2017-01-09

فارس قادر فەقێ عەولا*

زۆرجار لە راگەیاندنەكان و لێرە و لەوێ گوێبیستی وشەی خۆبەخش دەبین لەگەڵ كۆمەڵێك ناونیشان و بابەتی جۆراوجۆر و "پێشمەرگەی خۆبەخش، مامۆستای خۆبەخش، وتاربێژی ئاینی خۆبەخش، دكتۆری خۆبەخش، خوێن بەخش و... هتد" یان هەندێ كەس باسی ئەوە دەكەن و دەڵێن ئەو هێندە پارەم بەخشیوە بە شۆڕش یان پێشمەرگە یان ماڵە هەژارەكان و فلان و فلان... بە راستی تێكەڵاوییەكی زۆر نادادپەروەرانەیە لە مەدح و سەنا و خۆهەڵكێشان و خۆبەدیارخستن و كەمكردنەوەی لە وشەو مانای "بەخشین" یان "بەخشینی فلانە شت" كە هیچ وا نییەو حەقیش نیە چی دیكە رێگە بدرێت ئەم مزایەداتانە لە سەر خەڵك و میللەت بكرێت و حەق وایە وەڵام بدرێتەوە.
من سەرەتا تەنها و تەنها قەبووڵمە و سەردادەنوێنم بۆ خەباتی پێشمەرگە و ئەوانەی لەم پیشە شەرەفمەندیەدا خەبات دەكەن و بە تایبەتی "خۆبەخشی پێشمەرگایەتین" بە مانای وشەو بەبێ هیچ داواكارییەك و هیچ مەبەستێك، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ پاداشتێك بن، بە راستی ئەم بەڕێزانە كە لە سەنگەری خەباتن و مایەی شانازین بە تایبەتیش كە خۆبەخشی خۆنەویستی بێ داواكارین و ئەوانە تاجی سەرن، هەر ئەوانەش شایستەی ئەم وشە پیرۆزەن كە پێی دەگوترێ "خۆبەخش"، واتە "گیان بەخش" ئیتر لەوە زیاتر وەسفی نییە و هەر ئەوەندە چاوەڕوان دەكرێ لە مرۆڤ گەورەترین سەرمایە و گەورەترین شت كە گیانی مرۆڤە كە ئەویشی بەخشی كەواتە دونیای هەموو بەخشی، وەك وشەی "پێشمەرگە" كە مەبەست لەوەیە مەرگ بە پێش خۆی دەدا لە كاتی خۆشی لە كۆماری كوردستان لە مهاباد لە كاتی دروستبوونی ئەم ناوە هیچ پاداشتێك نەبووە، كەواتە لە سەرەتای دروستبوونی پێشمەرگەو ناونانی لە واقیعدا خۆبەخش بووەو بوونە.
با بگەڕێینەوە سەر لایەنی تر گەر هەر ناونیشان لێنان بوو بۆ بوونی ئەم ناوە پیرۆزە بۆ هەندێ خەڵكی ئینتیهازی ساختەكار، كە ئەویش ناونانی "پیشمەرگە"یە و تەنیا پروپاگەندە بوو. بە داخەوە ئەوە دەبیتە هۆی لەكەداركردنی ناوەكەو لە قالبی خۆبەخشی دەردەچێ و دەبێتە بابەتێكی تر و دەچێتە قالبی درۆ و دەلەسە و بەرژەوەندییە تایبەتییەكان و گەندەڵییەوە. دەكرێ بگوترێ ئەمە جۆرێك دەبێ لە جۆرەكانی گەندەڵی كە حەق نییە بە هیچ شێوەیێك ناوی پێشمەرگەی پێ لەكەدار بكرێت، هەرچەندە ناشتوانن، بەڵام دەبێ رێگە نەدرێت ناوی پێشمەرگە لەكەدار بكەن و لە پلەو پایەی خۆبەخشە سەربەرزەكان كەم بكەنەوە لە سەر شاشەكان یاری بەو ناوە پیرۆزە بكەن.
بۆ نموونە زۆر جار لێرەو لەوێ و لە راگەیاندنەكان دەبینین و دەبیستین كەسانێك دەڵێن ئێمە خۆبەخشین! زۆر بەداخەوە وانییە، یان كادیری حزبن و لە شوێنێك لە شوێنەكان ئەركی سەر شانی خۆیانە دەیكەن و منەتی تێدا نییە، یانیش خاوەن بەرژەوەندی تایبەتن و یاخود لە ژێر ئەو ناوە پیرۆزە بازرگانی دەكەن. كەواتە دەبێت چیتر رێگە نەدرێت یاری و موزادیەدە بە ناوی پێشمەرگە و خۆبەخش بكرێت، خۆبەخش ئەو خۆبەخشەیە راگەیاندنەكان بە دوایدا بگەڕێن نەك ئەو بە دوای كامیرا و راگەیاندندا بگەڕێت بۆ مەرامی خۆی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و خۆبەخش لەكەدار بكات.
ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەشەوە بە داخەوە ئێستا مودێلێكی تر دروست بووە، مامۆستای ئاینی خۆبەخش، زۆر سەیرە! بۆ خوا دەیكاو خۆبەخشە! بە راستی قسەیەكی قێزەون و ناشیرینەو دوورە لە هەموو بەهایەكی ئەخلاقی ئاینی و نیشتیمانی.
جەنابی مامۆستایە بە ناوی خواو ئاین منەت لە سەر خەڵك بكا قەبووڵ نییە، یان كادیری حزب خۆبەخشە بە راستی زۆر ناشیرینە، سەیرە حزبایەتی بكەیت و منەت لە سەر خەڵك بكەیت!!! بۆیە بەم بۆنەیەوە لەو وتارە و نووسراوەمدا پێشنیار دەكەم چ كادیری حزب یان مەلای مزگەوت حەق نییە پاداشتیان هەبێ و مووچەیان هەبێ، خۆزگە بڕیارێك دەردەچوو ئەوەی بۆ خوا دەیكات پاداشتی لای خوایەو حەق نییە مزگەوت و شوێنە ئاینییەكان بكەین بە شوێنی بژێوی ژیان، شوێنی پلەوپایە و نازكردن بە سەر خەڵك و بازرگانی بە حەج و عومرە و مەلایەتی و كاتێكیش كە تەعینات نەبێ و نەكرێ كۆمەڵێك وتارخوێن و مەلای سیاسی لێرە و لەوێ بێنن و بڵێن خۆبەخشن، بەلام حزبەكان لە ژێرەوە وەك خەت مایل لە ماڵی خوا بۆ مەرامی سیاسی و گلاوی خۆیان دایانبنێن! جا هیوادارم بتوانین هەژانێك بدەینە خۆمان و ماڵی خواش خاوێن بكەینەوە لە موزایەداتی خۆبەخش وازبێنین و رێگە نەدەین بكرێت و ئەنجام بدرێت، ئەوەی بۆ خوایە منەتی تێدا نییە و خۆزگە رۆژێك دادەهات تەنها ئەو مامۆستا و مەلا بەڕێزانە دەچوونە سەر مینبەر كە بۆ خوا دەیانكرد. خۆزگە هەر ئەوانەش دەبوون بە نوێنەر و كادیری حزبەكان كە بۆ میللەت دەبوو نەك بۆ گیرفان و بۆ بژێوی ژیان.
بۆیە دووبارە دەڵێم خۆبەخش ناوێكی پیرۆزە و دەكرێ بۆ پێشمەرگە بەكاربێت، چونكە پێشمەرگە پیشەی گیانبەخشینە، بەڵام شەرمەزارییە لە پەنای ئەم ناوە بازرگانی بە ناوی پێشمەرگەوە بكرێ، حەق نییە رێگە بدرێت شوێنی ئیش كردن بۆ میللەت و ئیتاعات كردن بۆ خوا ناوی لێ بنرێت خۆبەخش.

* ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ. د. ك)

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌