2017-01-11

لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردنەوەی كۆنسووڵخانەی ژاپۆنی لە هەولێر بە هەنگاوێكی باش بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا وەسف كرد، ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی 1ـی 2017، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (کێنتارۆ سونۆرا) وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن و شاندێکی یاوەری کرد كرد کە لە (فۆمیۆ ئاوای) باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و (کاتسۆمی مۆریاسۆ) کۆنسووڵی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن، خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە ڕاگەیاند و سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ڕۆڵ و خەباتیان لە چەسپاندنی ئاشتی و بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆر. هەروەها سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاند کە توانیویانە تیرۆریستان تێکبشکێنن.
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن ڕاشیگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات و بۆ ئەو مەبەستەیش ئەمڕۆ کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر دەکرێتەوە و، (کاتسۆمی مۆریاسۆ)ی وەک کۆنسووڵی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە (سەرۆک بارزانی) ناساند.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن، ئامادەیی وڵاتەکەیشی بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا ڕاگەیاند، بە تایبەتیش لە پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕ و پەرەپێدانی ئابووری و پیشەسازی و تەندروستی.
دواتریش وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن داوای لە (سەرۆک بارزانی) کرد سەرنج و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە داهاتووی تیرۆریستان بخاتەڕوو تا بەرچاوڕوونیی زیاتریان هەبێت.

لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، دەستخۆشی و پیرۆزبایی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی ژاپۆنی لە هەولێر ئاراستەی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن و شاندی یاوەری کرد و، سوپاسی حكوومەت و گەلی ژاپۆنی كرد و كردنەوەی كۆنسووڵخانەی ژاپۆنی لە هەولێر بە هەنگاوێكی باش بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا وەسف كرد و، ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن ڕاگەیاند.

سەبارەت بە ئایندەی تیرۆریستان (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: "پێشمەرگە توانی مەترسیدارترین و دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی و دوژمنی مرۆڤایەتی تێک‌بشکێنێت کە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان. ئێستا ئەگەرچی داعش لە داڕووخان و شکستی گەورەدایە، بەڵام مانای وا نییە کە تێکشکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ڕووی سەربازییەوە دەبێتە کوتاییهاتنی تیرۆر و توندڕۆیی، چونکە ڕەنگە بەناوی جیا و شێوازی جیاواز دەربکەونەوە. بۆیە پێویستە هەماهەنگی و هاوکارییەکی هەمەلایەنە هەبێت بۆ لەناوبردنی تیرۆر و توندڕۆیی، نەک هەر تەنیا لە ڕووی سەربەزی بەڵکوو لە هەموو ئاستەکاندا."

باسکردنی ڕەوشی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌