2017-01-10

 دوای ئەوەی لە لایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە بڕیارێك دژ بە هاووڵاتیانی چەند گەڕەكێكی شاری رواندز درا كە خانووەكانیان بە هۆكاری جۆراوجۆر نابێت تاپۆ بكرێن، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری تاپۆكردنی زەوی و خانووبەرەی بە هاووڵاتیانی ئەو شارە دا، ئەوەیش بووە جێگەی خۆشحاڵیی هاووڵاتیانی شارەكە. قایمقامی شارۆچكەكەیش دەڵێت، ئێستا دەست بە تاپۆكردنی خانووەكان كراوە و ئه‌مڕۆش  لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران دێتە شارەكە.

(كوێستان ئەحمەد) قایمقامی شارۆچكەی رواندز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لیژنەیەك لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت هاتنە شارۆچكەكە بۆ تاپۆكردنی خانووەكان، لە 16/11 دەستیان بە كارەكانیان كرد، بەیانی لیژنەكە دووبارە دێتە شارۆچكەكە و لەگەڵمان كۆ دەبنەوە، هەروەها لیژنەیەكمان لە رواندز پێك هێناوە بۆ تاپۆكردنی خانووەكان، ئێستا لە چەند گەڕەكێك دەستیان پێ كردووە و نەخشەی بۆ دادەنرێت و، ڕەوانەی پلان سازی هەولێر دەكرێت، دواتر تاپۆیەكە دەگەڕێتەوە و هاووڵاتیان دەست بە كارەكانی خۆیان دەكەن، ئەوەیش لە خزمەتی هاووڵاتیانی ناوچەكەدایە".

قایمقامی شارۆچكەی رواندز گوتیشی: "هاووڵاتیان پێشوازی لەو بڕیارە دەكەن و كارەكان زۆر بە جوانی بەڕێوە دەچن، هەر گەڕەكێك تەواو بوو دەچنە گەڕەكێكی دیكە، ئەو لیژنەی ئه‌مڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیران دێت، سەرپەرشتیی لیژنەی شارۆچكەكە دەكەن بۆ تاپۆكردنی خانووەكان، ئەوان هەفتانە دێن و تەماشای كارەكان دەكەن، ئەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت بۆ تاپۆكردنی خانووەكانی ڕواندز ئیمتیازێكە بە شارۆچكەكە دراوە و تەنیا لەو قەزایە ئەو كارە دەكرێت".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌