرا و ئەمەش لەخۆیدا سەركەوتنێكی گەورەیە و گورزێكی كوشندەیە لە دژی داعش.
* چ كاتێك بە گونجاو دەبینن بۆ ئازادكردنی تەواوی مووسڵ، چەند مانگێك یان زیاتر؟
سەرۆك بارزانی: هەموو ئەگەرێك لەم شەڕەدا لە ئارادایە. لە هەندێك شوێن ئێمە پێشبینی بەرگری كوشندەمان لەلایەن داعشەوە دەكرد بەڵام لە كاتی شەڕدا ئەمە رووی نەدا، لە هەندێك شوێنیش وامان دەزانی هیچ بەرگریەك ناكەن بەڵام بینیمان بەرگریەكی سەختیان لەخۆیان كرد. بەڵێ مووسڵ گرنگترین شوێنە بۆ داعش و ئەوان بە پایتەختی خۆیانی دەزانن و بەهەموو شێوەیەك بەرگری لە بوونی خۆیان لەو شوێنەدا دەكەن بۆیە دەستنیشانكردنی كاتی دیاریكراو بۆ تەواوبوونی ئەم شەڕە كارێكی ئەستەمە.
* پێشمەرگە قوربانی زۆی دا لەم شەڕە؟ قەبارەی قوربانیەكانی پێشمەرگە چەند بوو؟
سەرۆك بارزانی: بە داخەوە قوربانییەكان زۆر بوون، لە ساڵی 2014 تا ئەمڕۆ 1668 شەهیدمان هەیە و ژمارەی بریندارانیش گەیشتۆتە 9725، بە پێی ئەو زانیاری و راپۆرتانەش كە لەلایەن دەزگاكانی هەواڵگری خۆمانەوە دەستكەوتوون، كوژراوانی داعش زیاتر لە 15 هەزار كەسی تێپەڕاند.
* ئەو یارمەتی و پاڵپشتییەی دەتانویست لەو شەڕەدا بە دەستتان كەوت؟
سەرۆك بارزانی: پاڵپشتی ئاسمانی زۆر بەهێز بوو بۆ ئێمە، بەڵام پڕچەك پێشمەرگە بە پێی پێویست نەبوو.
* هێرشە ئاسمانیەكانی ئەمەریكا كار بۆ كورت كردنەوەی ماوەی شەڕ دەكات؟ بەبێ ئەو هێرشانە شەڕەكە كاتی زیاتری دەبرد؟
سەرۆك بارزانی: بێگومان، بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق گرنگ بوون و رۆڵێكی زۆر كاریگەری هەبوو.
* ئەم هێرشانە بە وردی دەكران؟
سەرۆك بارزانی: زۆر ورد و كاریگەر بوون بە تایبەتی لە بەرەی خۆمان و شانازی بەوە دەكەم كە هاوكاری و هەماهەنگی نێوان ئێمە و هاوپەیمانان بە ئاستێكی نایاب بوو، و شانازیش بەوە دەكەم كە لە بەرەی خۆماندا هیچ ئامانجێكی مەدەنی نەپێكرا و هیچ مەدەنییەك نەكوژرا و ئەمەش شتێكی دەگمەنە لە مێژووی شەڕەكانی جیهان.
* ئێوە خاوەنی دەزگایەكی ئەكتیڤی هەواڵگرین، هیچ زانیاریتان لەبارەی شوێنی ئەبوبەكر بەغدادیەوە هەیە؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ دەزگایەكی گرنگی هەواڵگریمان هەیە، بەڵام تا ئێستا لە شوێنی بەغدادی دڵنیا نین و هیچی لەبارەوە نازانین.
 * لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە خۆی دەگواستەوە؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، جاران لە مووسڵ بە ئازادی دەجوڵایەوە بەڵام نەدەزاندرا لەكام گەڕەك و كام شوێن. ئەو لە نێوان مووسڵ و تەلەعفەر و لەنێوان سووریا و عێراق دەجوڵایەوە و لەچەند مانگی رابردوودا لە هاتوچۆیشی وریا بوو و ئێستا هیچی لەبارەوە نازانین.
* ئایا داعش لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە زیرەكە؟
سەرۆك بارزانی: ناتوانین بڵێین زیرەكیان هەیە یاخود زیرەكییەكی جیاواز، بەڵام ئەوان توانای شوشتنەوەی مێشكی خەڵكیان هەیە و ئامادەییان هەیە بۆ مەرگ. ئێمە تێبینی ئەوەمان كرد نەوەك زیرەكی سەربازی.
* چەند دیلی داعش لەژێر دەستی پێشمەرگەدان؟ ناسنامەیان چییە؟
سەرۆك بارزانی: لە رەگەزی جیاوازن و ناتوانم ئاماژە بۆ ژمارە بكەم.
* هیچ كەسێك موراجەعەی ئێوە دەكات لەبارەی ئەو دیلانە؟
سەرۆك بارزانی: تا ئێستا كەس بەسەری نەكردووین.
* رێژەی خەڵكی نا عێراقی نێو داعش چەندن؟
سەرۆك بارزانی: زۆرترینیان شیشانین، دوای ئەوانیش ئەو كەسانە دێن كە بە زمانی توركی قسە دەكەن لە ئۆزباكستان و توركمانستان و كازاخستان و توركیا و ئازاربایجان و تا چەند شوێنێكی چین. زۆرترین عەرەبی نێو داعشیش تونسین.
* شەڕێكی سەختتان بۆ ئازادكردنی شاری باشیك بردە سەر، سروشتی ئەو شەڕە چۆن بوو؟
سەرۆك بارزانی: باشیك بە درێژایی 15 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە و ئەو شارەش زۆر گرنگە چونكە چەندین نەوەو ئایین و مەزهەبی بەخۆوە گرتووە لە عەرەب و كورد و مەسیحی و ئێزیدی و داعش لەو شارەدا بە شێوەیەكی سەیر خۆی حەشار دابوو و خۆی پاراستبوو. كاتێك شەڕی مووسڵ دەستیپێكرد، پێشمەرگە داعشیان لە دوای خۆیان جێهێشت و شارەكەیان بۆ ماوەی دوو هەفتە گەمارۆ دا و دواتر دەستیان بە هێرش كرد بۆی و ئەوكات 113 شەڕكەری داعشی لەو شارەدا هەبوو و هیچ كەسیان خۆیان بە دەستەوە نەدا. پێشمەرگە 110 چەكداری لێ كوشتن و 3 یان كەوتنە بەردەستمان وەكو دیل لەبەر ئەوەی زۆر بە سەختی بریندار ببوون، جا بزانە چۆن مێشكیان شۆردراوە. باشیك هێمای پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیە و لە دوای ئازادبوونی من زوو سەردانم كرد و ئەوكات كۆمبوونێكی زۆر جوانی جەماوەری لەوێ بەدی كرا. نوێنەرانی مووسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و مەزهەب و تایفەكانی دیكە پێشوازیان لێكردم و چەپكە گوڵیان پێشكەش كردم كە بە گرانترین و بە نرخترین دیاری دەزانم لەبەر ئەوەی ئاماژەیەكە بۆ راستی پرەنسیپی پێكەوە ژیان. ئەو شارە بە زەیتوون دەوڵەمەندە و لە ڕووی ئابووریەوە گرنگی زۆری هەیە.
* ئایا داعش توانی كۆگای چەك و تەقەمنی و شوێنی خۆپاراستن لەنێو مزگەوت و كلێساكان دا درووست بكات؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ راستە، هێزەكانی هاوپەیمانانیش رێنمایی پێویستییان داوە بۆ لێنەدانی مزگەوت و كلێسا و نەخۆشخانە، بۆیە داعش ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و بارەگای خۆی تیادا درووست كرد.
* هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ شوێنێكی لەم جۆرەیان پێكا؟
سەرۆك بارزانی: بەپێی زانیاریەكانم بە دەگمەن شوێنی وا بوونە ئامانجی هێرشە ئاسمانیەكانی داعش، ئەگینا هیچ شوێنێك نەپێكرا و نەكرابووە ئامانج.
 * باسی ئەوەتان كرد هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان لە نێوان داعش و پێشمەرگەدا ورد بوون؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ بێگومان زۆر ورد بوو و بە پێی زانیاریەكانم هیچ كەسێكی مەدەنی لەم هێرشە ئاسمانیانەی لە بەرەی پێشمەرگەدا هەبوون نەكوژراوە، بەڕاستی نموونەیەكی جوانی شەڕیان نیشان دا كە پێویستە سوودی لێ وەربگرێت.
* مووسڵ بۆ چ عێراقێك دەگەڕێتەوە دوای ئازادبوونی؟
سەرۆك بارزانی: مووسڵ لە شارەكانی دیكەی عێراق جیاوازترە جا لەسەر ئاستی سەنتەری پارێزگا یانیش هەموو پارێزگا بە گشتی، مووسڵ بە فرەییەوە بەناوبانگە و پێشی داگیركاری داعش بۆ مووسڵ 300 هەزار كورد تیایدا دەژیان، ئێستا زۆربەیان ئاوارەن. هاوكات مەسیحی و كورد و توركمان و كوردی شیعەی تیادا بوو، وابزانم عەرەبی شیعەشی تیابوو، بۆیە بە بۆچوونی من بارودۆخی مووسڵ پێویستی بە پلانێكی جیاواز هەیە. پێویست بوو ئێمە لە میانەی دانانی پلانی ئازادكردنی مووسڵ لەگەڵ لەگەڵ بەغدا و ئەمەریكیەكان دەبوایە پلانێكی تۆكمە بۆ قۆناغی دوای شەڕی مووسڵ دابنێین بەڵام پەلەییەك لە جێبەجێكردنی پلانی ئازادكردنی مووسڵ بەدی كرا و لەسەر ئەوە رێككەوتین لیژنەیەكی هاوبەش پێبكهێنین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر گرفتێك لە دوای ئازادكردنی ئەم شارە. مووسڵ چەندین شوێن و ناوچەی تیادایە كە سەر بە هەرێمی كوردستانن وەكو شنگار كە زۆرینەی كوردن، هەروەها شێخان و ئاكرێ، هەموویان لە هەرێمی كوردستان دابڕێندران لەسەردەمی بەعسەوە مەعقوولیش نیە قبوڵی ئەوە بكەین ئەم بارودۆخە وەكو خۆی بمێنێتەوە، چونكە بڕیاری دابڕاندنی ئەو ناوچانە هەموویان لەسەردەمی (مەجلیسی قیادەی سەورە) بەعسەوە دەرچوون و ئێستا بە هەڵوەشاوە لەقەڵەم دەدرێن، لەگەڵ ئەوەش دا ئێمە رێز لە بڕیاری خەڵك دەگرین لە ریفڕاندۆم.
* چەند ساڵی ژیانت لە شەڕ بەسەر بردووە؟
سەرۆك بارزانی: سێ چارەگی ژیانی خۆم لە شەڕ و تێكۆشان و خەبات دا بەسەربردووە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا بۆ یەكەم جار چەكم كردە شان تاوەكو ئەمڕۆش بەردەوامم.
* بە بۆچوونی ئێوە سەددام و ئەبو بەكر بەغدادی، كامیان لەوەی دیكە خراپترن؟
سەرۆك بارزانی: دیكتاتۆر زۆرن، هەر یەكە و بە پێی قۆناغی خۆی كاری خۆی كردووە.
* داعش حیقدی تایبەتی بەرامبەر بە كورد هەیە؟
سەرۆك بارزانی: حیقدی ئەوان بەسەر مرۆڤایەتیە، كورد خاوەن زۆرینەیەكی مووسڵمانی سوننەیە، گەلێكی كراوەیە و باوەڕیان بە پێكەوەژیان هەیە و ئەوەی ئێمە باوەڕی پێ دەكەین زۆر لە بیر و بۆچوونەكانی داعشەوە جیاوازە، ئەوان ویستیان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەكە بسەپێنن و كورد رایان گرتن و بەرپەرچیان دانەوە، بۆیە حیقدیان بەسەر كوردەوە هەیە.
* ئێوە دیلتان لەلای داعش هەیە، زانیاری ئەوەتان هەیە ئایا هیچ پلانێكیان دەبێ بۆ ئەوەی خۆیان لە هەرێمی كوردستان حەشار بدەن و لەوێ خۆیان بپارێزن؟
سەرۆك بارزانی: بێگومان ئەوان دەیانویست هەولێر و هەموو شارەكانی كوردستان بخەنە ژێر دەسەڵاتیان، ئەوان هەولێریان نەكردە ئامانج، بەڵكو نەخشەكانیان ئەوە نیشان دەدات كە دەیانەوێ لە هیندستانەوە تاوەكو ئیسپانیا لە ژێر دەستیان بێت، ئەگەر دەستیان بەسەر كوردستان بگرتایە نازانم كێ دەیتوانی ئەوان لەو شوێنەدا بهێنێتە دەرەوە بە تایبەتی لە چیاكان. ئەوان كورد بە تەگەرە و رێگر دەزانن بۆ نەخشەكانیان و كورد بە هۆكاری شكستیان لە قەڵەم دەدەن.
* پەیوەندیەكانتان لەگەڵ بەغدا چۆن وەسف دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: لە پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ، هەماهەنگیەكی زۆر بەرچاو لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبوو و دەكرێ لەسەر ئەم پێشكەوتنە ئیجابیە لە ئایندەدا زۆر شت بونیاد بنرێت، بەڵام هیچ پێشكەوتنی دیكە لە بوارەكانی دیكە لە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بەدینەكراوە و لە دوایین سەردانیشمدا بۆ بەغدا لە سیپتەمبەری رابردوودا بە راشكاوی پێم گوتن، ئێمە لە دانانی هاوبەشی راستەقینە شكستمان هێنا و نەمانتوانی شەراكەت درووست بكەین بۆیە پێویستە بە دوای شێوازێكی دیكەی پەیوەندی بگەڕێین، با ببینە دراوسێیەكی باشی یەكتر.
* ئاوات بە سەرۆك وەزیران عەبادی گوت؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ وام بە عەبادی و هاوپەیمانی نیشتیمانی گوت.
* وەڵامیان چی بوو؟
سەرۆك بارزانی: ئەوان موتەفەهیم بوون
 * لەبەر چی تا ئێستا بەغدا بەشی هەرێمی كوردستانی لە پارەی بودجە نەناردووە؟
سەرۆك بارزانی: راستە، پێویستە ئەم پرسیارە ئاراستەی بەغدا بكرێت. ئەوان ئیدیعای ئەوە دەكەن ئێمە بەبێ ئەوان نەوتمان ناردە دەرەوە و بەشی هەرێمی كوردستانیان لە بودجەی عێراقدا بڕی، بەڵام هەرێمی كوردستان لە دوای بڕینی بودجە نەوتی ناردە دەرەوە.
 * عەبادی بەڵێنی گەڕانەوەی بودجەی پێ نەدایت؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێنەكان زۆرن، بەڵام جێبەجێ نەكران، گرفتەكان زۆرن.
* عەبادی رێگری زۆری لێدەكرێت لە حوكم كردن؟
سەرۆك بارزانی: تەگەرە و رێگری زۆر لەسەر عەبادی هەن بۆ ئەوەی شكستی پێبهێنن، تەنانەت موئامەرەشی لەسەر دەكەن. لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵیشدا ئەوانەی مووسڵیان بۆ داعش بە دەستەوەدا و لە دەسەڵاتدا نەمان، بە هەموو شێوەیەك هەوڵیان دا ئەم ئۆپەراسیۆنە شكست بهێنێت.
* حەشدی شەعبی رۆڵی لە ئازادكردنی مووسڵ هەیە؟
سەرۆك بارزانی: لە نێو شاردا نەخێر، بەڵام ئەوان تەلەعفەریان ئازادكرد، واتا لە رۆژئاوای مووسڵ رۆڵیان هەیە.
 * قسە و هەڕەشەی زۆر لە سەركردەكانی حەشدی دەبیسترێت لە دژی هەرێمی كوردستان، ئەوان بە ئاشكرا هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ترستان لە شەڕی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی هەیە؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ بێگومان زۆرجار گوێمان لە لێدوانی لەم جۆرە دەبێت و بێگومان لێدوانی نامەسئولانەن كە لەلایەن چەند كەسێكی نێو حەشدی شەعبیەوە دەبیسترێن، ئێمە دەمانەوێ لاپەڕەی شەڕ بە یەكجاری دابخەین و خۆمان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشخستن و باشتركردنی بارودۆخی خەڵك تەرخان بكەین. بەڵێ ئەم لێدوانانە مایەی نیگەرانیمانن و بێگومان هەر كەسێك بیەوێ تەعەدا لە كوردستان بكات وەڵامی خۆی وەردەگرێت و هیوادارین بارودۆخ نەگاتە ئەو ئاستە بەڵام بێگومان كەسانێكی نا بەرپرس لە حەشدی شەعبیدا هەن ئەم لێدوانانە بڵاو دەكەنەوە بەڵام كەسانێكیش هەن هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن.
* ئایا لە شەڕەكانی ئێستادا هەماهەنگیتان لەگەڵ ئێران هەیە؟
- بە گوێرەی هەرێم هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی هەیە، بەڵام حەشد هەماهەنگی لەگەڵ ئێراندا هەیە.
* چۆن باس لە پەیوەندی ئەمڕۆتان لەگەڵ توركیا دەكەن، ئایا گرفتی بۆ سەر پەیوەندییەكانتان لەگەڵ ئێران درووست نەكردووە؟
- پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا نایابە، بەڵام لەسەر حیسابی پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران نییە، ئێران خاوەن نفوزێكی گەورەیە.
* دەگوترێت ئێران خاوەن قسەی یەكەم و كۆتاییە لە بەغدا، ئایا ئەمە بۆ هەرێمیش وایە؟
- پێم وانییە هەتا لە بەغداش خاوەن قسەی یەكەم و كۆتایی بێت، بەڵام خاوەن گەورەترین نفوزە لە بەغدا.
* بۆ نموونە ئایا هەولێر دەتوانێت لەگەڵ بەغدا بە لێكتێگەیشتنێك بگات، بەبێ ئەوەی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ تاران هەبێت؟
- ئێران نفوزێكی گەورەی لە بەغدا هەیە، پێموانییە بە بێ پیرۆزبایی ئێران لێكتێگەیشتنەكە سەربگرێت.
* بەعسییەكان كارئاسانییان بۆ هاتنە ژوورەوەی داعشەكان كرد، ئایا ئێستا رۆڵیان ماوە؟
- ئێستا رۆڵیان بەرتەسك بۆتەوە، كاتێك داعشەكان هاتنە نێو مووسڵ ژمارەیان لە 500 چەكدار تێپەڕی نەدەكرد، بەڵام بەعسییەكان و خەڵكی تر یارمەتی داعشیان دا، دواتر لێیان هەڵگەڕانەوەو زۆربەیانیان لەناوبرد.
* ئایا دەزگاكانی ئێوە زانیارییان لەسەر شوێنی عزەت دوری جێگری سەدام حوسێن هەیە؟
- هیچ زانیارییەك لەبارەی عزەت دوری و شوێنەكەی نییە، بەڵام بە پێی زانیارییەكانی پێشوو ئەو لە دەرەوەی عێراقە.
* لە دەرەوەی عێراق، لە چ شوێنێكە؟
- ماوەیەك لە یەمەن بوو، بەڵام دوای رووداوەكانی یەمەن پێموانییە توانیبێتی تیایدا بمێنێتەوە.
* ئایا هەوڵی نەداوە پەیوەندیتان پێوە بكات؟
- نەخێر.
* جاروبار دەگوترێت پەیوەندی نهێنیتان لەگەڵ هەندێ بەعسییەكانی پێشوو هەیە؟
- هیچ پەیوەندییەكی نهێنیی بوونی نییە، ئەگەر پەیوەندی هەبووایە ئەوە بە ئاشكرا دەبوو، هەرێمی كوردستان دەرگای بۆ هەموو هاووڵاتییە عێراقییەكان واڵایە ئەگەر كێشەی یاساییان لەسەر نەبێت، ئێمە لاپەڕەیەكی نوێمان لەگەڵ هەموو لایەك كردۆتەوە.
عەرەبی سوننەو هەرێم
* چۆن سەیری رەوشی ئەمڕۆی عەرەبی سوننە لە عێراق دەكەیت؟
- رەوشی عەرەبە سوننەكان لە بارێكی باشدا نییە، بەداخەوە گرفتی سەرەكیی ئەوان نەبوونی مەرجیەعەتی ئایینی و سیاسییە، كێشە گەورەكەشیان ئەوان پارچەپارچەو رێكەوتوو نین.
* ئایا راستە هاوسەنگی مێژوویی نێوان شیعەو سوننە لە عێراق تێكچووە، بە تایبەتیش دوای ئەو رووداوانەی لە ئەنبار روویان دا؟
- گومانی تیا نییە هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی سوننەكان دا نییە.
* گوترا دوای رووخانی سەدام حوسێن شاندێكی سەركردە سوننەكان سەردانیان كردیت، تۆش ئامۆژگاریت كردن هەوڵ بدەن هەرێمێك بۆ خۆیان درووست بكەن ؟
- بەڵی راستە، یارمەتیشیمان دان كۆنگرە لە هەولێر ساز بكەن، تا زیاتر راشكاوانەتر بم، من قسەم لەگەڵ سەرۆك و نوێنەرەكانیان كرد، بۆم شیكردنەوە كە عێراق گۆڕاوە، هەرێم گۆڕاوە، جیهان گۆڕاوە، دەبێ ئێوەش عەقڵتان بگۆڕن، ئەگەر پێشبینی دەكەن شیعەو كورد زوڵمتان لێ دەكەن، من پەیمانتان پێ دەدەم پشتگیری لە ئێوە بكەم. بەڵام ئەگەر پێتان وابێت دەتوانن رابردوو بگەڕێننەوە ئەوا بە هەڵەداچوون، بە فیدراڵی رازی بن. بەڵام بەداخەوە ئەوان بایەخیان بەو بابەتە نەدا، ئەوان لە ژێر كاریگەری كەلتووری كۆن دابوون، كەلتووری یەك حزبی. هەندێ لە سووننەكان هەستیان بەم راستییە دەكرد، بەڵام ترسیان لە موزایەدات كردن بەسەریانەوە هەبوو.
* ئایا شیعەكان ئەو كات ئامادەییان تیابوو بە پێكهێنانی هەرێمێك بۆ سووننەكان رازی بن، ئایا لەو بارەیەوە قسەت لەگەڵیان كرد؟
- ئەو كات شیعەكان ئامادەبوون بە هەرێمێك بۆ سووننەكان رازی بن، من لەوبارەیەوە قسەم لەگەڵ كردن بەڵام سووننەكان بەو بیرۆكەیە رازی نەبوون، ئێستاش هاوكێشەكە گۆڕاوە سوننەكان رازین و شیعەكان دژی دەوەستنەوە، ئەمڕۆ رەوشی عەرەبی سوننە زۆر سەختە، ناوچەكانیان خاپوور بووەو ژمارەیەكی زۆریشیان ئاوارە بوونەو خاوەن مەرجەعیەتێك نین.
* دەسەڵاتی ئەمریكا لە عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنیت، ئایا بێهێزە؟
- بەلای كەمەوە، بەشێوەیەكی دیارو بەرچاو دەسەڵاتی ئەمریكا لە عێراق بەدی ناكەم، بەڵام نازانم ئەگەر لە سەردەمی ترەمپ شتێك لەدوای پەردەوە بوونی هەبێت.
* ئایا پێشبینی دەكەیت لەسەردەمی سەرۆك دونالد ترەمپدا گۆڕانكاریی بەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی عێراقدا بێت؟
- هەموو لایەك پێشبینی دەكەن نەك تەنیا دەربارەی عێراق، بەڵكو گۆڕانكاری تەواو بەسەر سیاسەتی ئەمریكا دابێت.
* ئایا پێتوایە، ترەمپ زیاتر پشتگیری لە كورد بكات؟
- ئەوە پێشبینی كراوە.
* ئایا پەیوەندیتان بە ئەركانەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكاوە هەیە؟
- بەڵێ پەیوەندی باشمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكاوە هەیەو باشیان دەناسین، بەشێكیان لە ناوچەكە كاری كردووە یا سەردانی كوردستانیان كردووەو زانیاری باشیان لەسەر رەوشی ئێمە هەیە.
* مەبەستت تیمی بەرگری و ئاسایشە؟
- بەرگری و ئاسایش، هەروەها وەزیری دەرەوەش، كاتێك سەرۆكی كۆمپانیای ئیكسۆن مەبیل بوو چەندین جار چاوم پێیكەوتووەو باشی دەناسم.
* بە بۆچوونی ئێوە ئایا سیاسەتی ترەمپ لەگەڵ ئۆباما لە بارەی ئێرانەوە جیاواز دەبێت؟
- ئەمە پێشبینی كراوە، ئەوەش لە لێدوان و هەڵوێستەكانی دەخوێندرێتەوە، كە ئەو لەگەڵ ئێران توندتر بێت.
* ئەم پێشبینییەت لەسەر چ بنەمایەك سەرچاوەی گرتووە؟
- لەسەر لێدوان و هەڵوێستەكانی، هەروەها لێدوانەكانی تیمەكەی جا بەرگری بێت یا ئاسایشی نەتەوەیی، هەروەها لەسەر زانیاریم لەسەر تیمە نوێیەكە.
* ئایا هەلی گەڕانەوە بۆ عێراقی یەكگرتووە ماوە؟
- سەختە، زۆر سەختە...
* ئایا پێكەوەژیانی كوردو عەرەب لە عێراق لەبارچووە؟
- ئەگەر بەتەواوی لەباریش نەچووبێت ئەوا بەداخەوە گەیشتۆتە قۆناغێكی خراپ، برایانی عەرەب بە هاوبەشی كورد رازی نەبوون.
* بەغدات خۆش دەوێت؟
- بابەتی شاری بەغدا لەگەڵ ئەو سیاسییانە جیایە كە حوكمی بەغدا دەكەن، من لە بەغدا ژیاوم و تیایدا خوێندوومە، وەك شارێك خۆشم دەوێت، بەڵام ئەركی من روونە، ئامانجی من ئەوەیە شتێك بۆ گەلی كورد بەدەست بێنم. لە ساڵی 2005 ماوەی 53 رۆژ لە بەغدا مامەوەو جددیانە بەشداریمان لە داڕشتنەوەی دەستوور كرد، لەو ماوەیەدا بارەگاكەم 36 جار بۆردوومان كرا. هەموو شتێكمان لە پێناو پارێزگاری لە یەكپارچەیی عێراق كرد، بەڵام هەندێ سیاسی كە بەناوی عێراقەوە حوكمڕانی دەكەن هەموو پردەكانی پەیوەندیی و مێژووییان تەقاندەوە، بە نیازپاكی كاریان نەكرد، وەك ئێمە لە درووستكردنی هاوبەشییەكی راستەقینە، نیازپاك نەبوون، بۆیە پێویستە لەسەریان ئێستا گلەیی لە خۆیان بكەن نەك لە من.
* ئەگەر بەیانی لە خەو هەستایت بینیت نوری مالیكی سەرلەنوێ بۆتەوە سەرۆكی حكومەت لە بەغدا چی دەكەیت؟
- من نامەوێت كارەكان بە شەخسیی بكەم، بەڵام هیواخوازم لە پێناو بەرژەوەندی هەموو عێراقییەكان ئەوە روونەدات.
* پرسیارەكەم دووبارە دەكەمەوە: چی دەكەیت ئەگەر مالیكی گەڕایەوە؟
- لەو چركەساتەی مالیكی دەبێتەوە سەرۆك وەزیران، بەبێ گەڕانەوە بۆ كەس سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنم، جا ئەوەی دەبێت با ببێت، نامانەوێت خاپووركردنی عێراق تەواو بكات، چونكە لەسەردەمی ئەودا هەزارەها كەس لە رۆڵەكانی عێراق لەسەرجەم كەرتەكان تیرۆر كران و ناوەكانیشمان لایە، من ناڵیم خۆی چووەو ئەنجامی داوە، بەڵام ئەمە لە ژێر حوكمرانی ئەودا روویدا، گومان هەڵناگرێت پێی رازی بووە. بە داخەوە نەهجێكی تایفی و دەسەڵاتدارێتی گرتەبەر و گورزی لە شیعەو سووننەو كورد وەشاند، پێی وابوو تاكە فەڕمانڕەوای عێراقە، ناتوانم لە عێراقێكدا بمێنمەوە كە مالیكی حوكمڕانی بكات، بەداخەوە پێشبینیم نەدەكرد رك و كینەو دوژمندارێتی مالیكی لە ئاست كورد بەو ئەندازەیە بگات.
* بەو ئەندازەیە مالیكی سەختە بۆت؟
- ئەو خیانەتی لە متمانەی برایەتی و هاوكاری كرد.
* ئایا مالیكی دەیویست وەك سەدام بێت هەتا لە پێگەیەكی دیكەش دابێت؟
- ئەگەر هێزو توانای سەدامی هەبووایە بەچەند قۆناغ پێش سەدام دەكەوت.
* چی دوای ئازادكردنی مووسڵ، ئایا دەست بە دانوستاندن لەسەر رەوشی هەرێم و سەرلەنوێ كردنەوەی بابەتی بوودجە دەكەن؟
- دانوستاندن لەسەر ئەوە دەكەین كە چۆن دوو هاوسێی چاك و باش بین.
* ئایا پرۆژەیەكی ئامادەكراوت هەیە؟
- بەڵێ.
* مەبەستت لە هاوسێی باش چییە.. ئایا وەك بەشێك لە عێراق دەمێننەوە؟
- سەیر دەكەین بزانین كاروبار بە چ دەگات، بەڵام بەم شێوازە كۆنە كارەكان سەرناگرێت، هەموو ئامانجێكی من خۆی لە دوورخستنەوەی عێراق و كوردستان لە خولێكی دیكەی خوێنڕشتن، دەبینێتەوە.
* مەبەستت ئەگەر نەبوونە دوو هاوسێی باش شەڕ لە نێوانتان روودەدات؟
- ترسم لەوە هەیە، هیوادارم لە ئاییندە ئەوە روونەدات.
* رەوشی سەرۆكایەتی هەرێم لەچی دایە؟
- دوو خولی سەرۆكایەتی كە ماوەی هەر یەكەیان چوار ساڵە دواتر دوو ساڵی تر درێژ كرایەوە، تووشی شەڕی داعش هاتین، داوام لە پەرلەمان و حزبەكانی نێو حكومەت و پەرلەمان و دەرەوەیان كرد، ئێمە لە باری شەڕداین بڕیار بدەن، یا وەزعەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت یا هەڵبژاردن رابگەیەنن، یاخود كەسێكی دیكە بۆ سەرۆكایەتی دەستنیشان بكەن، چونكە من بە كورسی نەبەستراومەتەوە پێویستیشم پێی نییە، بەڵام هەندێ لایەن لە نێو پەرلەماندا نیمچە كودەتایەكیان ئەنجامداو بازیان بەسەر بنەماكانی تەوافوق هاوێشت، ناچاربووین لە روویان بوەستینەوە، دواتر بڕیار درا لە سەرۆكایەتی هەرێم بەردەوام بم تا ئەو كاتەی سەرۆكێكی نوێ هەڵدەبژێردرێت.
* ئایا دەتوانی سەرۆك نەبیت؟
- بەڵێ دەتوانم، چونكە من سەرۆك بم یا نا، پێگەو وەزعەكەم گۆڕانكاری بەسەردا نایەت دەتوانم بە بێ ئەوەی سەرۆك بم خزمەتی وڵاتەكەم بكەم.
* ئایا پرۆسەی لادانی هوشیار زێباری "وەزیری دارایی پێشوو هاورێ لەحزب و ناسیاویش" دژی تۆ ئاراستەكرابوو؟
- نەخێر لە دژی من نەبوو، بەڵكو لە دژی عەبادی و پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ بوو، بۆیە گوتم پیلان گێڕییەك لە ئارادایە، ئەوان پێشبینی كاردانەوەی توندیان لێم كردبوو وایان دانابوو پەیوەندی لەگەڵ بەغداو عەبادی دەپچڕێنم، بەڵام بە پێچەوانەوە چوومە بەغدا و بریارم دا پاڵپشتی لە عەبادی بكەم، چونكە ئامانجیان هەرەسهێنانی پرۆسەی مووسڵ بوو.
* بۆ رووخانی عەبادی و هێنانی كەسێكی تر؟
- بەڵێ مەبەستیان هێنانەوەی مالیكی بوو، چونكە ئەوان سەر بە مالیكی بوون و هەندێ كوردیش كە چەواشەو هەڵخەڵەتێنرا بوون لەگەڵیان دابوون.
* ئەمڕۆ پەیوەندیت لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چۆنە؟
- بە داخەوە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تووشی دابەشبوون هاتووە كە بۆتە دوو یا سێ بەش، ئامۆژگاریمان كردن یەكبگرن، هەرچەندە هەندێ تێبینیش بوونی هەیە من هاریكاری لەگەڵ وانم پێ باشترە، هانیان دەدەین ریزەكانیان یەك بخەن، دواتر پێكەوە كێشەكان چارەسەر دەكەین.
* هەندێ قسە هەیە كە قۆناغی رابردووی بونیاتنان و گەشەسەندنی كوردستان كار ئاسانی بۆ گەندەڵكاران كردووە، چ قسەیەكت لەو بارەیەوە هەیە؟
- ئینكاری لێ ناكەم، بەڵام پێموایە موبالەغەی تیا كراوە، ئێمە سوورین لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی، بە كردەوەش هەنگاومان ناوە ئاستێك بۆ گەندەڵكاری و پاوانخوازی و قۆزتنەوەی دەسەڵات دا بنێین.
* پێتوایە سووریا وەك جارانی لێبێتەوە؟
- ئاستەمە.
* بۆ نموونە دەكرێت بكرێتە فیدراڵی؟
- پێموایە رۆژهەڵات و رۆژئاوای فورات دابەش دەبن، ئەو دوو ناوچەیە رەوشێكی تایبەت بەخۆیان دەبێت، لە سووریادا سەفەقە لە نێوان رووسیاو ئەمریكا هەیە، بەڵام كێ لەو سەفەقەو كڕین و فرۆشتنە زەرەر دەكات، ئەوەیان نازانم.
* پێتوایە دەستتێوەردانی رووسیا هاوسەنگی لە سووریا گۆڕی؟
- بە تەئكید، رووسەكان زانیان چۆن هەڵسوكەوت بكەن و چییان دەوێت.
* ئایا رژێمی بەشاریان رزگار كرد؟
- بێ گومان.
* ئێستا رووسەكان بەبوونیان لە سووریا لەسەر سنووری هەرێمی كوردستانن؟
- ئەوان لە رۆژئاوای فوراتن، هێشتا نەگەیشتوون، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ رووسیا زۆر چاكەو ئەوان یەكەم دەوڵەتی مەزن بوون كونسولخانەیان لە هەولێر كردەوە.
* دەكرێت سەردانی سووریا بكەیت و چاوت بە بەشار ئەسەد بكەوێت؟
- لەم كاتەدا سەختە، بەڵام لە ئاییندەدا شتێك نییە ئاستەم بێت.
* پێشبینی مانەوەی ئەسەد دەكەیت؟
- هەڵوێست و گۆڕانكارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن.


و: محەمەد زەنگەنە - خالید گـەردی

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌