2017-01-09

 

بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ رۆژنامه‌ی‌ رووداو رایگه‌یاند كه‌ دوای نه‌ورۆز پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا ده‌كرێ.‌

رابه‌ر سدیق، بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند كه‌ "باری دارایی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2017 باشتر ده‌بێ و ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌، دوای نه‌ورۆز پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا ده‌كرێ‌".

رابه‌ر سدیق وتی‌: "ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ ئه‌وا كاریگه‌ری باشی ده‌بێت له‌سه‌ر داهات و باری دارایی هه‌رێمی كوردستان".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "كه‌مبوونه‌وه‌ی خه‌رجیی شه‌ڕی داعش و تیرۆر هۆكاره‌ بۆ باشبوونی‌ باری‌ دارایی هه‌ێم، چونكه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ بارگرانییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر حكومه‌ت دروستكردووه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ سووكتر بێت، خه‌رجی و تێچوونی كه‌م ده‌بێته‌وه‌". ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ده‌كرێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ بۆ خه‌رجیی شه‌ڕ و تیرۆر به‌كارده‌هێنرێ‌، له‌ بری ئه‌وه‌ بۆ خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانی به‌كاربهێنرێت".

رابه‌ر سدیق جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ زیادبوونی داهاتی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری له‌سه‌ر مووچه‌خۆران ده‌بێت.

وتیشی‌: "پێشبینی ده‌كرێت له‌ دوای نه‌ورۆز پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وت و زیادكردنی مووچه‌ ده‌ستپێبكات، چونكه‌ گوزه‌رانی خه‌ڵكی به‌ گشتی و مووچه‌خۆران به‌ تایبه‌تی خراپه‌ .

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌