2017-01-10

 نێچیرڤان بارزانی  سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (پیتەر مۆریر) سەرۆكی كۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ICRC ی کرد و لە دیدارەکەدا هه‌رێمى كوردستان و خاچی سووری نێودەوڵەتى جه‌ختیان له‌ هاریكاریى هاوبه‌ش کردەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٠-١-٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (پیتەر مۆریر) سەرۆكی كۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ICRC و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاسی ئەو هاوكاری و كارئاسانیانەیان كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە ڕێكخراوەكەیان دەكات لە كار و چالاكییەكانیاندا بەتایبەتی لە سەردانی كەمپی ئاوارەكان و گرتووخانەكان. جەختیشیان لەوە كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیاتر هاوكاریی ئاوارەكان بكات، چونكە بەهۆی نائارامیی ناوچەكانیانەوە پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان لە كەمپەكاندا بمێننەوە.

دووپاتیشیان كردەوە وەك ڕێكخراوی ICRC هەوڵ دەدەن بە هاوكاریی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی دیكە، خولی هۆشیاری سەبارەت بە خۆپاراستن لە مین و تەقەمەنییەكان بۆ ئاوارەكان بكەنەوە بۆئەوەی لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بتوانن خۆیان لە مین و تەقەمەنی بپارێزن تاكو ناوچەكانیان لە پاشماوەكانی جەنگ پاك دەكرێنەوە.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و كار و چالاكییەكانی ڕێكخراوەكەی كرد و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆی بۆ پێشكەشكردنی هەر هاوكاری و كارئاسانییەك بۆ كار و چالاكییەكانیان، دەربڕی.

هەروەها هیوای خواست ڕێكخراوەكە ڕۆڵی هەبێت لە پێشكەشكردنی بیرۆكەی گونجاو بە وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ باشتركردنی كاروبارەكانیان لە بوارەكانی بەڕێوەبردنی كەمپەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە ئاوارەكان و پەیڕەوكردنی باشتری بنەما نێودەوڵەتییەكان لە گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستاندا.
تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵ و هاتنی ژمارەیەكی زۆرتری ئاواره‌كان بۆ هەرێمی كوردستان و دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریی بۆیان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌