2017-01-11

سەلام عەبدوڵڵا

یەكینەكانی پاراستنی گەل (YPG) لە دوا بەیانیدا، ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە PKK دیار دەخات و وای نیشان دەدات كە ھیچ پەیوەندییەكی بەو رێكخراوە نییە و رێكخراوێكی سەربەخۆیە و دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دراوسێكانیدا ھەبێت بە دەوڵەتی توركیاشەوە.
ھەر لەو بەیانەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەوان وەكوو ypg سنوورەكانی نێوان خۆیان و توركیایان پاراستووە و ئەو سنوورانە زۆر ھێمن و خاوەن ئاسایشن، كه‌ لە كاتی دەسەڵاتی رژیمی سووریا و ھێزەكانی تردا به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بوون و لە درێژەی بەیانەكەشدا داوای كۆتایی ھێنانی شەڕی نێوان PKK و حكوومەتی توركیا دەكات. ئەم ھەڵوێستانە ئەرێنین، بەڵام زۆر درەنگ كەوتن كە رەنگە ئێستا و بۆ ئەمڕۆ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبێت و بە ھەڵوێستێك لە كاتی لاوازیدا لە قەڵەم بدرێت. PYD و باڵە سەربازییەكەی دەیانتوانی سوودێكی زۆر لە ناكۆكی نێوان حكوومەتی توركیا و حكوومەتی بەشار ئەسەد وەربگرن، بەوپێیەی ھەردوو لایان توركیا و PYD ، دژی دوژمنێكی ھاوبەش بوون، بەڵام سووربوونی PYD لەسەر پابەندبوون بە بیروبۆچوونی PKK و ھەڵوێستەكان و رێنماییەكانی، ئەو دەرفەتەی لە كیس دا و بە كردار PYD كەوتە بەرەی PKKەوە و بەم پێیەش توركیا بە بەشێك لە PKK ی لە قەڵەم دەدا و دژایەتی چ سیاسی و چ سەربازی دەكرد.
 ئێستا كە توركیا ھەنگاو بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی- ژێر بە ژێر- لەگەڵ سووریا دەنێت، بێگومان لەسەر حسابی PYDو YPG دەبێت چونكە داواكانی توركیا بریتییە لە نەھێشتنی دروستبوونی كیانێك یان فیدڕاڵییەك لە نزیك سنوورەكان و بۆ ئەم مەبەستەش ھەموو جۆرە ھەنگاوێك دەنێت. سیاسەتی ناواقعیانەی PKK سەبارەت بە باكوور و باشوور و رۆژئاوا ھەر دەبوو ئاكامەكەی بەمجۆرە بێت.
ئەوان كە لە رێی HDP ەوە بوونە خاوەن 81 كورسی لە پەرلەمانی توركیادا نەدەبوو ئیدی دەست بدەنە كاری سیاسی و ئەو مۆڵەتە بقۆزنەوە بۆ دەستكەوتی زیاتر كە ئەوكاتە دەتوانرا ببنە ھاوكاری دامه‌زراندنی حكوومەتێكی ھاوبەش لەگەڵ AKP ئاكپارتیدا، كەچی بەپێچەوانەوە ھەڵسوكەوتیان كرد تا كار گەیشتە نوێبوونەوەی شەڕ و ئەم بارودۆخەی لێكەوتەوە كە بریتییە لە وێرانبوونی شارەكانی باكوور و گیرانی زۆربەی سەركردەكانی HDP و لەدەستدانی جەماوەرێكی زۆریش لە باكووردا. سیاسەتی قۆرخكاریشیان لە رۆژئاوا و نەھێشتنی پارتییەكانیتر بۆ كار كردنی سیاسی و بەرگری لە ناوچە رزگاركراوەكان و بەرزكردنەوەی دروشمی وەك دەوڵەت و ئاڵامان ناوێت و یەكپارچەیی خاكی سووریایان دەوێت، ئەمیش دەبوو ئەنجامەكەی ھەر بەمجۆرە بێت كە ئێستا دەبینرێت. ئەو سیاسەتەشیان بەرامبەر باشوور روون و ئاشكرایە كە لە سەرئێشە بۆ ھەرێم زیاتری لێ پەیدا نابێت. ھەر بۆیەش بڕوا ناكرێ ئەم ھەڵوێستەی دوایی PYD و YPG پێشوازییەكی ئەرێنی لێبكرێ.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌