2017-01-11

نێچیرڤان بارزانی بڕیاری كردنەوەی كۆنسووڵخانەی ژاپۆنی لە هەولێر به‌رز نرخاند و، پشتگیریی تەواوی حكوومەتیشی بۆ كار و چالاكییەكانی دەربڕی بەمەبەستی په‌ره‌پێدانى پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا.


ئێوارەی سێشەممە، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە (كینتارۆ سونۆرا) وەزیری دەوڵەتی ژاپۆن بۆ كاروباری دەرەوە و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، وەزیری دەوڵەتی ژاپۆن بۆ كاروباری دەرەوە خۆشحاڵیی بە دووەم سەردانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و، پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و نەبەردیی پێشمەرگە و خەڵك و حكوومەتی هەرێمى كوردستانى بەرامبەر به‌ تیرۆر و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بەرز نرخاند. ئامادەییی وڵاتەكەشی نیشان دا كە چۆن لە ڕابردوودا هاوكاری هەرێمی كوردستان بووە، لە ئێستا و داهاتوویشدا بە هەمان شێوە هاوكار دەبێت.
ئاماژەیشی دا كە ژاپۆن لە چوارچێوەی دانی قەرز بە عێراق بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژی، بەردەوام جەختی لە پێویستیی دابینكردنی بەشی هەرێمی كوردستان لەو قەرزانە كردووه‌تەوە و لەم چوارچێوەیەشدا چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە. دووپاتیشی كردەوە كە دوای ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵ دەكرێت لە ناوچەكەدا دەرفەتێكی باشی وەبەرهێنان دروست ببێت و هەوڵ دەدەن هاوكار بن بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

وەزیری دەوڵەتی ژاپۆن بۆ كاروباری دەرەوە ڕاشیگەیاند، بڕیاریان داوە سبه‌ى چوارشەممە 11-1-2017 بەشێوەیەكی فەرمی كۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، كە دەبێتە هۆكارێك بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە هەموو بوارەكاندا و لەمبارەیەشەوە داوای هاوكاری و پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی كرد بۆ كار و چالاكیی كونسوڵخانەكەیان.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییەكانی حكوومەتی ژاپۆنی بۆ هەرێمی كوردستان كرد، بەتایبەتی پێداگیرییان لە دابینكردنی بەشی هەرێمی كوردستان لەو قەرزانەی دەیدەن بە عیراق كە لەم چوارچێوەیەشدا چەندین پڕۆژەی ستراتیژییان لە شوێنە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە و بەشێكیشیان لەژێر جێبەجێكردن دان.

(نێچیرڤان بارزانی) بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستخۆشی لە بڕیاری كردنەوەی كۆنسووڵخانەی ژاپۆن لە هەولێر كرد و پشتگیریی تەواوی حكوومەتیشی بۆ كار و چالاكییەكانی دەربڕی بەمەبەستی په‌ره‌پێدانى پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا.

تاوتووكردنی دواپێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵ و ڕۆڵی پێشمەرگە لە دەركردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌