2016-12-29

ساسان دەروێش/ هۆڵەندا

كەناڵێكی هەواڵی تیڤی بەناوبانگی هۆڵەندی بۆ لە نزیكەوە ئاشنابوون لە ئازایەتی و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گواستنەوەی وێنەو گفتوگۆكانیان بۆ نێو كۆمەڵگەی هۆڵەندی، سەردانی یەكێك لە میحوەرو سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە نزیك شاری مووسڵ و لە چاوی كامێراكەیانەوە هەڵمەت بردنی شێرئاسایانەی پێشمەرگە و پاكردنەوەی سنوورەكانی كوردستان لە تیرۆریستان و لە ئامێزگرتن و هاوكاریكردنی ئاوارەكانی شارەكەو دەوروبەری كردە میوانی بینەرانی كەناڵەكەیان لە هۆڵەندا، كە لە دوو ساڵی ڕابردووی جەنگی تیرۆریستانی داعش دژی هەرێمی باشووری كوردستان وتێكشكاندنیان بەدەست و بازووی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تۆماركردنی داستانە مێژووییەكانیان و سەرلەنوێ نووسینەوەی سنوورەكانی كوردستان بەخوێنی ئاڵ و گەشیان هەموو مرۆڤایەتی و ئازادیخواز و دیموكراتی سەرسام بوون بەئازایەتی و قارەمانیەتی و خۆڕاگری پێشمەرگە و ناویان بووە سەردێڕی هەموو ئاژانسە جیهانیەكانی وڵاتانی زلهێزەكانی دنیاو یەكێتی ئەوروپا بەگشتیش بوونە پاڵپشتی و هاوكاری پێشمەرگە و لەو پێناوەشدا زۆر لە دڵسۆزانی كوردستان بوونە پێشمەرگە لە ناوەوە و تاراوگە گیانی خۆیان كردە خەڵات و پێشكەشی ئازادی كوردستان. یەكێكیش لە پێشمەرگە ماندوونەناسەكانی تاراوگە بەڕێز لوقمان حەسەن مەحمودە كە لە هۆڵەنداوە لەگەڵ پۆلێك لە پێشمەرگە دێرینەكان بەدەم هاواری نیشتیمان و پارێزگاریكردن لێی گەڕانەوە و بوونە پێشمەرگە، بەداخەوە هەندێكیان شەهید بوون و گەیشتنە كاروانی شەهیدانی كوردستان و ڕێبازە پیرۆزەكەی پارتی و بارزانی. لەو ڕاپۆرتە هەواڵیەی تیڤییە هۆڵەندییەكەدا ئەوەی بە دەردەكەوێت بەڕێز لوقمان حەسەن مەحمودە كە بە زمانی هۆڵەندی لەگەڵ پەیامنێرەكە دەدوێت و باسی سەركەوتن و قارەمانیەتی پێشمەرگەیان بۆ دەكات لەگەڵ گواستنەوەی وێنەكان كە خۆیان ئەدوێن لە ئازادكردن و پاككردنەوەی ناوچەكان بەتایبەتیش ناوچە جێنیشینەكانی مەسیحیەكان و بەرزكردنەوەی جارێكی تری سەلیبی رەمز و سیمبولی دینەكەیان. بۆ زیاتر ناساندنی شێرەكوڕان و قارەمانانی بەرگری لە خاكی كوردستان و سەربازانی ونی پارێزەرانی گەل و نیشتیمان، لە دیدارێكی تایبەتدا بەڕێز پێشمەرگەی دێرین لوقمان حەسەن بۆ ڕۆژنامەی خەبات دوا:
لوقمان حەسەن سەرەتا گوتی: ئێمە لە دەڤەری بادینان لەنێو خەڵكدا بە ماڵی حەسەن مەحمود بەزاز بەناوبانگین، باوكم لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگی مێژوویی لە دەڤەری بادینان بینیوە لە سەرخستن و كۆكردنەوەی دڵسۆزان لە دەوروبەری پارتیمان و پێشمەرگەو كادیرێكی لێهاتووو بە وەفای ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر بوو، هەر بەوهۆیەشەوە نزیكەی چوار ساڵ زیندانی كراو دوورخرایەوە بۆ خوارووی عێراق. لە پاش گفتوگۆی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بەلێبوردنی گشتی حكومەت ئازادكرا، پاشان كەوتەوە كارو چالاكی و پێشمەرگایەتی و بەشداری هەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلول و گوڵانی نیشتیمانخوازی كرد و بەپلەكانی پارتایەتیدا تێپەڕبوو لە وەرگرتنی پۆستەكانی حیزب تا گەیشتە ئەوەی بووە نوێنەری پارتی لە بەغدا و چەندین سەردانیشی كردووە بەنوێنەرایەتی بارزانیی نەمر لە دەرەوەی وڵات. ئێمەش خۆمان لە نێو ئەم بنەماڵەیەدا بینیوەو چاومان بە شۆڕش و پێشمەرگە كرایەوە، ماڵێكی پڕاوپڕ لە خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و كوردایەتی و پارتی پەروەری گۆشكراوین، خۆم و براو كەسوكارمان، ئێمە بەهەمیشەیی لە نێو ماڵباتی خۆمان پشتاوپشت خزمەت دەكەین هەروەكو باوكم كردی و ئەمڕۆش من لەمەیدان دام و سبەش كوڕی من دەیكات هەتا كوردستان بەئاوات و سەرفرازی و دەوڵەت بوون دەچێ. خۆشحاڵم ئێستا مناڵەكانم هەمان ڕێبازیان گرتۆتەبەر و خزمەتی كوردستان و پارتی دەكەن، ئەوەتا كوڕی من گۆهدار بۆتانی بەرپرسی یەكێتی قوتابیان و لاوانی كوردە لە هۆڵەندا و لە نێو كوردانی تاراوگە و قوتابیان و گەنجان پەیام وپرسی نەتەوەیی كورد دەگەیەنن بە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە كە بەشێكن لە بڕیاردان لەگەل زلهێزەكانی دنیا. لەدوای ڕاپەڕینیش قەدەر ئێمەی هێنایە ئەم وڵاتەو بووینە نیشتەجێی وڵاتی هۆڵەندا، هەمیشە دڵم لەلای كوردستان بوو كەی بگەڕێمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاوم لەسەر منداڵەكانم بوو كە بخوێنن بەڵكو لە داهاتوودا بتوانن لە كوردستان خزمەتی پێ بكەن، سوپاس بۆ خوای گەورەو پەروەردەكردنێكی جوانی خۆم و گەیاندنی هەست و سۆزی كوردایەتی بۆیان هەمان ڕێچكەیان بڕی وخزمەت دەكەن، بۆیە توانیم لەساڵی 2011 بگەڕێمەوە كوردستان ولە نێو ڕێزی پێشمەرگە كاربكەم و بەردەوام بم، بەداخەوە شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕوویان لەهەرێمی باشووری كوردستان كرد، بەڕۆحیەتی كوردایەتی و پێشمەرگایەتی لەنێو هێزی پێشمەرگە لەسەنگەرەكان ڕووبەڕوویان بووینەوە تاكو ئێستاش پارێزگاری لە خاكی كوردستان دەكەم، چونكە ئەم خاكە پیرۆزە قبوڵی بێگانەو داگیركاری ناكات، ئێمەی پێشمەرگە لەهەر كوێیەكی دنیابین خۆشەویستی نیشتیمان و كوردستان لەدڵمان دایە و ئامانەتی مناڵەكانیشم و كەسوكارم لەهۆڵەندا خستۆتە ئەستۆی نیشتیمان و بۆ هەمیشە دووربووم لێیانو زۆر بەكەمی گەڕاومەتەوە بۆ سەردانیان، سوپاسیان دەكەم خۆیان كاروباری خۆیان بەباشی بەڕێوەدەبەن.
لوقمان لە دوای ساڵی 2011 بڕیاری دا بگەڕێتەوە و بچێتە نێو ڕێزەكانی ‌هێزی پێشمەرگە لەڕوانگەی ئەو هەستەی كە بزواندویەتی بۆ گەڕانەوە پێی گوتین: لەو كاتەدا گەڕامەوە، لە پشتی ئەو ئازادییەی لە كوردستان هەبوو وەك ئامانەتێك دەبوو بگاتە جێگای خۆی و دەستبەرداری نەبین و پارێزگاری لێ بكەین. ئاواتی منیش تەنها پێشمەرگایەتی بوو بتوانم خزمەتی بكەم، بۆیە ئەو بڕیارەم دا، كاتیكیش من لەوێ بووم گوێبیستی ئەوەبووین كە تیرۆریستانی داعش لە وڵاتانەوە ڕوویان لە كوردستان كردوەو هەموو بەئەزموونن، بۆیە ئێمەش بڕیاری خۆمان دا كە ئێمەش لە دەرەوە هاتووین و ئەزموونی پێشمەرگایەتی خۆمانیان نیشان ئەدەین كە چۆن وەك بەفر لەئاست گەورەیی پێشمەرگەدا توانەوە. كوردستان پێویستی بە ئێمەبوو كە دەبێت بەدەم هاواریەوە بچین، لەگەڵ ئەوەشدا برینداریش بووین و گەر شەهیدیش بین جێگای شانازییە بۆ ئەوەی نەوەكانی دوای خۆمان بەئازادی لەسەرخاكی خۆیان بژین. هاتنی هۆڵەنییەش بۆ من فرسەتێكی زێرین بوو بتوانم پەیامی پێشمەرگایەتی بگەیەنمە نێو ماڵە هۆڵەنداییەكان كە كوردستان خۆشەویستەو ئێمەی كورد لە هەر كوێیەكی دنیابین داكۆكی لێ دەكەین و دەیپارێزین، هەتاكو تەمەن ڕێگامان پێ بدات پێشمەرگەین و گەلەكەمان لەبەرەی شەڕی دژی تیرۆری جیهانی دایە لەسەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تیرۆرەیە كە مەترسی لەسەر كۆی مرۆڤایەتی دروست كردووە، پێشمەرگە لەگەڵ سەختی ژیان، خاك و گەلی كوردستان دەپارێزێ، بەنوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕی ئەو تاقمە خوێنڕێژە دەكات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌