2017-01-08

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئەدهەم بارزانی لە دیمانەیەكدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و كاریگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و رووسیا لەسەر هەرێمی كوردستان، هەروەها سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و دۆخی ناوخۆی شارە كوردییەكانی توركیا دەكات.

پەیامەكەی سەرۆك و گفتوگۆ و دانوستانەكان ئەنجامێكی باشی هەبوو

ئەدهەم بارزانی سەرەتا لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە دوا و گوتی: ئەگەر لە هەندێك خاڵدا سەیری بارودۆخی كوردستان بكەین دەتوانم بڵێم ئێمە لە قۆناغێكداین كە خەریكە باری گرانی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش كەم دەبێتەوە و سووك دەبێت، هەروەها كوردستان پێدەنێتە قۆناغێكی نوێ‌ لە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ دەرەوە و نزیكبوونەوە لە ئامانجە بەرزەكانی ئەم میللەتە كە خۆی لەو خەونە گەورەدا دەبینێتەوە كە سەربەخۆیی ئەم وڵاتە و ئەم بەشەی باشووری كوردستانە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و گەیشتن بەم ویستە كە ویستی هەموو میللەتی كوردە بەدرێژایی خەبات و تێكۆشان. لە بواری ناوخۆشدا پاش تەواوبوونی شەڕ لە دەڤەری دەشتی نەینەوا بەتایبەتی گرتنەوەی باشیك لەو شوێنەدا جەنابی سەرۆك هاتە سەر خەت و لە گوتارێكدا داوای كرد لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە دەبێت ئێمە ئەم قەیرانە سیاسییە كە لە كوردستان هەیە نەهێڵین و بەرەو یەكڕیزی و تەبایی بڕۆین بۆ چارەسەركردنی بابەتە سیاسییەكانی ئەم بەشەی باشووری كوردستان و ئەنجامێكی باشی هەبوو كە لە پاش ئەو گوتارە كۆمەڵێك دانوستاندن لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەنجامدران، ئومێدەوارین ئەم دانیشتنانە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەردەوامی هەبێت تا گەیشتن بە ئامانجەكان كە بۆی دەچن.

پارتی و گۆڕان وەڵامدانەوەیان هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان

ئەدهەم بارزانی لە بارەی دەرەنجامی سەردانی شاندی باڵای حزبەكەی بۆ سلێمانی و كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، گوتی: بەداخەوە كاتێك لایەنێكی سیاسی خۆی تووشی گرفت و قەیرانی ناوخۆیی دەبێت لەوانەیە نەتوانێت وەك پێویست دانوستاندن لەگەڵ لایەنێك كە خۆی بۆ دانوستاندن ئامادە كردووە دانوستاندن بكات، بەڵام ئاماژەكان هەموو ئەوەبوون كە لەم دانیشتنەدا تاڕادەیەكی زۆر جیاوازییەك هەبوو لەگەڵ دانیشتنەكان و باسەكانی پێش ئێستا كە لەگەڵ یەكتر دەكران، وەڵامدانەوەیەك هەبووە لەهەردوولا لەگەڵ یەكتر بۆ چارەسەركردن و ئامادەییەك هەبووە بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتانە. سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە سەبارەت بە كاریگەری ئامادەنەبوونی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر گفتوگۆ و دانوستانەكانی هەردوولا دوا و گوتی: ئامادەنەبوونی كەسی یەكەمی گۆڕان بێگۆمان كاریگەری دەبێت و نەبوونی كەسی یەكەمی هەر لایەنێكی سیاسی لە ئەرزی واقعدا و لەسەر ساحەی دانوستاندن هەمیشە كاریگەرییەكی گەورەی هەیە، لەوانەیە هەندێكجار لە كۆبوونەوەیەكدا ئەو كۆبوونەوەیە دوابخرێت بۆ كاتێكی تر لەبەر ئەوەی كەسی یەكەم لە دانوستاندا نەبووە، بەڵام ئەوەی من گوێبیستی بووم لەلایەن هەموو لایەنە سیاسییەكانەوە رەئێكی باشیان هەبووە لەسەر ئەم دانوستاندنانە و ئومێدەوار بوون زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و ئەنجامێكی هەبێت لە كۆتایی دانیشتنەكاندا.
- رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر بەڕێوەبردنی كاروباری كوردستان گرنگە
ئەدهەم بارزانی لە بەشێكی تری دیمانەكەدا و لە بارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و شێوازی پێكهاتەی حكوومەتی نوێی كوردستانەوە دوا، ئەو لەوبارەیەوە گوتی: ئەوەی گرنگە رێككەوتنی سیاسی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە پڕۆسەی سیاسی كوردستاندا، ئەوانەی جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتیان لەدەستە چ وەك سەرۆكایەتی هەرێم یان سەرۆكایەتی وەزیران و پەرلەمان بێت، ئەو رێككەوتنە سیاسییەی دەكرێت لەنێوان ئەمانەدا گرنگە، گۆڕینی حكوومەت و هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و دامەزراندنی حكوومەتێكی تر كە كاتێكی كەممان ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر ئەم دۆخەی كە ئێستا هەیە لە كوردستان بەردەوامی هەبێت تا هەڵبژاردنێكی تر رەنگە كێشەیەكی وا دروست نەكات، مەبەستم ئەم حكوومەتە و ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئەوەی گرنگە چ رێككەوتنێك دەكرێت لەسەر بەڕێوەبردنی كاروبار لە كوردستان لەنێوان ئەم لایەنە سیاسییانەی كوردستاندا.

- دەستكەوتەكانی ئەدهەم بارزانی دوای 7 مانگ لەدەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی

ئەدهەم بارزانی پێش حەوت مانگ وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستبەكاربوو. لە بارەی دەستكەوتەكانی و كارنامەی كارەكانییەوە لەو ماوەیەدا گوتی: ماوەی حەوت مانگ و 11 رۆژە لەم دەڤەرە دەستبەكاربووم، لەسەرەتای دەستبەكاربوونمەوە ئاماژەم بەدوو سێ‌ خاڵی سەرەكی كرد، یەكێكیان بریتی بوو لە بەهێزكردن و رێكخستنەوەی دووبارەی رێكخستنەكانی پارتی و بەهێزكردنیان. هەروەها بابەتی یەكڕیزی ناوماڵی كورد كە هەوڵ دەدەین و تێدەكۆشین بۆ ئەم یەكڕیزیە، خاڵێكی تر ئەوەی پێمان بكرێت لە خزمەتكردنی ئەم دەڤەرە و خەڵكی ئەم دەڤەرە هەر چییەكمان لەدەست بێت دەیكەین. لە خاڵی یەكەمدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری بەسەر رێكخستنەكانی پارتی لەم سنوورە هاتووە و لە گۆڕینی كۆمەڵێك بەرپرس و هێنانە پێشەوەی كەسانی تر وەك بەرپرس لەم سنوورەدا، هەروەها دۆزینەوەی خاڵە لاوازەكانی رێكخستنەكانی پارتی و دەستنیشانكردنی زۆرێك لەو خاڵە لاوازانە. لە هەمان كاتیشدا هەوڵماندا ئەو خاڵە لاوازانە نەمێنن و خاڵە بەهێزەكان بەهێزتر بكەین، تاڕادەیەك وەك بەرپرسی یەكەم لەم سنوورەدا رازیم لەو كارانەی لێرەدا لەم ماوەیەدا ئەنجام دراون. گوتیشی: لە بارەی یەكڕیزی ناوماڵی كوردەوە لە دەستپێكیشدا زۆرجار ئاماژەم پێكرد و بەتەماش بووم كە گرفتی گەورە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان كە ئەو گرفتە بوو لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاتە كایەوە. لە دەستپێكیشدا هەوڵمدا كە ئەو گرفتە چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە، ئامادەش بووم و باسیشم كرد لەگەڵ گەرماوگەرمی هێرشی راگەیاندنیش بۆسەر یەكتر لەلایەن ئەم دوولایەنەوە من رامگەیاند كە ئامادەین پێشوازی لەهەر وەفد و كەسێك لە بزووتنەوەی گۆڕان بكەین كە بێن بۆ بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی و پێشوازیان لێبكەین، بەڵام بەداخەوە لە وەڵامی ئەم چاوپێكەوتنانەی ئێمەدا بابەتەكەیان هەر زۆر قەتعی كرد و بەشێوەیەكی قەتعی گوتیان هیچ یەكێك لە ئێمە وەك گۆڕان ئامادەنین سەردانی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی بكەین كە پێم وایە ئەوە بەهیچ شێوەیەك پێویست نەبوو بگوترێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان خراپتر نەبن لە كاتێكدا گوتم ئەگەر بێن بەخێر بێن و ئەگەر نەشیەن هەر بەخێربێن و ماڵی خۆیانە. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵماندا لەگەڵ سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی پارتی و دواتریش خودی جەنابی سەرۆكی پارتیشمان لە شارۆچكەی باشیك ئاماژەی پێكرد و فەرموویان كە پێویستە دانوستاندن لەنێوان هەموو حزبەكانی كوردستان دەست پێ بكات بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە. هەمیشە نیەتی پارتی ئەوەبووە كە ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەبێت یەكڕیزی ناوماڵی خۆمان بپارێزین، مێژووش ئەوەی بۆ ئێمە چەسپاندووە كە هەركاتێك كورد ناكۆك بێت هەموو كێشەكانی لە ناكۆكییەوە دەستی پێكردووە و هەموو هەل و دەستكەوتەكانی كورد لە ناكۆكییەوە لەدەست چووە و سوودیان لێوەرنەگیراون. لەم قۆناغەشدا سوپاس بۆ خودای گەورە و ئومێدەوارین ئەو هەوڵانە بەردەوام بێت و ئەو دانوستاندنەی دەستی پێكردووە ئەنجامی هەبێت و ئێمەش لەم دۆخە دەرباز ببین بۆ دۆخێكی تر كە ئەم میللەتە چاوەڕێی لە حزبەكانی خۆی دەكات و بڕیارێكی دروست لە بارەی داهاتووی ئەم میللەتە و سەربەخۆیی كوردستان و چارەسەركردنی ئەم قەیرانانەی كە ئێستا لە كوردستان هەیە و ئومێدەوارین پێكەوە چارەسەری ئەم بابەتانە بكرێت.

- غەدرێكی گەورە لەم سنوورە و جەماوەرەكەی كراوە

بەرپرسی یەكەمی پارتی لە سلێمانی رەخنە لە نەمانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سنوورەكەدا دەگرێت و بەغەدرێكی گەورەی لە سنوورەكە و دانیشتوانەكەی دەزانێت و حزبەكان تۆمەتبار دەكات. ئەو لەو بارەیەوە گوتی: كارەكانی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و تاڕادەیەك كەركووكیش زۆر لاواز بووە و زۆر كەمبوونەتەوە و غەدرێكی گەورە لەم سنوورە و جەماوەری ئێرە كراوە و بوارەكانی ژیان لەم سنوورەدا زۆر لاوازن و جیاوازن لەگەڵ شوێنەكانی تری كوردستان كە دەبوایە خزمەتگوزارییەكی زیاتر لێرە بكرێت، تەنها لەم رۆژانەی رابردوودا یەك دوو پڕۆژەی گەورە لەم سنوورەدا كراونەتەوە و تاڕادەیەكی زۆر ئینشائەڵڵا لەسەر بابەتەكانی پێشكەوتنی ئەم سنوورە كاریگەری دەبێت. وەك ئەنجوومەنی سەردایەتی پارتی چەندجار كە دانیشتوین لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گرنگییەكی زۆرمان داوە بەژیان و بژێوی خەڵكی ئەم دەڤەرە و جەنابیشیان زۆر لە بابەتەكانی بۆ روون بۆتەوە و گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی كە هەر كات حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە تێپەڕێت دەبێت بەرنامە و پڕۆژەی زیاتر بۆ ئەم دەڤەرە پێشكەش بكرێت و خزمەتێكی زیاتری بكرێت، ئومێدەوارین بەهەموو لایەنە سیاسیەكان بتوانین خزمەتی زیاتری ئەم دەڤەرە بكەین.

- ململانێ‌ سیاسییەكەی ئەم سنوورە هۆكارە لەسەر نەبوونی كاری خزمەتگوزاری

سەبارەت بەهۆكاری پەراوێزكەوتنی سلێمانی و كەمبوونەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە، بەرپرسەكەی پارتی لایەنە سیاسییەكانی شارەكە بەهۆكار دەزانێت و دەڵێت: پێم وانییە هۆكارەكە حكوومەتی هەرێم بێت، ئەوە تەحسیڵ حاسڵی وەزعی سیاسی شاری سلێمانییە، نامەوێت نەكەسێك تۆمەتبار بكەم یان لە بەكارهێنانی ئەم وشەیە جۆرێك لە بێڕێزی سیاسیم كردبێت نسبەت بەكاری ئێرە، بەڵام ئەوەی كە هەیە و من پێم وایە هەر كەسێكی سادە یان گەنجێك لە شەقامێكی سلێمانی لێی بپرسیت بۆ دۆخی ئیداری ئێرە وایە لەوانەیە ئەو وەڵامە بداتەوە. ئێمە بینیمان لەسەر بوونی پارێزگارێك لەم شارەدا ناوی سێ‌ و چوار كەس دەهێنرا، كێ‌ پارێزگارە نەمدەزانی لە ماوەیەكدا ناوی پارێزگاری سلێمانی كێیە و كامیان پارێزگاری ئەم شارەن، كاتێك دۆخی ئیداری شارێك دەگاتە ئەم ئاستە ئایا چ پێشبینی دەكرێت؟ ئەوەی كە نەزانێت خۆی پارێزگارە، ئەوەی كە پارێزگار بێت و نەزانێت چەند ماوەی تر لەسەر ئەم كورسی دەسەڵات وەك پارێزگار دەمێنێتەوە، ئەوەی كە پارێزگارە و كاتێك دادەنرێت و لە ئێوارە تا بەیانی بڕیارێكی تر دەدرێت و كەسێكی تر دەخرێتە شوێنی، یانی كەسێك بەم شێوەیە ناتوانێت ئەركەكانی خۆی بەڕێوەببات و بەرنامەی هەبێت بۆ داهاتوو، هەندێكجار وای لێهات نامەیەك لەم پارێزگایەوە دەنووسرا بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئیعتیراف بەنامەكە نەدەكرا لەبەر ئەوەی دەیانگوت ئەم نامەیە بەئیمزای فڵانە و بەشێوەیەكی نایاسایی نامەی نووسیوە، هەموو كەس دەزانێت كێشەكانی ئێرە چی بوون. هەروەها پێش ئێستاش ئەم قەیرانانەی سیاسی كەلەم سنوورەدا هەبوون كاریگەری كردووەتە سەربژێوی خەڵك و ژیانی خەڵك و كەمبوونی بابەتە خزمەتگوزارییەكان لە سنوورەكەدا، من زیاتر ململانێ‌ سیاسییەكەی ئەم سنوورە بەهۆكار دەبینم لەسەر نەبوونی كاری خزمەتگوزاری لەم سنوورەدا.
- هەر ململانێ‌ و ئاڵۆزییەك لەنێوان وڵاتانی ناوچەكەدا زیانی بۆ ئێمە دەبێت
لە بەشێكی تری دیمانەكەدا و لەبارەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و رووسیا و عێراق و ئێران و دەرەنجامی سەردانی داهاتووی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەدهەم بارزانی لە وەڵامدا گوتی: هەر ئاسایبوونەوەیەك لە پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی ئەم دەڤەرە لەگەڵ یەكتر بەكارێكی باشی سیاسی و ئەنجامەكەشی باش دەبێت بۆ ئێمە و هەموو لایەنەكان كە ئێمە وەك دراوسێ‌ و وەك میللەت و چەند نەتەوەیەك لێرە پێكەوە دەژین، دوێنێ‌ كە ململانێیەك لەنێوان ئێران و توركیادا هەبوو كاریگەری خۆی دەبوو تەنانەت لەسەر هاوكێشە سیاسییەكانی ناوخۆی ئەم بەشەی باشووری كوردستان. لە دوای دروستبوونەوەی كێشەی نێوان رووسیا و توركیا لە پاش خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی سەربازی رووسی لەلایەن توركیاوە، ئەم كێشەیە وای كرد هەندێكجار مەترسی روودانی شەڕیشی لێبكەوێتەوە كە شەڕێك لەم دەڤەرەدا یان لە باكووری كوردستان شەڕێك رووبدات یان لە توركیا و رووسیا، هەرجۆرە شەڕێكیش لەم سنوورەدا ئەگەر لەناوجەرگەی كوردستانیش نەبێت بەڵام پریشكی ئەم شەڕە بەسە بۆ ئەوەی ئێمە پێی بسووتێین یان ئازار بۆ ئێمە دروست بكات. چارەسەربوونی كێشەكانی نێوان توركیا و رووسیا ئەو بڕیارەی لە كۆتایی دایان لە بارەی بارودۆخی سووریا و ئەو ئاگربەستەی ئێستا لە سووریا هەیە ئەوەش كارێكی باش بوو، بەكارێكی باش زانرا لەنێوان رووسیا و توركیا و وڵاتی ئێرانیش لەگەڵیان بوو كە شەڕ بووەستێت، هەر نائارامیەك لەم سنوورانەدا دروست بێت ئێمە هەمووان پێكەوین كە لە چەند نەتەوەیەك پێك هاتووین كورد و عەرەب و فارس و تورك، بەڕاستی هیچ چارەیەك نییە و دەبێت پێكەوە بژین و بەرنامەشمان هەبێت بۆ ئایندە. گوتیشی: كێشەیەك هەیە لەم سنوورە ئەوەش راستیە كە كێشەی چەندین ساڵەیە ئەویش دابەشبوونی خاكی كوردە بەناوی كوردستان لەناو ئەم چوار دەوڵەتە و تا ئەم كێشەیەش چارەسەر نەكرێت بابەتەكانی ئەم سنوورانە و گرفتەكانی ئەم دەوڵەتانە چارەسەر نابێت و خۆشیان ئارامی بەخۆیانەوە نابینن، چۆن كەسێكی فارس دەیەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی خۆیدا كە ئێرانە بژی توركیاش دەیەوێت لە چوارچێوەیەكی دەوڵەتێكی خۆیدا بژیت، ئێمە وەك عێراق گەلی عەرەبمان هەیە لە سووریاش گەلی عەرەب هەیە دەیانەوێت بەدەوڵەت بژین، ئێمەش وەك گەلی كورد دەمانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی خۆمان بژین. ئێمە بە سێ‌ نەتەوەكەی تر دەڵێین كە ناتوانین بەبێ‌ ئێوە بژین، بۆیە بابتوانین لەم شوێنە جوگرافیایەدا پێكەوە بژین و لەم چوارچێوەیەدا بەرژەوەندییەكانی یەكتر بپارێزین، مافی خۆمانە و هەر دەبێت رۆژێك لە رۆژان لە چوارچێوەی كوردستانێكی سەربەخۆی گەورەدا بەم مافە شاد بین، ئەگەر شاد نەبووین بەم مافە ئەوا گومانی تێدا نییە كە عاجزی و ناڕەحەتی و كێشە و گیروگرفت بۆ نەتەوەكانی تر دروست دەبێت كە لە ئەنجامیدا گرفت بۆ جیهان دروست دەبێت.

- ئێستا چەندین شار لە باكووری كوردستان وێرانن

بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆتایی دیمانەكەدا و لە بارەی سەردانی داهاتووی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها دۆخی شارە كوردییەكانی باكووری كوردستانەوە گوتی: هیوادارین بەهاتنی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ بەغدا و هەرێمی كوردستان و هەموومانیش پێكەوە بتوانین چارەسەرێك بۆ بارودۆخی ئێستای كورد بدۆزینەوە. لە باكووری كوردستان هەڵەیەكی گەورە كرا كە شەڕ كەوتە ناو شارەكان و وێرانییەكی تەواو لە شارەكان پەیدابوو، بەهیچ شێوەیەك دروست نییە تۆ شەڕ بخەیتە ناو ئەرز و عەیالدا و ناوجەرگەی شاردا كە شوێنی ژیانە. ئەگەر شەڕیش هەبێت كە تا دوێنێ‌ شەڕ لە چیاكان و لەو شوێنە عەسكەریانەبوو، بەڵام ئەو شەڕەی لە پارساڵ و ئەم دواییە لە باكووری كوردستان كرا كاریگەرییەكی خراپ و گورزێكی گەورەی لە پێگەی كورد داوە، هەروەها لە پێگەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كورد داوە و ئێستا چەندین شار لە باكووری كوردستان وێرانن و خەڵكەكەی ئاوارەبوون و ژیان نەماوە و شوێنەكانی ئابووری و پێگەكانی ئابووری لەناوچووە و خەڵك لە ژیانێكی خراپدا دەژین. گوتیشی: ئومێدەوارین ئەو سەردانەی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لە چوارچێوەی چارەسەركردنی ئەم بابەتانەدا بێت، هەوڵێكی زۆردرا لەلایەن توركیاوە كە هەندێك لەو هەوڵانە دەبێت بەرز بنرخێنرێت كە باسی كێشەی كورد كراو هەنگاو نرا، دەزانین دۆخێكی تایبەتی لە توركیا و باكووری كوردستان هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی ئاشتی دەبێت لەسەرەوەی هەموو دەنگەكانی ترەوە بێت، ئێستا دنیا پێویستی بەسیستمێكی نوێ‌ هەیە و شەڕوكوشتن بێ‌ مانا بووە، ئومێدەوارین سەردانەكە ببێتە هەنگاوێكی باش و لە رووی ئابووریشەوە هاوكارییەكی زیاتر لەنێوان كوردستان و توركیا بێتە ئاراوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌