2017-01-08

د. محەمەد خدر مەولوود

سەركەوتنی بزاڤی دیبلۆماسیەتی كوردی و پێگەی بەهێزی سەرۆك بارزانی و شایەستەیی وەك سەرۆكی هەر وڵاتێكی بڕیار بەدەستی دونیا هەر لەرۆژەكانی مانگی یەكەمی ئەمساڵ 2017 بە سەردانی فرەنسوا هۆلاند سەرۆكی فەرەنسا بۆ هەولێر بەجۆرێ بەدیار كەوت، هەموانی سەرسام كرد. بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی هێشتا هیستریای بارزانی خەو و خۆراكی لێ بڕیون و شەوان بەخەونی جڕناو فڕنای چۆلەكەوە، سەردەنێنەوە !!. سەردانەكە، سەرسوڕماو واق وڕماوی كردوون بە جۆرێك وا چەند رۆژێكە فرەنسوا هۆلاند سەرۆك كۆماری فەرەنسا هەولێری پایەتەختی جێهێشتووەو گەیشتۆتەوە پاریسی پایەتەخت، كەچی گێژەنی مەستبوون بەسەردانەكە هێشتا بەری نەداون.
ڕەهەندی ناوخۆ
هەر لەفڕۆكەخانەی هەولێرەوە، تا دوا سنووری كوردستان لە بەرەی شەڕی داعش لە خازر و كۆبوونەوی لە باڵەخانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەم سەردانە بۆ ڕەهەندی ناوخۆ ئەم خوێندنەوەیەی لێ دەكەوێتەوە. لە ئامادەبووانی شاندی كوردستانی، لەسەر مێزی گفتوگۆ بەسەرۆكایەتی بارزانی، بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی، كۆسرەت رەسوڵ، مەسرور بارزانی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، محەمەدی حاجی مەحموود و... هتد، لە كەسە دیارەكانی دانیشتنەكە بوون، ئەوەیان ماناو مەغزای خۆی هەیە بۆ ڕەهەندی ناوخۆ، دال و مەدلولن، واتای ئەوە دەگەیێنێ:
یەكەم: بارزانی سەركردایەتییەكی سەركەوتووی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان دەكات لە ئاستی بەڕێوەبردنی حكومەت و كاروباری كارگێڕی دا. دەوڵەتمەدارە و خودان ئەزموونی دەوڵەتی و دەوڵەتداری كوردستانە.
دووەم: بارزانی سەركردایەتییەكی سەركەوتووی باری ئاسایشی ناوخۆ و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەركەوتن و تێكشكاندنی تەلیسم و دێوەزەمەی داعش دەكات.
لەهەردوو واتا دا دەگەینە ئەم چەند رستەیەی خوارەوە:
دەبێ بەرەی ناوخۆ، پارت و لایەنە سیاسییەكان ئاوا لە دەوری بارزانی كۆببنەوە و رێزلە پێگەو پایە و سەنگینی بگرن، و لەڕوانگەی مێژووی دوێنێی شۆڕشەكانەوە سەیری بكەن و بۆ ئەمرۆی سەردەمیش وا سەیری بارزانی بكەن، كە ژمارەیەكی سەنگینە و لەنێو ژمارەكانی ناوچەكە و جیهان دا سەنگ و قورسایی و كاریگەریی بەهێزی هەیە، بۆ ئێستا و ئایندەی كوردستان پێویستییەكی هەڵكەوتەی مێژووییە، نەك سەرۆكێكی دروستكراوی چوارپایەی كورسی دەسەڵات. دابینكردنی ئاسایشی هاووڵاتییان هیچی لە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و بژێوی خەڵك كەمتر نییە گەر زیاتر نەبێ. ئەوەشیان چەند دێرێكی دیكەی رستەی ڕەهەندی ناوخۆیە، لای سەرۆك بارزانی زۆر بە بایەخەوە وەرگیراوە و بۆتە ستراتیژیەتی مانەوەو سەركەوتنمان. رۆژانەش هەستی پێ دەكەین.
 هەر بەنمونەی هەرە نزیك ئەم چەند بڕگەیە، لە نێو خودی تەوەری سەردانەكە بەنموونە دێنینەوە:
لەكاتێدا سەرۆكی فەرەنسا لەبەغدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق عەبادی لە ناوچەی پارێزراوی سەوز دابوون!، چەند تەقینەوەیەكی تیرۆریستی یەك لەدوای یەك بەغدایان هەژاند. رۆژنامەنووسێكی فەرەنسی یاوەری هۆلاند لەكۆمێنتێكی تەنزئامێزدا نووسیبووی: "سەرۆكی وڵاتەكەم لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا ستایشی پاراستنی باری ئاسایشی بەغدای دەكرد، كەچی چەند سەد مەترێك دوور لە هۆڵی كۆنگرەكە، بەغدا لە چەندین كردەوەی تیرۆرستیدا خەڵتانی خوێن دەبوو!!" بەپێجەوانەوەش لە هەولێر سەرۆك كۆماری فەرەنسا لە دوا وێستگەیدا، بەر لەوەی ماڵئاوایی لە هەولێر بكات رۆژنامەنووسەكەی نووسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم تەواوی وێنەكانی سەردانی ئەم جارەی لە ئەلبوومێكدا پێشكەش كرد.
هۆلاند ڕووی لە بارزانی كرد: ئەوە وێنەكانی گەشتی پێشوومە ؟
بارزانی بە زەردەخەنەیەكەوە: نەخێر، هی سەردانی ئەوجارەن.
فرەنسوا هۆلاندیش بەزەردەخەنەكی پڕلە باوەڕ، ڕووی لە بارزانی و وێنەگرەكە كرد: وا بە پەلە ئامادەكرا.. ئێوە نەتەوەیەكی زیندوون، مرۆڤی چاپووكن...
ڕەهەندی دەرەوە
گەر بۆ روسیای پوتین ڕەوابێ، لەدوای هەڵسانەوەی لە غەفڵەتگیری دەستی پرۆسترۆیكا و گڵاسنۆسی گۆرباتشۆف كە بوە مایە لەدەست دانی عێراق و لیبیا، لەدوای شەڕی داعش لە سوریا، خودی روسەكان، وا بەبێ منەتی نێوماڵی براكانیان لە ئوكراینا داگیربكەن و بەهێزو گوڕو تینەوە ش ببنە‌ برا بەش لەسوریا و هەموو هەنجەتەكەش هەڵدانەوەی ڵاپەڕەكانی كۆنەدەفتەری سێرجی سازانۆفی نوێنەری رووسیای قەیسەری دەست لەكاركێشاوەی رێكەوتنی سایكس پیكۆی ساڵی 1916 بێت، لەبەرامبەر كارتەكانی دەریای ڕەش و بەڵتیق بۆ ئەمریكاو ئەورووپاییەكان. ئێستا رووسیای پوتین، لەدوای رووداوی حەلەب و هەوڵدان بۆ لەباربردنی پرسی كورد لەسوریا، سەرسامی سەردانەكەی سەرۆك كۆمار فەرنسوا هۆلاندە بۆ هەولێر، و وای دەخوێننەوە كەوافەرەنسای هۆلاندیش ناحەق نیە گەر بەدوای بەشی هەرەزۆری باكووری عێراقی لەدەستچووی كۆنگرەی سانڕیمۆی 1920 بگەڕێت.
لە كاتێكیش دا پاریس كە قوربانی دەستی داعش و تیرۆری رێكخراوەییە، وەك یەكێك لە پێنج وڵاتە زلهێزەكانی جیهان و خاوەن بریاری ڤیتۆ و دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان هەست بە پێگەی هەولێر لەنێو هاوكێشە تازەكاندا دەكات و لە ئایندەی كوردستان دڵنیایە كە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێ، بۆیە پاریس مامەڵە لەگەڵ بارزانی وەك سەرۆكی دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ دەكات. گەر ئەم دەوڵەتە ئایندەییە ڕانەگەیێندرابێ یا ڕاگەیێندراویش نەبێ لە نێو ئەجیندای دامەزراوە نێودەوڵەتییە بڕیار بەدەستەكاندا بوونی هەیە بۆ كات و ساتی گونجاوی ئامادەیە. گەر وانەبوایە ئێرانی ئەهلی بەیتی شیعە ناڕاستەوخۆ وا بەم سەردانەی هۆلاند نیگەران نەدەبوو، بەغدا وا نەدەشڵەژا، مالیكی لە تارانەوە وا ئاگر لە هەناوی بەرنەدەبوو، فیشەكە شێتە ئاسا جارێكی دیكە بەڕووی پێشمەرگە و بارزانی نەدەتەقییەوە.
 ماوەتەوە خودی پوتین ، وەك بەرەی دیكەی هاوكێشەكە، دڵنیاین ئەویش هەست بە‌ پایە و پێگەی سەرۆك بارزانی دەكا و دەزانێ لە نێوەندی سیاسیی و دبلۆماسیی جیهانی وەك ژمارە گەورەكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ و كە دەبینێت فرەنسوا هۆلاند سەرۆك كۆماری فەرەنسا لە هەولێرە و بەڕوون و ڕەوانی دەڵێ: لە دوای داعشیش هەر هاریكاری كوردستان دەبین. هەڵبەت لە دال و مەدلولەكە تێدەگات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌