2017-01-11

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە و کارکردنیش بە سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە بەردەوام بێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان  کە لە سەرچاوەیەکی نێو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، لە هەفتەی داهاتوو، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات. سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هێشتا لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وەزارەتی دارایی نەنێردراوە، تاوەکوو وردبینی تێدا بکرێت، گوتیشی: “چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە یاخود شەممە، لیستەکە بگاتە وەزارەتی دارایی و لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچە دەست پێ بکات.

بەپێی زانیارییەکان  تا کۆتایی ئەم مانگە، دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت و بەپێی سیستەمی پاشەکەوت مووچەکە دابەش دەکرێت، هەر بۆیە بە بەشی ژمێریاریی فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتراوە کە مووچەی مانگی 11 دابەش دەکرێت.

پێشتر د. ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە ئەگەر نرخی نەوت دانەبەزێتەوە و بارودۆخەکە وەک ئێستا بڕوات، ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا دەستکاری سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بکرێت.


باسنیوز

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌