2016-12-19

جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬لێژنەی‮ ‬پیشەسازی‮ ‬و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی‮ ‬كوردستان،‮ ‬دڵشاد شەعبان زانیاریی‮ ‬نوێ و ورد لەسەر كەرتی‮ ‬و وزەی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان ئاشكرا دەكات‮. ‬لەوبارەیەوە شەعبان سەرەتا باس لە ئاستی‮ ‬هەناردەكردنی‮ ‬نەوتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان دەكات و دەڵێت‮: ‬ئێستا هەرێمی‮ ‬كوردستان رۆژانە نزیكەی‮ ‬550 هەزار بەرمیل لەرێگەی‮ ‬بۆرییەوە هەناردە دەكات و نەوتی‮ ‬كەركووكیش لەنێوان‮ ‬40 بۆ‮ ‬50 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات،‮ ‬خۆی‮ ‬لە راستیدا‮ ‬100 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركووكەوە هەناردە دەكرێت،‮ ‬بەڵام بەپێی‮ ‬رێككەوتنی‮ ‬نێوان حكوومەتی‮ ‬هەرێم و عێراق نەوتی‮ ‬كەركووك نیوە بە نیوە دەبێت و بەو پێیە لەو‮ ‬100 هەزارە‮ ‬40 بۆ‮ ‬50 هەزاری‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان هەناردەی‮ ‬دەكات‮. ‬
بەرزبوونەوەی‮ ‬نرخی‮ ‬نەوت
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی‮ ‬نرخی‮ ‬نەوت بەراورد بەچەند مانگی‮ ‬رابردوو،‮ ‬و دەستبەردارنەبوونی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێم لەسەر پاشەكەوتكردنی‮ ‬مووچەی‮ ‬فەرمانبەران،‮ ‬دڵشاد شەعبان دەڵێت ئێستا ئێمە وەكو هەرێمی‮ ‬كوردستان چەند بڕی‮ ‬بەرهەمی‮ ‬نەوتی‮ ‬خۆمان زیاد بكەین،‮ ‬بەپێی‮ ‬ئەو رێژەیە كۆمپانیا نەوتییەكان داوای‮ ‬هەقدەستی‮ ‬خۆیان دەكەن و ئەوەش شتێكی‮ ‬سروشتییە و مافی‮ ‬خۆیانە و لە گرێبەستەكانیشدا جێگیركراوە بەوەی‮ ‬چەند بەرهەمی‮ ‬نەوت زیاد بكرێت ئەوەندە هەق دەستی‮ ‬كۆمپانیاكانیش دەبێت زیاد بكرێت،‮ ‬بەڵام تا ئێستاش كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی‮ ‬كوردستان هەقدەستی‮ ‬خۆیان وەكو مافی‮ ‬سروشتی‮ ‬خۆیان وەرنەگرتووە،‮ ‬ئەوەش بەپێی‮ ‬ئەو لێكتێگەیشتنەیە كە لەنێوان حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان هەیە،‮ ‬هەروەها متمانەی‮ ‬كۆمپانیا نەوتییەكان بە حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان‮. ‬
لە درێژەی‮ ‬قسەكانیدا لەسەر ئەو پرسە دڵشاد شەعبان روونی‮ ‬دەكاتەوە‮: ‬بەگشتی‮ ‬رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان كراون كە مانگانە بڕی‮ ‬90 ملیۆن دۆلار لە داهاتی‮ ‬نەوت بدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكان،‮ ‬جگە لەوەش حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان لە ساڵی‮ ‬2014 بۆ پێدانی‮ ‬مووچە نزیكەی‮ ‬دوو ملیار و‮ ‬800 ملیۆن دۆلاری‮ ‬لە كۆمپانیا نەوتییەكان قەرز كردووە،‮ ‬چونكە بوودجەی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان لەناكاو بڕا،‮ ‬ئەو كاتیش بەرهەمی‮ ‬نەوتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان رۆژانە‮ ‬120 هەزار بەرمیل نەوت بوو،‮ ‬بۆیە نە داهاتی‮ ‬نەوت و نە داهاتی‮ ‬ناوخۆ بەشی‮ ‬دەكرد بۆ دابینكردنی‮ ‬مووچە،‮ ‬بۆیە حكوومەتی‮ ‬هەرێم ناچار بوو قەرز بكات،‮ ‬جگە لەوەش هەندێك پارەی‮ ‬دیكەی‮ ‬لە كۆمپانیا ناوخۆییەكان بۆ مووچە قەرز كرد،‮ ‬لەسەرەتای‮ ‬ساڵی‮ ‬2016ش بە حوكمی‮ ‬ئەوەی‮ ‬نرخی‮ ‬بەرمیلێك نەوت بۆ نزیكەی‮ ‬25 دۆلار دابەزی‮ ‬بەمەش كۆمپانیا نەوتییەكانی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان نەیانتوانی‮ ‬كار بكەن،‮ ‬چونكە تێچووی‮ ‬بەرهەمهێنان و دەرهێنانی‮ ‬بەرمیلێك نەوت نزیك بوو لە نرخی‮ ‬فرۆشتنەكەی،‮ ‬بەمەش حكوومەتی‮ ‬هەرێم ناچار بوو هەندێك گرێبەستی‮ ‬موستەقبەلی‮ ‬ئیمزا بكات،‮ ‬واتە حكوومەتی‮ ‬هەرێم‮ ‬500 ملیۆن دۆلاری‮ ‬لە هەندێك كۆمپانیا وەرگرت و بەرامبەر بەوە ناچار دەبێت لە ئایندەدا نەوتییان پێ بدات‮. ‬
نزیكەی‮ ‬250 ملیۆن دۆلار موستەحەقاتن
ئەندامەكەی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستان دەشڵێت‮: ‬ئێستا حكوومەتی‮ ‬هەرێم ئەو قەرزە كۆنانە و ئەو نەوتەی‮ ‬بۆ ئەو كۆمپانیایانەی‮ ‬كە گرێبەستی‮ ‬موستەقبەلیی‮ ‬لەگەڵیاندا ئەنجامداوە كێشەن بۆ هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬ئەگینا داهاتی‮ ‬نەوتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان ئێستا مانگانە نزیكەی‮ ‬650 ملیۆن دۆلار دەبێت،‮ ‬ئێستا نرخی‮ ‬بەرمیلێك نەوت كە نزیكەی‮ ‬50 دۆلارە پێشبینی‮ ‬دەكەین داهاتی‮ ‬نەوتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان لە مانگی‮ ‬داهاتوو بگاتە‮ ‬700 بۆ‮ ‬750 ملیۆن دۆلار ئەگەر نرخی‮ ‬بەرمیلی‮ ‬نەوت لەو ئاستەدا بمێنێتەوە‮. ‬ناوبراو زیاتر لەسەر ئەو پرسە قسە دەكات و ئاشكرای‮ ‬دەكات‮: ‬كێشەكە لەوەدایە كە‮ ‬90 ملیۆن دۆلار مانگانە بەبێ‮ ‬یەك و دوو بۆ هەقدەستی‮ ‬كۆمپانیا نەوتییەكان تەرخان دەكرێت،‮ ‬لەنێوان‮ ‬150 بۆ‮ ‬190 ملیۆن دۆلار مانگانە دەدرێت وەكو ئیستیحقاقاتی‮ ‬پێشووتر لەسەر هەرێمی‮ ‬كوردستان و ئەو پارەیەی‮ ‬پێشتر وەریگرتوون،‮ ‬بۆیە ئەگەر حیسابی‮ ‬بكەین مانگانە نزیكەی‮ ‬250 ملیۆن دۆلار موستەحەقاتن و دەبێت مانگانە بدرێن،‮ ‬بۆیە ئەوانە دەبێت بدرێن،‮ ‬ئەگەر نەدرێن لە دادگای‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬تووشی‮ ‬كێشە دەبین و رەنگە خەرجییەكی‮ ‬زیاتر بكەوێتە سەرمان‮. ‬
بوژانەوەی‮ ‬كەرتی‮ ‬پیشەسازی‮ ‬و كشتوكاڵی
لەبارەی‮ ‬قەرزەكانی‮ ‬سەر حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬لێژنەی‮ ‬پیشەسازی‮ ‬و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان،‮ ‬دڵشاد شەعبان لە هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی‮ ‬ئانادۆڵو گوتی‮: ‬ئەوەی‮ ‬دڵخۆشكەرە ئەو قەرزانەی‮ ‬لەسەر حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان هەبوو،‮ ‬بە حوكمی‮ ‬ئەوەی‮ ‬هەرێم دەیگەڕێنێتەوە قەرزەكان كەمبوونەتەوە،‮ ‬وڵاتێكی‮ ‬وەكو هەرێمی‮ ‬كوردستان كە دەوڵەمەندە بە نەوت و‮ ‬غاز و كانزاكان كە هێشتا‮ ‬یاسامان بۆ دەرنەكردووە لە پەرلەمان،‮ ‬كە ئەویش داهاتێكی‮ ‬دیكە بۆ حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان زیادە دەبێت،‮ ‬لەگەڵ ئەو چاكسازییانەی‮ ‬ئێستا دەكرێت و بوژانەوەی‮ ‬كەرتی‮ ‬پیشەسازی‮ ‬و كشتوكاڵی‮ ‬ئەو قەرزانەی‮ ‬بوونەتە ژمارە لەسەر حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان شتێكی‮ ‬زۆر گەورە نییە بە بەراورد لەگەڵ هەندێك وڵات كە هیچیان نییە و‮ ‬70 یان‮ ‬80 ملیار دۆلار و هەندێكیان تا‮ ‬200 ملیار دۆلار قەرزارن،‮ ‬بۆیە‮ ‬15 ملیار دۆلار بۆ وڵاتێكی‮ ‬وەكو هەرێمی‮ ‬كوردستان ژمارەیەكی‮ ‬ئەوتۆ نییە،‮ ‬بەڵام دەبێت لەسەر پڕۆسەی‮ ‬چاكسازی‮ ‬بەردەوام بین‮. ‬
ژمارەیەك بلۆكی‮ ‬نەوتیی
دڵشاد شەعبان زانیاریی‮ ‬نوێ لەسەر ژمارەیەك بلۆكی‮ ‬نەوتیی‮ ‬نوێ ئاشكرا دەكات كە حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بەنیازە بیانخاتە روو لەبەردەم كۆمپانیا بیانییە نەوتییەكان بۆ وەبەرهێنان تێیدا و لەو رووەوە ئاشكرای‮ ‬دەكات‮: ‬نزیكەی‮ ‬22 بلۆكی‮ ‬نەوتی‮ ‬لەلایەن وەزارەتی‮ ‬سامانە سروشتییەكانی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێم ئامادەكراوە كە بەشی‮ ‬زۆریان دەكەونە هەرێمی‮ ‬كوردستانەوە و بەشێكیان دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی‮ ‬دەرەوەی‮ ‬ئیدارەی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬بۆ ئەوەی‮ ‬بدرێت بە وەبەرهێنان،‮ ‬لەو ژمارەیە ئەگەر‮ ‬10 بلۆكیش نەوتی‮ ‬لێ دەربهێنرێت ئەوە دەستكەوتێكی‮ ‬تر دەبێت بۆ حكوومەتی‮ ‬هەرێم و كەرتی‮ ‬نەوتی‮ ‬و داهاتی‮ ‬نەوتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬بەمزووانە ئەو بلۆكانە رادەگەیەنرێن و وەبەرهێنانییان تێدا ئەنجام دەدرێت،‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان ئایندەیەكی‮ ‬روونی‮ ‬هەیە،‮ ‬بەڵام ئەوەی‮ ‬پێویستە ئیرادەیەكی‮ ‬دەستەجەمعی‮ ‬بۆ چاكسازی‮ ‬و بۆ چارەسەركردنی‮ ‬كێشە سیاسییەكان هەبێت،‮ ‬ئەمەش وا دەكات قەیرانی‮ ‬دارایی‮ ‬زۆر بە ئاسانی‮ ‬چارەسەر بكرێت‮. ‬
قەرزەكانی‮ ‬سەر‮ ‬
حكوومەتی‮ ‬هەرێم
سەبارەت بە قەرزەكانی‮ ‬سەر حكوومەتی‮ ‬هەرێمیش ئەو پەرلەمانتارە كە هاوكات ئەندامی‮ ‬لێژنەی‮ ‬دارایی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستانیشە لە درێژەی‮ ‬قسەكانیدا دەڵێت‮: ‬قەرزەكانی‮ ‬سەر حكوومەتی‮ ‬هەرێم نزیكەی‮ ‬15 ملیار دۆلارە،‮ ‬ئەوەی‮ ‬خەڵكی‮ ‬پێ دەترسێنن وا نییە،‮ ‬خۆشبەختانە ئێمە زۆر قەرزی‮ ‬نێودەوڵەتییمان لەسەر نییە،‮ ‬تەنها‮ ‬یەك ملیار دۆلاری‮ ‬توركیا نەبێت،‮ ‬جگە لەوەش ئەو دوو ملیار و‮ ‬800 ملیۆن دۆلارەی‮ ‬هی‮ ‬كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكانە،‮ ‬ئەگەرچی‮ ‬ئەمە بەشێكی‮ ‬گەڕێندراوەتەوە بۆیان،‮ ‬ئەوەی‮ ‬دەمێنێتەوە لە قەرزەكان بریتیین لە بەڵێندەران،‮ ‬كۆمپانیا ناوخۆییەكان،‮ ‬پاشكەوتی‮ ‬مووچەی‮ ‬فەرمانبەرانی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان لەگەڵ مووچەی‮ ‬چوار مانگی‮ ‬ساڵی‮ ‬2015ی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬واتە قەرزی‮ ‬وا نیین كە پابەندبین بە سوو بیگەڕێنینەوە،‮ ‬هەر پارەی‮ ‬خۆمانە،‮ ‬هی‮ ‬وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان و مووچەخۆرانن دەتوانین بە رێككەوتن لەگەڵ فەرمانبەرانی‮ ‬كوردستان بەشێوەی‮ ‬رێژەیی‮ ‬بۆ ئەوەی‮ ‬ئەو پاشكەوتەی‮ ‬هی‮ ‬فەرمانبەرانە بگەڕێندرێتەوە،‮ ‬بۆیە پێموایە كێشە داراییەكانی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان قووڵ نیین ئەگەر ئیرادەیەكی‮ ‬دەستەجەمعی‮ ‬هەبێت‮. ‬
پلانی‮ ‬حكوومەتی
هەرێم بۆ‮ ‬غاز
لە كۆتایی‮ ‬قسەكانیدا لەبارەی‮ ‬بۆریی‮ ‬نەوتی‮ ‬نێوان هەرێمی‮ ‬كوردستان و وڵاتی‮ ‬ئێران و هەروەها ئەگەری‮ ‬راكێشانی‮ ‬بۆرییەكی‮ ‬غاز لە هەرێمی‮ ‬كوردستانەوە بۆ توركیا كە قسەی‮ ‬لەسەر كراوە لەنێوان هەردوو وڵات،‮ ‬جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬لێژنەی‮ ‬پیشەسازی‮ ‬و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی‮ ‬كوردستان،‮ ‬دڵشاد شەعبان گوتی‮: ‬ئاگاداری‮ ‬ئەوەی‮ ‬ئێران نییم،‮ ‬زیاتر رەنگە بۆ بەكارهێنانی‮ ‬ناوخۆیی‮ ‬بێت وەكو وزەی‮ ‬كارەبا،‮ ‬ئەوەی‮ ‬توركیاش گرێبەستەكە كراوە،‮ ‬بەڵام هێشتا بەكردەیی‮ ‬هەنگاو نەنراوە،‮ ‬ئامانجی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بۆ‮ ‬غاز ئەوەیە ژێرخانی‮ ‬ناوخۆ دابمەزرێت وەكو راكێشانی‮ ‬غاز بۆ ماڵان و هەروەها راكێشانی‮ ‬بۆرییەك بۆ دابینكردنی‮ ‬وزەی‮ ‬كارەبا،‮ ‬پاش ئەوە پلانی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێم ئەوەیە ئەو‮ ‬غازە هەناردەی‮ ‬دەرەوە بكات،‮ ‬چی‮ ‬بۆ توركیا بێت‮ ‬یان ئێران،‮ ‬لەو بڕوایە نییم پرۆژەكە تەواو كرابێت‮.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌