2016-12-20

خەبات – رانیار دڵشاد

ڕۆژی 16/12/2016  لە زانكۆی نیۆرك فیلم ئەكادیمی كۆمەڵێك فیلمی كوردی بە ئامادەبوونی بەشێك لەكوردانی دانیشتووی كالیفۆرنیا و كۆمەڵێك قوتابی و مامۆستای زانكۆ و ژمارەیەك لە فیلمساز و میوانی ئەمریكی نمایشكران، خەبات بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەبارەی نمایشكردنی ئەو فیلمە كوردییانە پەیوەندی بە دەرهێنەری كوردی بەشداربوو خالید حەمەلاو كرد و گوتی: سەرەتا نوێنەری زانكۆی ناوبراو دەیڤد نیومان وتەیەكی پێشكەش بە ئامادەبووان كردوو تیایدا ئاماژەی دا بەوەی خۆشحاڵە كۆمەڵێك فیلمی كوردی لە هۆڵیود نمایش دەكرێت و گوتی ئەمە یەكەمین جارە فیلمی كوردی دەبینن و هیوایان خواست دواهەمین چار نەبێت، پاشان پرۆفیسۆر ئەمیر شەریفی كورتەیەكی سەبارەت بە نمایشەكە و فیلمە بەشداربووەكان بۆ ئامادەبوان ڕوونكردەوە.
لەبارەی تەوەری دووەمی بەرنامەكەشەوە گوتی: تەوەری دووەمی بەرنامەكە نمایشی فیلمەكانی لەخۆگرتبوو كە تیایدا حەوت كورتە فیلم نمایشكران،ئامادەبووان پەیوەندییەكی زۆرباشیان لەگەڵ فیلمەكان هەبوو و تادوا ساتەكان لەگەڵ تەواوی فیلمەكان مانەوە، لە بەشی كۆتایی چالاكییە فەرهەنگییەكەدا دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ خالید حەمەلاو یەكێك لەدەرهەێنەرە بەشداربووەكان بە هاوكاری نوێنەری زانكۆ دەیڤد نیومان  و بەڕێز پرۆفیسۆر ئەمیر شەریفی كرایەوەو .. سەرەتا دەیڤد ئاماژەی بەوەدا ئێمە پێشتر زانیارییەكی ئەوتۆمان لەسەر سینەمای كوردی نەبوو ،بەڵام زۆر شتمان بینی و لە زۆر گۆشەوە توانیمان كورد و كوردستان بناسین .
هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە لەو بارودۆخە و بەو ئیماكانیاتە بچوكانە بەبەراورد بە ئەمریكا، خەڵكانێك دەتوانن بە توانای بچووك چیرۆكی مەزن و ئینسانیمان نیشان بدەن.
ئەو كۆمەڵێك ڕووبەڕوی دەرهێنەر خالید حەمەلاو كردووە سەبارەت بە مێژووی سینەمای كوردی و ڕەوشی فیلمسازی كوردی و بارودۆخی سینەما و دۆخی كەسی دەرهێنەر و فیلمسازانی كوردستان كرد ..
لەڕێ پرسیارەكانەوە خالید حەمەلاو ئاماژەی بۆ مێژووی سینەماكرد و گوتی:   بە حوكمی بارودۆخی سیاسی و سەپاو بەسەر كورد و وەك میللەت و كوردستان و وەك وڵاتێكی لەت لەتكراو، سینەمای كوردی خەسڵەتێكی شۆڕشگێڕانەی هەبووە و هەیە و ئەم مێژووە لە یەڵماز گوینەی یەوە دەست پێدەكات .. دەرهێنەر زیاتر ئاماژەی بەوەدا كە فیلمسازانی كورد لەبارودۆخی سەختدا فیلم دروست دەكەن، گوینەی لە زیندان بوو بەهاوكاری ئیلیا كازان فیلمی یوڵی دروستكرد.
هەروەها لە وەڵامی پرسیاری یەكێك لە ئامادەبووان كە پرسی ئێوە لەو دۆخە چۆن دەتوانن فیلم دروست بكەن، دەرهێنەر گوتویەتی بەڵێ ئێمە ئەو چرایەی ناوی چرای ئەفسوناوی سینەمایە هەڵمانكردووە و ڕێی خۆمان پێ ڕۆشن دەكەینەوە و لەڕێیەوە ئازارەكانمان، داوا و مافەكانمان نیشانی جیهانی دەرەوە و مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازان دەدەین، چراكەمان بە دەستەوەیە و داینانێین و ئێستا ئیتر بزووتنەوەیەكی جدی سینەما دەستی پێكردووە و زۆر بەهێزەوە بەتەكانی گورج و خێرا دەچێتە پێشەوە. 
لە كۆتاییا دەیڤد نیومان كە مامۆستای دەرهێنانە لەزانكۆی ناوبراو ووتی ئێمە پێشتر هیچمان دەربارەی سینەمای كوردی نەدەزانی و زۆر شت سەبارەت بە كورد و سینەماكەی ئاشنا بووین،هەروەها لەكۆتاییدا دەرهێنەر خالید حەمەلاو بەناوی ئامادەبوانەوە داوای دەستبەجێ ئازادكردنی بۆ كەیوانی كەریمی كرد كە ماوەی هەشت مانگە لە زیندانەكانی ئێراندایە لەسەر كاری دروستكردنی فیلمێك زیندانی كراوە.
ماوەتەوە بڵێین میوانان و فیلمسازە ئەمریكییەكان دەستخۆشی زۆریان بۆ شێوازی كاری فیلمسازانی كورد كرد و  هیوای سەركەوتنیان بۆ فیلمسازان خواست لە خەباتی ڕەواو ئینسانییان.
لەبارەی ماوەی چالاكییەكە خالید حەمەلاو بە (خەبات) ی گوت: كۆی چالاكییە فەرهەنگییەكە سێ كاتژمێری خایاند و لە كۆتاییدا بەشێك لە میوانە ئەمریكییەكان هیوایان خواست ئەم چالاكییە گەورە و فراوان بكرێت و لەزۆر جێگای تری ئەمریكا فیلم و سینەمای كوردی نیشانی خەڵكی بدرێت. ماوەتەوە سوپاسی تایبەت  هەموو ئەو دەرهێنەرانە بكەین كە بە فیلمكانیان  پشتیوانی سەرخستنی چالاكییەكە بوون .. هەروەها سوپاسی تایبەت بۆ ڕادیۆی كوردی ئەمریكا ڤۆك ڕادێۆ و كوردانی دانیشتووی كالیفۆرنیا كە بەشێوەیەكی زۆر جدی پشتیوانی سەرخستنی پرۆژەكە بوون .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌