2017-01-11

دڵشاد مستەفا وەسانی

حزب لە كوردستان، بۆ بەدیهێنانی ئامانجی باڵای گەلی كوردستان دامەزراون، لەو پێناوەشدا خەڵكیان لە دەوری خۆیان كۆكردۆتەوە، راستە دوای ساڵی 1991 واقیعێكی نوێ لە ژیانی خەڵكی كوردستان دروست بوو، بە هەموو پێوەرێك گۆڕانێكی گەورە بوو لە ژیانی سیاسیدا، دوای 2003 هەنگاوی گەورەتر هەڵێندرا، چونكە واقیعی هەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراق جێگیركرا، بەڵام لێرەدا پرسیارێك دێتەئاراوە، ئایا ئەو ئەركەی حزبەكانی كوردستان وەئەستۆیان گرتووە تەواو بووە؟ یان هێشتا ماوە؟ ئایا دوای ئەوەی دەستوور دانی بە هەرێمی كوردستاندا نا، هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ دواوەمان لێنەكراوە؟ كەواتە بۆچی حزبی كوردی لە ترسی هەڵبژاردن، چاو لەم واقیعە دەپۆشێ و واقیعێكی دی پێشانی خەڵك دەدات. ئەوەی پاشەكشەی بە داوای دێرینی خەڵك و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كردووە، حزبەكانن نەك خەڵك، تا ساڵی 1991 و دواتریش، حزبەكان كاریان لەسەر ئەوە دەكرد، كامەیان دروشمی گەورە بەرز دەكاتەوە، كامەیان هێشتا خۆی لە قەرەی مافی چارەنووس نەداوە، كەچی ئێستا دۆخێكیان خوڵقاندووە، كار لەسەر ئەوە دەكەن، پاشەكشە لە مافی چارەنووس بكرێ، ئاراستەی حزبایەتی ئەوەبووە، دروشم و داواكاریی خەڵك بەرەو پێشەوە بچێت، نەك بۆ دواوە بگەڕێتەوە، خەڵكی كوردستان هیچ كاتێك جێی بایەخی حكوومەتەكانی عێڕاق نەبووە، كەچی بەو هەژاری و دەردەسەرییەشەوە، ئامادە نەبووە دەسبەرداری ئەو ئامانجە بێت كە خوێنیان بۆ رشتووە، ئێستا ململانێی حزبی، داواكاری خەڵكی لە گەڕاندنەوەی خاكەوە بۆ مووچە كورت كردۆتەوە، هەندێ حزبی كوردی كاریان لەسەرئەوە كردووە، هەڕەشە لەسەر كوردستان نییە، بەڵكو ئەوە سیناریۆیە، ئێستا هەموومان لەو حزبانە بپرسین، ئێوە بە چ شێوەیەك لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی، بۆ تێكشكاندنی حزبی بەرامبەر، خەڵك هەڵدەخەڵەتێنن؟ شەڕی داعش و قوتبڕین هەڕەشە نین؟ ئەو حزبانە، كەشێكی وایان خوڵقاندووە، هەركەسێك باسی سەربەخۆیی بكات گاڵتەیان پێ بێت. ئەوەی لەسەر شانی حزبەكانە، ئەوەیە بوێرانە بێنەوە مەیدان، چۆن لە ساڵی 1992 كار لەسەر ئەوە كرا، دروشمەكان یەكبخرێن و فیدراڵی رابگەیەندرێ، ئاواش لەم قۆناغەدا كۆببنەوە و بەڵگەنامەیەك ئیمزا بكەن، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بكرێتە داواكاریی تەواوی خەڵك و حزبەكان، هەوڵ بدرێ ئەو ئامانجە بكرێتە هێڵی سوور، هیچ حزبێك بۆ ململانێ نەیبەزێنێ، نابێ خاك و نیشتمان و دروشم و داوای خەڵك، بچێتە خانەی ململانێی حزبی، پێویستە باشكردنی ژیانی خەڵك، كاری هەرە لەپێشی حزبەكان بێت و هاوكاری حكوومەت بكەن، بەڵام نابێ پشت لە ئامانجی باڵا بكرێ، بڕینی قوتی خەڵك، بۆ ئەوەیە كوردستان پاشەكشە بكات نەك شتی دی، گوزەران قابیلی چاككردنە، ئەی ئامانجە باڵاكە وازی لێبهێندرێ؟ كەوابێ ئەو پرسیارە رەوایە، ئەدی بەدرێژایی سەدەیەك ئەو خوێنە بۆچی رژا؟ خەڵك لە پێناوی خاك، وازی لە مووچە هێناوە،پێشمەرگایەتی و ماڵوێرانی و كۆمەڵكوژی و دەربەدەری زۆریان دیتووە، ئەگەر پاشەكشە لە داواكاریی ئامانج، بۆ حزبایەتی بكرێتە مەسەلەیەكی ئاسایی، گوناهێكی گەورە نییە بە گومانەوە سەیری رابردوو بكرێت؟

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌